هێز لە «یەکێتی» دایە

10:36 - 2023-12-26
ژیار حسێن
516 خوێندراوەتەوە

ژیار حوسێن


یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک حزبێکی بەهێز و کاریگەری کوردستان و عیراق و هاوئاست لەگەڵ مێژووە پڕ لە سەروەرییەکەی بە گرنگییەوە دەیڕوانییە هاوبەشی و یەک لیستی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە کەرکوک، لەپێناوی بەهەدەرنەدانی دەنگی کورد، لەگەڵ ئەوەشدا وەکو پرسگەلێکی نیشتمانی و نەتەوەیی لە بارودۆخەکەی دەڕوانی و دەستی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ لایەنەکانی دیکە درێژکرد، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، حزبە سیاسییەکان لەپێناوی بەدەستهێنانی دەستکەوتی تایبەتی خۆیان و دوور لە هەموو مۆڕاڵێک و پڕەنسیپێکی کارکردن، لیستی جیاوازیان دروستکرد و تەنانەت ئامادەی هاوبەشیکردن بوون لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەدا!

هەندێک لایەن دەنگی کوردیان پەرت کرد
جێگەی تێڕامان و شۆک بوون نییە کە (هاوپەیمانی هێز و ئیرادەمانە) بەشێکی زۆری دەنگەکانی ناو سندوقەکانی دەنگدانی لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلاکردەوە، چونکە ئەوە خەڵکی قودسی کوردستان بوون سزای ئەو هێزە سیاسییانەیان دا کە بەبێ هیچ بیانوویەک دەنگێکی زۆریان لە کورد پەرت کرد و پێیان وتن ئێوە تەنها دروشمێکی بێ ناوەڕۆکتان بەرزکردۆتەوە، ئەوەشیان سەلماند کە سنوورەکە پێویستی بە سەرکردەیەکی خاکی وەکو بافڵ جەلال تاڵەبانییە  کە چەند رۆژێک بەرلە دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکە بە ئاڵایەکی شەکاوەوە بەناو شەقامەکانی کەرکوکدا هاتوچۆی دەکرد، کە ئەمە لەو سەرکردانەدا بەدی نەکرا کە لە میدیاکانەوە بانگەشەی خەمخۆری خۆیان بۆ کەرکوک دەکرد،  ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی ئەو هاوپەیمانییە ئەگەرچی هەوڵی زۆر درا بۆ لەباربردنی لەلایەن نەیاران و دوژمنانی دۆزی رەوای گەلەکەمانەوە، بەڵام کورسییەکی تری زیادکرد بۆ سەر دەنگی کورد، ئێستاش کورد دەتوانێت دلێرانەتر داوای مافە رەواکان و پۆستە گرنگەکانی شارەکە بکات.

دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکوک
دوای ئەم سەرکەوتنە بێ خەوشە، لە ئێستاوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کار بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد دەکات لە شارەکە، سەرەڕای ئەوەی ئیستحقاقێکی یەکێتییە، بەڵام دڵنیاین لەوەی کە سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی مام جەلال فێری پێکەوەژیان و کاری پێکەوەیی کردووین، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێتی دەرگای شەراکەتی راستەقینە لەبەردەم هەر پێکهاتەیەکی دیکەدا واڵا دەکات کە خەمەکەی کەرکوک و خزمەتکردنی بێت، چونکە دەزانین کە هێز لە «یەکێتی»دایە، ئەگەر گوزەرێک بکەینەوە بەناو ناوچە کوردستانییەکاندا لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عیراق، ئەو راستییە دەبینین کە ئەگەر لایەنێکی کوردستانی هەبووبێت بە کردار لە خەمی رێکخستنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان و جێبەجێکردنی مادەی   140دا بوبێت، ئەوە حزبی شەهیدان بووە، لە داهاتووشدا بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی حەکیمانەی رەوانشاد مام جەلال و وریایی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە سیاسەتکردن و کۆکردنەوەی دەنگە جیاوازەکان، حزبە بێ بەدیلەکە هەر یەکێتی دەبێت.

وتارەکانی نوسەر