چیتر دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان؟

10:07 - 2023-12-25
سلێمان مستەفا
202 خوێندراوەتەوە

لە ئەدەبیاتی هەڵبژاردندا، وتەیەکی باو و بەناوبانگ و گرنگ هەیە، چیتر دوای سەرکەوتنت لە هەڵبژاردنەکاندا، ئەوەش بەو مانایە دێت کە حزبەکان لە رۆژی دوای هەڵبژاردنەوە دەست بە ئامادەکاری بکەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوویان، هەم جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن و هەم دەرس و پەندەکانی هەڵبژاردن بە ئاڕاستەی سوودلێوەرگرتنیان و خۆئامادەکردنیش بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، چونکە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە سەرکەوتنی بەرژەوەندیی گشتی هەژمار دەکرێت، تەوای دەنگدەران بۆیان هەیە مافی خۆیان بەکاربهێنن بە ئاڕاستەی گۆڕانکاری لە حکومڕانی بۆ ماوەی چوار ساڵی حکومەتی لۆکاڵی، جا دەرەنجامەکەی هەرچۆن بێت، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە جیاوازە لەو پرسیارەی سەرەوەمان، بۆیە پرسیارەکە بەم شێوەی خوارەوە دەکەین، چیتر دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەتایبەتی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک؟
ئەگەرچی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەگشتی دڵخۆشکەر نەبوون تا رادەیەک، سەرەڕای ئەوەی دووەمین هەڵبژاردنە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکوک دەکرێت لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عیراقەوە، بەپێی یاسا ئەنجومەنی پارێزگاکان، ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار، حکومەت و پەرلەمانی لۆکاڵین و دەسەڵاتی بەرفراوانیان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری پارێزگاکەیان، سەرەڕای هەموو بەربەستەکان، ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردن پێگەی مێژوویی و نەگۆڕی کوردی بۆ دۆست و نەیاران بەیان کرد، ئەگەر دیقەت بدەینە ئەنجامەکان، بەڕێژەی دەنگ و کورسی، ئەنجامەکانی بەرایی بەم شێوەی خوارەون:
‎کورد [7] کورسی و [238388] دەنگی بەدەستهێناوە، لەگەڵ ئەوەی رێژەی بەشداریی لەئاستی پێویستدا نەبوو، هەروەها ژمارەیەکی زۆری دەنگەکانیش پووچەڵ کرانەوە لە ئەنجامی دیزاینی کارتی دەنگدان و کەموکووڕی لە ئامێری ناسینەوەی دەنگدەران.
‎عەرەب [7] کورسی بەدەستهێناوە ، تورکمان [2] کورسی بەدەستهێناوە.
‎کلدان سریان ئاشوری [1] کورسی.
ئەگەر ئەنجامەکانیش لەسەدا سەد بەدڵی ئێمە نەبێت، بەڵام نەڕێوەچوونی هەڵبژاردن خۆی لەخۆیدا سەرکەوتنە، لەم هەڵبژاردنەشدا کورد تەوقی ترس و گەمارۆ و سیاسەتی شۆڤێنی شکاند، کورد بە گوڕوتینی ساڵی 2004 ەوە بەشداری ئەم هەڵبژاردنەی کرد، لەگەڵ ئەوەی هەڵەی هەندێک لە حزبە کوردییەکان و بەشێک لە سەرکردەکانیان ئەوەندە زۆرن لە ژمارە نایەن و نکۆڵییان لێناکرێت، بەڵام ناکرێت هەر لەو بازنەیەدا بخولێینەوە، بەڵکو دەبێت بیر لەو رێگە کردارییانە بکەینەوە کە ئەمە بکەینە دەرفەت بۆ دەستکەوت و ئاسۆیەکی نوێ.
‎ئەگەر بپرسین ئێستا چی بکەین؟ 
‎جێگەی خۆیەتی واز لە شیکاری پڕۆسەی هەڵبژاردن و بەخشینەوەی تۆمەت و کەمتەرخەمییەکان بهێنین، چونکە لای هەموان ئاشکرایە پڕۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردن شتێکە و پڕۆسەی حوکمیش شتێکی ترە، لەم بوارەشدا وتەیەکی بەناوبانگ و کرداریی هەیە دەڵێت: (هەڵمەتی هەڵبژاردن بە رۆمانسییەتی شیعر بەڕێوەدەچێت، بەڵام کە هەڵدەبژێردرێن ناچار دەبین بە واقعییەتی پەخشان حوکم بکەین)، چونکە ئەگەر هەڵمەتی هەڵبژاردن تێکەڵ بە پڕۆسەی حوکمکردن بکرێت، ئەنجامەکان دڵخۆشکەر نابن و گرژی و ناعەقڵانی باڵ بەسەر پرسە راستەقینەکاندا دەکێشن، بۆیە دەبێت ئامادەکاریمان هەبێت و ئەنجامەکان بەچاوی سەرکەوتنی گەورە وەربگرین، روئیا و بەرنامە و پلانی یەکگرتووی کوردانەمان هەبێت و مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا بکرێت و دەستبەکاربین و بڕیاری یەکخستنی ناوماڵی کورد لە ئەولەویەتی کارەکانماندا بێت. هەروەک ئامادەبین بۆ دانوستان لەگەڵ نەتەوەی عەرەب و تورکمان، ئامادەکار و ئامادەبین بۆ رێکخستنەوە و کارکردن لەسەر مەلەفی کارگێڕی و یاسایی و ئاسایش و ئاوەدانی، بەم شێوەی خوارەوە: 
