شەش دادبینی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵیدا

09:53 - 2024-01-21
سلێمان مستەفا
146 خوێندراوەتەوە

‎بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی 21 ی ئەم مانگە، رۆژی یەکلایی کردنەوەی کۆمەڵێک دۆسێیە کە لە ساڵی 2023 دواخراون، ئەم دۆسێیانە دوای چەندین دادبینی، دادگا دوایخستوون، روون نییە کە لەم دانیشتنەدا، دوا بڕیاری خۆیان دەدەن یان نا؟ لەوانە:
‎یەکەم: داوای تایبەتی بە یاسای هەڵبژاردن:
داوای ژمارە (83) اتحادیە 2023 و یەکخراوەکانی  131-185، داواکە لەلایەن زیاد جەبار و ئامانج نەجیبەوە لەسەر هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم تۆمارکراوە، داوا دەکەن دادگا بڕیاربدات بە نادەستووری و هەڵوەشانەوەی مادەکانیی 36،22،15،9،1 لەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراو کە تایبەتن بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان و بازنەکانی هەڵبژاردن و کۆتای پێکهاتەکان و تۆماری دەنگدەران. دواخستی ئەم دادبینە بەهەر پاساوێک بێت کەریگەریی لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروست کردووە، ئەگەر دادگا ئەم کەیسە یەکلایی نەکاتەوە، وا دەکات کۆمسیۆن نەتوانێت دەست بەکاری رێکخستنی هەڵبژاردن بکات. 
لە هەمانکاتدا دیاریکردنی وادەیەکی نوێش بۆ رۆژی هەڵبژاردن لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە قورسە، چونکە ناکرێت مەرسومێکی تر دەربکرێت و چوارچێوەی یاسایی روون نەبێت، بیرمان نەچێت ئەنجومەنی کۆمسیارانی عیراق لە حەوتی تەمووزی 2024 وادەی یاساییان تەواو دەبێت، بۆیە بڕیاری دادگا گرنگە لەسەر پڕۆسەی ئامادەکاری و خشتەی کارەکانی کۆمسیۆن.
دووەم: داوای تایبەت بەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان:
داوای ژمارە 224 اتحادیة 2023، داوایەکە لە لایەن (عەدالەت رەحیم - بخاری جەمیل عەلی - حەیدر محەمەد عوسمان) تۆمارکراون لەسەر سەرۆک وەزیرانی ئیتحادی و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەیانەوێت دادگا بڕیار بدات بە  دەرکردنی ئەمرێکی وەلائی و جێبەجێکردنی یاسای بودجە، ژمارە13ی ساڵی 2023 و ناردنی مووچەی فەمانبەرانی هەرێم. بەداخەوە دادگا لەساڵی 2023  ئەو داوایەی یەکلایی نەکردۆتەوە، لەکاتێکدا بە بەرچاوی دامەزراوەکانی عیراقەوە مووچەی سێ مانگی فەرمانبەران نەدراوە، شاراوە نییە کە نەدان و نەناردنی مووچە و بەرزنەکردنەوەی پلەی وەزیفی فەرمانبەران پێچەوانەی دەستوورە. ئایا داداگا بڕیار لەسەر ئەم کەیسە دەدات کە نەناردنی مووچە بە نادەستووریی دابنێت بۆ ساڵی 2023 بە  پاساو و هۆکاری دەستە واژەی ئینفاقی فیعلی وەک لە یاسای بودجەدا هاتووە؟ سەرۆکی داداگا لە رۆژانی پێشوو لێدوانی داوە کە دەبێت مووچەی فەرمانبەران بدرێت، هیوادارین دادگا بگاتە ئەنجام و بڕیاری خۆی بدات بە نادەستووریی بوونی بڕگە و مادەکانی یاسای بودجە کە کراونەتە پاساوی نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی لە کاتی هەمواری یاسای بودجەدا، لە رۆژانی داهاتوو، کێشە و گرفتی بۆ دروستنەکەن و بڕیارەکەش ببێتە هۆکاری خەرجکردنی مووچە نەدراوەکانی ساڵی 2023 و هەمواری یاساکە لەبەرژەوەندیی فەرمانبەرانی هەرێم وعیراق.
سێیەم: داوای تایبەت بەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان:
‎داوای ژمارە 269  اتحادیە 2023، بەهەمان شێوە، تایبەتە بە پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەران کە داواکە لە لایەن ( رەعد رەفعەت محەمەد - ئاكۆ محەمەد - بەدەل عەبدولباقی) لەسەر سەرۆک وەزیرانی ئیتحادی و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، داوا دەکەن دادگا بڕیار بدات بە جێبەجێکردنی مادەی (12ی دووەم، ماددەی 13 هەشتەم) لە یاسای بودجە ژمارە (13)ی ساڵی 2023.
چوارەم: تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای مووچە:
داوای ژمارە   247  اتحادیە 2023، تایبەتە بە پرسی  یاسای مووچەی فەرمانبەران، داواكاران (ئەژی بەرزی عارف -  محەمەد حسێن - خەبات لەتیف - نجمەدین محەمەد - دڵشاد محەمەد - سامان عەلی ساڵح، داواكەیان لەسەر سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی هەرێمی کوردستانە و داوا دەكەن حكومەتی هەرێم ئیلزام بكرێت بە جێبەجێكردنی یاسای مووچەی فەرمانبەران و كەرتی گشتی ژمارە 22ی ساڵی 2008ی هەمواركراو، بە تایبەتی مادەكانی 6،7،8،9. 
 پێنجەم: داوای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای تیرۆر
‎داوای ژمارە226ی اتحادیة 2023، لەلایەن وەهاب مەجید باقی، لەسەر (سەرۆکی پەرلەمان) تۆمار کراوە، داوا دەکات، دادگا بڕیار بدات بە نادەستووریی یاسای ژمارە سێی ساڵی 2006،  یاسای تیرۆر کە بە پێی یاسای ژمارە حەوت ساڵی 2018 دەرکراوە.
شەشەم: داوای تایبەت بە بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرش:
داوای ژمارە 141ی ئیتحادیە 2023، داوایەکە لە لایەن هەر یەک لە ( عیزەدین غازی و نەجات موکەرەم و شاسوار نەجم و لوقمان عەدنان) تۆمارکراوە لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، داوادەکەن دادگا بڕیار بدات بە نا دەستوورییبوونی بڕیاری ژمارە (824) ی 16 /8 / 1976 ی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرش .
‎وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، ئەمڕۆ، شەش داوای تایبەتن بە هەرێمی کوردستان، هەریەک لەو داوایانە کاریگەریی خۆیان هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پرسی مووچە و زەوی و زاری جووتیارانی ناوچە دابڕێنراوەکان و یاسای هەڵبژاردن، بۆیە رۆژێکی پر چاوەڕوانییە، چونکە ئەم داوایانە بۆ چەندین جار دواخراون و پەیوەندیدارن بە ژیان و گوزەرانی خەڵک و رەوایەتی یاسایی و دیموکراسی.

داوایەکی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لەبەردەم دادگای فیدراڵیدایە

وتارەکانی نوسەر