کایا ستهایریام (Kaya Sthairyam)
راهێنان و پێشنیازەکانی یۆگا بۆ کۆکردنەوەی هۆش بێ هاوتان، بە تایبەت ئەگەر تا ماوەیەک بە رێک و پێکی بکرێن. یەکێک لەو راهێنانانەی لە زانستی یۆگادا زۆر بەناوبانگە و بۆ کۆکردنەوەی هۆش و تەرکیز و ئارامبوونەوەی دڵ و دەروون و هەروەها بۆ بەرزکردنەوەی ئیرادە و لەشساغی بەکاردەهێنرێ ناوی (کایا ستهایریام)ە. وشەی سانسکریتی (کایا) یانی جەستە و وشەی (ستهایریام) یانی بێ جووڵە و جێگری و خۆڕاگری، بە یەکەوە یانی جەستەی بێ جووڵە و جێگیر و خۆڕاگر، ئەم راهێنانە یەکێکە لە ئاسانترین و کاریگەرترین راهێنانەکانی یۆگایە بۆ بەهێزکردنی لەش، بۆ کۆکردنەوەی هۆش و زەین و بۆ بەدەستەوەگرتنەوەی ئیرادەی جەستە و زەین. ئەم راهێنانە لە یۆگادا بۆ خۆناسیش بەکاردەهێنرێ و یۆگییەکان لەم حاڵەتەدا بە تەواوی خامۆش دەبن، بەم شێوەیە رەهەندی ئەزەلی و ئەبەدی خۆیان دەبینن و دەناسن.
راهێنانی جەستەی بێ جووڵە زۆر ئاسانە، هەموو کەس دەتوانێ بیکات. دەتوانی ئەم راهێنانە لەم حاڵەتە جەستەییانەدا بکەیت، یەکەم: بە دانیشتنەوە و لەحاڵەتی چوار مەشقیدا، دووەم: لەسەر کورسی یان قەنەفە، سێیەم: بە پاڵکەوتنەوە لەسەر زەوی یان لەسەر قەنەفە و شوێنی خەوتن، بەڵام ئەگەر نەتتوانی شێوەی یەکەم بەکاربێنی، شێوەی دووەم بەکاربێنە، ئەگەر دووەمیشت نەتوانی شێوەی سێیەم بەکار بێنە.
شێوازی کردنی راهێنانی جەستەی بێ جوڵە بەم شێوەیەیە: بە ئارامی بڕۆ حاڵەتەکەوە، ئەگەر بە دانیشتنەوە، چ لەسەر زەوی یان لەسەر کورسی و قەنەفە دەیکەیت دەبێ پشتت رێک بێ، سەرت کەمێک بەرز بێ، پشتی دەستەکانت لەسەر ران یان کۆشت دابنێ، ناو لەپی دەستت خاو بکەوە، چاوت دابخە، پاشان دەمت دابخە با بەس بە لووتت هەناسە هەڵمژیت و بیدەیتەوە، دوای ئەوەی هەموو ئەمانەت کرد، بە ئارامی دەست بە خاوکردنەوەی هەموو لەشت بکە، لێرەوە دەست بکە بە چاودێریکردنی لەشت، ئاگاداربە بە هیچ شێوەیەک نەیجوڵێنی، لە زەین و بیرکردنەوەکانت گەڕێ، ئەوان دێن و دەڕۆن، کارت پێیان نەبێ، هۆشت تەنیا لەسەر جەستەت بێ، بەبەردەوامی ئاگاداری جەستەت بە نەیجووڵێنیت، هەموو چرکەیەک بەئاگا بە لەشت نەجووڵێنیت و لەسەر ئەم چاودێریکردنە بەردەوام بە، ئەگەر بیرکردنەوە و هەستت جووڵان و هۆشتیان برد، زۆر ئاساییە، تۆ یەکسەر هۆشت بگەڕێنەوە سەر جەستەت و ئاگاداربە نەیجووڵێنیت. لەم حاڵەتەدا بمێنەرەوە تا ئەو کاتەی حەزی لێدەکەیت و چێژی لێدەبینیت، پاشان کۆتایی بە راهێنانەکە بێنە. هەموو کاتێک دەتوانی ئەم راهێنانە بکەیت، بەڵام دوو کات زۆر گرنگە، یەکیان شەوان پێش خەوتن و یەکیانیش بەیانیان دوای لە خەو هەستان. هەر لە ئێستاوە دەست پێبکە.