هۆڵەندا و كتێب

10:58 - 2024-02-08
وتار
222 خوێندراوەتەوە

بەختیار بەکر

ساڵی ڕابردوو هۆڵەندییەكان زیاتر لە 43 ملیۆن كتێبیان كڕیووە، كە زۆرترین ژمارەیە لە ماوەی یانزدە ساڵی رابردوودا.
ئەیڤلینە ئایندەكێرك، بەڕێوەبەری كۆمەڵەی پشتیوانی كتێب، رایدەگەیەنێت: ''گەشبینین كە بازاڕی كتێب گەرمە و پتر لە ساڵی پار فرۆشراوە، تەنانەت بۆ نۆیەمین ساڵە لەسەریەك، داهاتی كتێب گەشە دەكات، بە كۆی گشتی، لە ساڵی 2023بە بەهای زیاتر لە 685 ملیۆن یۆرۆ كتێب فرۆشراوە.» 

50 ملیۆن كتێب خوێنراوەنەتەوە 
هەروەها بەدەر لەم ژمارەیەی سەرەوە 50 ملیۆن كتێب و كتێبی دەنگی و دیجیتاڵی لە كتێبخانەكانیش قەرز كراون و دواتر گەڕێندراونەتەوە دراونەتەوە كتێبخانە گشتی و تایبەتییەكان. پێشبینیش دەكرێت 30 ملیۆن كتێبی كتێبخانەكانی ماڵ لەنێوان خێزانەكاندا كرابن بە دیاری یان لەنێوان ئەندامانی خێزان و هاوڕێكاندا قەرز كرابن و ئاڵوگۆڕیان پێكرابێت. شاراوەش نییە كە لە خوێندنگاكان بە بەردەوامی بەدەر لە كتێبی مەنهەجی، كتێبی هەمەجۆری زانیاریی گشتی دەخوێنرێنەوە.
منداڵانیش چەندین رۆژیان هەیە تایبەت بە كتێب، بۆ نموونە ساڵانە هەفتەی كتێب رادەگەیەندرێت، كۆتا ڕۆژی هەفتەكە كە هەڵمەتێكی نیشتیمانییە، لەبڕی بلیتی شەمەندەفەر، نیشاندانی كتێبێك بەسە بۆ ئەوەی بتوانی بێبەرامبەر و بەخۆڕایی سەفەر بكەی.
تەنها بۆ وەبیرهێنانەوە، ژمارەی دانیشتوانی هۆڵەندا تەنها  17 ملیۆن و نۆسەد و شەست هەزارە كەسە.  
ساڵی 2023 چوارملیۆن و 917 هەزار و 721 كەس لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە لە خوار تەمەنی 25 ساڵەوەبوون، واتە لە 28 %ی دانیشتووان.
694 هەزار و 242  منداڵی تەمەن 1 بۆ 4 ساڵان. یەك ملیۆن و 447 هەزار و 528 منداڵی تەمەن 4 بۆ 12 ساڵان و یەك ملیۆن و 171 هەزار و 332 منداڵی تەمەن نێوان 12 بۆ 18 ساڵان و یەك ملیۆن و 604 هەزار و 619 گەنجی تەمەن 18 بۆ 25 ساڵان هەن. 
 
تەكنۆلۆژیا شوێنی كتێبی نەگرتۆتەوە
خوێندنەوە و خۆشەویستی كتێب لەهۆڵەندا تەمەن ناناسێت، منداڵ هەر لە منداڵییەوە بە کتێب ئاشنا دەبێت .
لەهۆڵەندا تەكنۆلۆجیای نوێ نەبۆتە شوێنگرەوەی كتێب، بگرە خزمەتی بە كتێب و بازاڕی كتێب كردووە. مێژووش شایەتە كە لە هەموو قۆناغەكاندا لە هەبوونی و نەبوونیدا ئەمان هەر هاوڕێی دانەبڕاوی كتێب بوون. بۆیە دووركەوتنەوە لە كتێب و خوێندنەوە بە گشتی پاساو هەڵناگرێت.

وتارەکانی نوسەر