‎یەکەم- لەسەر ئاستی نێوماڵی کورد: پێویستە حزبە کوردییەکان بەگشتی و یەکێتی و پارتی بەتایبەتی لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدنەوە، سیاسەتی کوردایەتی نەرم و ئاشتبوونەوە پەیڕەوبکەن و واز لە دەستکەوتی حزبی بهێنن و دەست بکەن بە دابەشکردنی دەور و ئامادەکاریش بۆ هەر سیناریۆیەک بکەن و دەوری بەرپرسیارێتی لە نێوان خۆیاندا دابەشبکەن و خەڵکی کەرکوک بەگشتی و کورد ئاشت بکەنەوە، هەروەها لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێم (ئەرکی سەرەکی رووبەڕووی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان) و فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران و گروپی حکومی کورد لە بەغدا بکرێتەوە و هەماهەنگ بن و لەنێو خۆشیاندا میساقی شەرەف ئیمزا بکەن، پرسی ناوچە کێشەلەسەرەکان ببێتە پرسێکی سەرەکی و پرسێکی نیشتمانی.
‎دووەم- لەسەر ئاستی کەرکوک: دروستکردنەوەی پردی متمانە و پێکەوەژیان لەگەڵ تەواوی پێکهاتەکان بە تایبەتی تورکمان و عەرەب، بە ئاڕاستەی پێکەوەژیانی هەمیشەیی و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان و بڕینی دەستی نەیاران و کورد خۆی دەرس و پەند لە رابردوو وەربگرێت، بە نەفەسی هەڵمەتی هەڵبژاردن کار نەکەین، بەڵکو بە نەفەسی حوکمڕانی دروست و واقعبینانە کاربکەین.
‎سێیەم- لەسەر ئاستی کارگێڕی و یاسایی و ئاوەدانی
‎داننان بە پێکەوەژیان و بەشداریی هەموان، کە کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحییەکان مافی بەشدارییان هەیە لە بەرێوەبردنی حکومەتی ناوخۆیی بەڕێژەیەکی گونجاو کە حکومەتێکی خزمەتگوزار بێنێتە کایەوە و دەستی ئاوەدانی بگاتە کەرکوک و پشکی شێری بەربکەوێت لە بنیاتنانەوە و رەخساندنی هەلی کاردا.
‎چوارەم- لەڕووی یاساییشەوە هەوڵبدرێت بنەمای مادەی [140]ی دەستوور بە ئاراستەی بەهێزکردنی پێکەوەژیان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و پڕۆژەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی پێشوو [مەجلیسی قیادەی سەورە] ئامادەبکرێن و هەموو ئەو کارە نایاساییانەش هەڵبوەشێنرێنەوە کە دوای ریفراندۆم کراون.
‎پێنجەم- لەسەر پرسی ئاسایش و ئاوەدانی و کۆمەڵایەتی لیستی کوردستانی دەستپێخەر و ساز و ئامادەبێت.
‎شەشەم- ئەرکی هەنووکەیی بەپێی مادەی (7) لە یاسای ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە (21) ساڵی 2008ی هەموارکراودا، هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگرەکەیەتی، کە دوای (15) رۆژ لە پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، ئەنجومەنیش دوای (30) رۆژ لە یەکەم کۆبوونەوەی، پارێزگار و جێگرانی هەڵدەبژێرێت بەدەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی، ئەگەر لێرەدا پرسیارێکی گرنگ بکەین، ئایا جگە لەم بژاردەیە، بژاردەی ترمان هەیە؟
‎ئەمجارەش هەستی نیشتمانی زاڵ بوو بەسەر رق و تووڕەیی و نیگەرانییەکانی تاک بەتاکی کورد، بۆیە پێمانوایە تەنها پێویستیمان بە رێکاری جێبەجێکردن و خشتە کردارەکییەکانە، ئەگەر ئەم دەرفەتەش لەدەست بدەن، بە دەردی دەردان و پەشیمانی و زەلیلی سەر دەنێنەوە، با ئەم دەرفەتە بکەین بە نەخشەڕێگەی سەرکەوتن و کۆتاییهێنان بە سیاسەتی تەسکی حزبایەتی، هاونیشتمانیان بە ئەرکی کوردانەی خۆیان رابوون و بە پەنجەمۆری خۆیان پێگە و دەسەڵاتیان گەڕاندەوە، ماوێتی سەرکردایەتی کورد ئەم شۆڕشی پەنجەمۆرە بکاتە هەلی هێز و سەکەوتن و دووبارە نەکردنەوەی سیاسەتی پێشوو، پرسی ناوچە جێناکۆکەکان پرسێکی نیشتمانییە و پرسی هەموانە.

کوردی کەرکوک و ناوچەجێناکۆکەکان ئەرکی نەتەوەیی خۆیان لە هەڵبژاردن بەجێهێنا

وتارەکانی نوسەر