کۆنفرانس بۆ نوێگەری بوو

09:40 - 2024-02-12
رێبوار ستار
118 خوێندراوەتەوە

رێبوار ستار



یەکێک لە راسپاردە گرنگەکانی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوە بوو  کە پێویستە هەموو مەکتەبەکان کۆنفرانسی خۆیان ببەستن. 
مەکتەبی رێکخستنیش کۆنفرانسی خۆی بەست. 
بەو هیوایەی ئەم کۆنفرانسە ببێتە بناغەیەکی پتەو بۆ داهاتووی رێکخستن وئۆرگانەکانی. 
بۆیە پێویستیی بە ئامادەکارییەکی تەواو بووە کە هەموو لایەنەکانی ئامادەکاری کۆنفرانس لە خۆبگرێت لە رووی پلان و ستراتیژ و ئامانج و لۆجستی و میدیایشەوە تەنانەت دیاریکردنی تەوەر و بڕگەکانی کۆنفراس کە یەکانگیربێت لەگەڵ مادە و بڕگەکانی پەیڕەو و پرۆگرامی پەسەندکراوی پێنجەمین کۆنگرە. 
هەربۆیە مەکتەبی رێکخستن بەر لە دوو مانگ زیاتر و دوای دەیان کۆبوونەوەی بەردوام لەگەڵ هەڤاڵانی مەکتەب و مەڵبەندەکانی و دانانی لیژنەی سەرپەرشتیکردن بۆ ئامادەکاریی کۆنفرانس  و دانانی دەیان لیژنەی جۆراوجۆر بۆ تەوەرەکانی پەیوەست بە کۆنفرانس بەسەرپەشتیی راستەخۆی هەڤاڵ لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن، پاشان دانانی دروشمێکی گونجاو بۆ کۆنفرانس کە لەژێر ناوی (میتۆدێکی نوێ بۆ رێکخستنێکی سەردەمیانە )بوو کە مەبەست لەم دروشمە گونجاندیەتی لەگەڵ ئامانجی کۆنفرانسەکەدا. 
بەستنی کۆنفرانسی مەکتەبی رێکخستن لە بنەڕەتدا بۆ دوو ئامانجی سەرەکی بووە، یەکەمیان بۆ باشترکردنی ئۆرگانەکانە بە گشتی کە رێکخستنەوەی هەیکەل و پێکهاتەی ئۆرگانەکانییەتی، ئامانجی دووەمیش سەرلەنوێ رێکخستنەوەی تەواوی ئۆرگانەکانی رێکخستنە کە بگونجێت لەگەڵ سەردەمی ئێستای کاری رێکخراوەیی هاوچەرخ، چونکە شێوازی کاری رێکخستنەکانمان شێوازێکی کلاسیکە و لەگەڵ شێوازی ئێستادا ناگونجێت و پێویستی بە نوێگەری و پێداچوونەوە هەیە، بۆیە ئەو پلان و بەرنامەڕێژیەی ئامادەکرابوو بۆ کۆنفرانس، تا لەوێ گفتوگۆی چڕ و تێروتەسەلی لەسەر بکەن و بە پێشنیاز و سەرەنجەکانیان ئەو نەخشەڕێگایە کە خۆی لە هەشت تەوەردا دەبینیەوە کە بریتی بوون لە یەکەم پەیکەربەندی، دووم نەخشەڕێگای  نوێ، سێیەم بەشداری گەنجان و ژنان، چوارەم ئەنجومەنی پشتیوانی، پێنجەم کاری رێکخراوەیی لەناوەندە زانستییەکاندا، شەشەم  هەڵبژرادنی پەرلەمانی کوردستان، حەوتەم پێداویستییەکارگێڕییەکان، هەشتەم پەرەپێدانی توانای کادر  بوو.
هەموو ئەمانە لەگەڵ سەردەم و ئێستا و داهاتووی کاری رێکخراوەیی دەگونجێت و دوای دراسەکردنێکی وردی بابەتیانە دانراون. 
لە کۆنفرانسەکەدا ئەم تەوەرانە لەلایەن لیژنەکانەکانەوە لە سێ رۆژی کۆنفرانسدا گفتوگۆی زۆر و هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی لەسەر کرا، دواجار تێکڕای ئەو پێشنیاز و راسپاردانەی هەڤاڵانی ئەندامانی کۆنفرانس گەڵاڵە کرا و کرایە راپۆرتێکی گشتگیر و رادەستی هەڤاڵ سەرکەوت زەکی کرا، تا ئەویش بە ئامانەتەوە بیگەیەنێتە مەکتەبی سیاسی و سەرۆک بافڵ،  بۆ پەسەندکردنی و تا دواجار کاری لەسەربکرێت بۆ داهاتووی کاری مەکتەبی رێکخستن و ئۆرگانەکانی. 
ئەوەی لەسێ رۆژی کۆنفرانسدا دەبینرا بەشداریی هەموو چین و توێژەکان بوو. هەڤاڵان لە لیژنەکاندا زۆر بوێرانە و ئازادانە سەرنج و بۆچوون و پێشنیاز و رەخنەکانیان دەخستەڕوو، بە گفتوگۆیەکی هەڤاڵانەوە، تیشکیان دەخستە سەر هەڵەکانی رابروو و ئەو گرفت و بەربەستانەی دەبوونە هۆکار بۆ لاوازبوونی رێکخستەکانمان، تەنانەت رەخنەکانیش بۆ بنیاتنان بوو بۆ چارەسەر و جێگەکردنەوەی لە پێشنیاز و راسپاردەکاندا لەپێناوی رێکخستنەوەیەکی سەردەمیانە و هاوچەرخ بۆ ئەوەی تەواوی ڕێکخستنەکانمان کاری رێکخراوەیی خۆیان بکەن و ببنەوە بەشێک لە خەڵک، تا باشترین خزمەت بە کۆمەڵانی خەڵک بکەین، چونکە دواجار یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەرەتاوە لەپێناوی خەڵک و خۆشگوزەرانی و خزمەتکردنی خەڵک دروست بووە، هەر لەهەناوی کۆمەڵانی خەڵکیشەوە هەڵقوڵاوە و بۆیە ئامانجە سەرەکییەکەشی ژیانێکی ئارام و پڕ خزمەتکردنە، بۆیە دەتوانین بڵێین کۆنفرانسەکەی مەکتەبی رێکخستن کۆنفرانسێکی دروست و لە سات و کاتی خۆیدا بووە، بەو هیوایەی تەواوی پێشنیاز و راسپاردەکان پەسەند بکرێن  تا ئەو ئامانجانەی هەمانە بێنەدی.

کۆنفرانس نوێگەریی لە رێکخستنەکاندا دێنێتەکایەوە

وتارەکانی نوسەر