بۆ کەناڵی کوردسات

06:50 - 2023-12-31
سلێمان مستەفا
261 خوێندراوەتەوە

کەناڵی کوردسات، کەناڵی نیشتمان، یان کەناڵی چڵە نێرگزەکە، یان کەناڵی کوردان و ماڵی هەموان، هەموو ئەو ناوانە بۆ کەناڵی کوردسات کەمن و زۆرنین.
لە یادی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کەناڵی چڵە نێرگزەکە دا، ئەم چەندە پەیڤە دەکەم بە ملوانکەی بۆ وتنی چەند راستییەک بۆ خزمەتە زۆرەکانی ئەم کەناڵە ئازیزە، کە پێشکەشیکردوە و بەردەوامیشە لە پێشکەشکردنی خزمەت، بە فەرهەنگ و ئەدەب و زمان و کەلتوور و فۆلکلۆری ئاوازی رەسەنی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان، جێگای خۆیەتی ئاماژە بە دەوری کوردسات بکەین لە بواری دۆبلاژیشدا کە خزمەتێکی زۆری  تاک بەتاک و خێزانی کورد کردوە، دەکرێت ئاماژە بەدەوری ئەڵقە دۆبلاژکراوەکان و بەرنامەی بەرنامە و دەیان نموونەی تر بدەین، ناکرێت باسی کورد ئایدڵیش نەکەین کە جوانترین دیاریی کوردسات بوو بۆ کچ و کوڕانی هەر چوار پارچەی کوردستان، لە رێگای ئەم بەرنامە جوانیدا کوردانی هەر چوار پارچەی لە دەوری خۆی کۆکردەوە و راستگۆیانە کەناڵی هەموان بوو، کەناڵی کوردان بوو، کەناڵی دڵخوازی خێزانی کورد بوو، لە راستیدا دەستپێشخەرییەکانی ئەوەندە زۆرن لە ئەژمار نایەن، بەڵام هەمیشە بڵندگۆی پەیامی کوردانە و مرۆڤدۆستانە بووە، لە خۆشی و ناخۆشییەکانیشدا ئەوا خەمی هەموانی کردۆتە کۆڵ و کەوتۆتە راگەیاندنی چەندان کەمپین بۆ گەیاندنی پەیامی هاوکاری مادی و مەعنەوی، بۆیە لەم یادە فرە قەشەنگ و ئامادە لە رۆحدا، ناکرێت هیوای کاری باشتری بۆ نەخوازین و داوای کاری باشتری لێنەکەین، لەم یادەدا داواکارم کوردسات درێژە بە بەرنامەی کورد ئایدڵ بدات و دەستبکات بە بەرهەمهێنانی فیلمی کوردیی مێژوویی و دوکۆمێنتاری لەسەر مێژووی کورد و کەسایەتییە سیاسی و هونەری و کۆمەڵایەتییەکانی کورد، بۆ ئەمەش کە تاکە کەناڵە دوورە لە بەرنامەی سیاسی و حزبی، هیوادارم بەردەوام خۆی بەدووربگرێت لە پەیامی حزبی، جێگای خۆیەتی داوا لە کەسایەتییە خواپێداوەکان بکات بۆ سەرخستنی پڕۆژە نیشتمانییەکان، چونکە لە راستیدا کەناڵی کوردسات بڵندگۆ و خەمخۆری ئەدەب و فەرهەنگی کوردە.
جێگای خۆیەتی بەم بۆنەیەشەوە سڵاو و رێز و چەپکە گوڵی رێزو وەفا و خۆشەویستی پێشکەش بە خاتوو  هێرۆخان بکەین کە دامەزرێنەر و دەووری کاریگەری هەبووە لە سەرخستنی ئەم پڕۆژە نیشتمانییە. داخەکەم پێگەی سیاسییەکەی غەدری زۆری لەم خاتوونە کردوە، خۆزگە شارەوانی و هونەرمەند و ئەدەبدۆستان بەیەکەوە بە پەیکەرێکی شایستەی هێرۆخان سوچێکی شاریان دەڕازاندەوە، لێرەوە هیوای تەندروست باشی بۆ دەخوازم، جێگای خۆیەتی پیرۆزبایی لە کارمەندان و ستافی کوردسات و هەموو ئەوانەی بکەین کە رۆژێک لە رۆژان، بەهەر رێگایەک خزمەتێکی ئەم کەناڵەیان کردووە، چەپکێ نێرگز بۆ بینەرانی کوردسات و تەواوی ستافی کوردسات.

وتارەکانی نوسەر