له‌سایه‌ی هۆشداریی یه‌ك له‌دوا یه‌كی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی، سه‌باره‌ت به پلانه‌كانی توركیا كه ده‌یه‌وێت ناوچه‌كانی نێوان حه‌له‌ب و ره‌قه له باكوور و ناوه‌ڕاستی سوریا تا موسڵ له‌ناو خاكی عیراق داگیربكات، وڵاتانی ئیقلیمی و ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌رده‌وامی به قه‌یرانی سوریا ده‌ده‌ن، هانی ئه‌نقه‌ره ده‌ده‌ن به‌رده‌وام بێت بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی و به‌پێی بڕیاره‌كانی دوا كۆنگره‌ی ئه‌ستانه.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه ئیراده‌یەکی نێوده‌وڵه‌تی لە ئارادا نییە بۆ ئاماده‌كردنی كه‌شی گونجاو بۆ گه‌یشتن به چاره‌سه‌ری سیاسیی له سوریا. وڵاتانی ئیقلیمیش به پاڵپشتی روسیا ناتوانن ته‌نها خۆیان چاره‌سه‌رێكی سیاسیی بۆ قه‌یرانی سوریا بدۆزنه‌وه، كه ئه‌مریكا و ئیداره‌ی خۆسه‌ری رۆڵیان تێیدا نه‌بێ، واتا هه‌وڵی ئه‌و وڵاتانه دواجار ناتوانێت هیچ بخاته سه‌ر هیچ بۆ كه‌مردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كه، ئه‌و تۆمه‌تانه ئاراسته‌ی ئه‌مریكا و كوردیش ده‌كرێت قه‌یرانه‌كه ئاڵۆزتر ده‌كات، نه‌ك باشتری بكات، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات به‌رژه‌وندیی وڵاتانی ئیقلیمی دژبه به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لانی سوریا و رژێمی ئه‌سه‌دیشه.
دوا كۆنگره‌ی ئه‌ستانە به‌شكستێكی تر كۆتایی هات، دوای ئه‌وه‌ی سوریا و توركیا نه‌گه‌یشتنە هیچ رێكه‌وتنێك بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی توركیا له سوریا، ئه‌وه‌ش ته‌نها مه‌رجه كه حكومه‌تی سوریا خستوێتیه به‌رده‌م توركیا بۆ گه‌یشتن به لێكتێگه‌یشتن.
وادیاره روسیاش رۆڵێكی خراپ ده‌گێڕێت به‌رامبه‌ر به پڕۆژه‌ی كورد له سوریا، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی داوای له ئیداره‌ی خۆسه‌ر كرد بەبێ مه‌رج له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌سه‌ددا بگاته رێكه‌وتن، ئه‌مه‌ش زۆر ئه‌سته‌مه.
ئێستا دوو بابه‌ت هه‌ن كه ئه‌سته‌مە جێبه‌جێ بكرێن له سوریا:
یه‌كه‌میان رێكه‌وتنی كورد له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌سه‌د بەبێ مه‌رج، كه ئه‌مه له‌لایه‌ن ئیداره‌ی خۆسه‌ره‌وه ره‌تده‌كرێته‌وه، دووه‌میان داواكردنی كشانه‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كانە له سوریا وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ سوپای ئه‌مریكا، ئه‌مه‌ش له‌م قۆناغه‌دا ئه‌سته‌مه، به‌هۆی ئه‌و شه‌راكه‌ته دوورودرێژه‌ی نێوان هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی و هێزه‌كانی سوریای دیموكراتەوە کە لە ئارادایە و له‌به‌رئه‌وه‌ش کە ئه‌ركی ئه‌و هاوپه‌یمانییه له نه‌هێشتنی تیرۆر و داعشدا كۆتایی نه‌هاتووه.
هه‌وڵه‌كانی روسیاش بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخ له سوریا ئه‌نجامێكی نییه، چونكه مۆسكۆ نه گوشار ده‌خاته سه‌ر توركیا بۆ كشانه‌وه له خاكی سوریا و نه گوشار ده‌خاته سه‌ر ئه‌سه‌دیش بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد له‌ناو سوریادا، ئه‌وه‌ی مۆسكۆ ئێستا ده‌یكات، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه گله‌یی نه‌یەته سەر له مه‌سه‌له‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ناوخۆی سوریا، به‌تایبه‌تی كه هیچ گوشارێكی جددیشی نه‌خستۆته سه‌ر ئه‌سه‌د و كورد له‌و رووه‌وه.
پێداگریی وڵاتانی به‌شدار له كۆنگره‌ی ئه‌ستانەش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كان له ئه‌دلیب، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌شەوە زیاتركردنی ئاڵۆزییه‌كان له ناوچه‌كانی باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا، قووڵكردنه‌وه‌یه‌كی تری قه‌یرانی سوریایه، كه به قه‌یرانێكی درێژخایه‌ن و خوێناوی ده‌مێنێته‌وه، له‌سایه‌ی نه‌بوونی هیچ نیازێكی نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆیی بۆ چارسه‌ركردنی.
و: گۆران