كـه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
په‌ندێكی كوردیی جوانمان هه‌یه ده‌ڵێت ( تا به‌د نه‌بینی به‌دخانه به‌یاد ناكه‌ی) واته تا خراپێك نه‌بینی، یادی خراپێكی پێشووتر ناكه‌یت. ئه‌م په‌نده كتومت بۆ ماراسۆنه‌كه‌ی خولی 35ی فێستیڤاڵی مه‌ربه‌دی شیعر له به‌سره گونجاوه كه به‌شدارییكردنی ژنانی تێدا قه‌ده‌غه كرابوو. له‌كاتێكدا ماراسۆنه‌كه وه‌ك شیعر خوێندنەوە و كۆڕه‌كان و هه‌ڵپه‌ڕكێ و گۆرانی، به‌شێك بووه له‌و فێستیڤاڵه ساڵانه‌یه‌ی له 1971ه‌وه رێكده‌خرێت، جاران له به‌غدا و له‌ساڵی 2003 به‌دواوه له به‌سره به‌ڕێوه‌ده‌چێت. سه‌یر له‌وه‌دایه پارێزگاری ئه‌و شاره به وه‌كاله‌ت، به راگه‌یاندنه‌كانی وتووه : له‌پێناوی سه‌لامه‌تیی گشتیدا به‌شدارییكردنی ژنانمان قه‌ده‌غه‌كردووه! لێره‌وه ناتوانم له‌و هه‌نجه‌ته لاوازه تێبگه‌م كه هێزێكی نه‌رمی وه‌ك ژنان ئه‌گه‌ر به‌شداریی له راكردنه‌كه‌دا بكه‌ن چۆن ده‌بن به مه‌ترسی بۆسه‌ر سه‌لامه‌تیی گشتی؟ به‌ڵام له‌وه دڵنیام ئه‌مجۆره دیاردانه ده‌مانخه‌نه ناو بۆسه‌ی بیركردنه‌وه له‌و راستییه‌ی وڵاتی عیراق كه له‌ڕووی داراییه‌وه هه‌رێمی كوردستانی به‌گیرهێناوه و هه‌وڵی زاڵكردنی هه‌ژموونه‌كه‌ی خۆی ده‌دات، تادێت هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌و دواوه ده‌كشێنه‌وه، له‌به‌رانبه‌ر زۆر و زه‌بری هێزه ئایدۆلۆژییه توندڕه‌وه‌كان و شه‌پۆلی كۆنه‌خوازه‌كاندا و له خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانێكی به‌رده‌وامدایه.. ئه‌و چالاكییه ئه‌ده‌بییه دێرینه ئومێدی كام ده‌ستكارییكردنه‌ی واقیع و داهێنانه‌ی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه نه‌توانێت هه‌لی راكردنی خانمانێك مسۆگه‌ر بكات. له‌وانه‌یشه وه‌عدی پله‌و پۆستی سیاسی و ئیداریی گرنگیش به ژنانی به‌سره درابێت له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا. ئینجا كه‌سانێك مافی به‌شدارییكردنیان له راكردنیاندا نه‌بێت له كوێ مافی دانیشتنیان ده‌بێت له‌سه‌ر كورسیی پۆسته شایسته‌كانی شاره‌كه‌یان. له‌ڕاستیدا كه ئه‌م دۆخه‌ی ژنانی باشووری عیراق ده‌بینین ده‌بێت له‌و رۆژه بسڵه‌مینه‌وه كه مۆدێلی ئه‌م نادادپه‌روه‌رییه‌ی فێستیڤاڵه ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی عیراق، لای خۆمان چاوی لێ بكرێت. بابه‌ته‌كه‌یش له رێگه‌نه‌دان به به‌شداریی ژنان له چالاكییه‌كدا گه‌وره‌تره، سبه‌ینێ سیمای زه‌ق و ره‌قتر وه‌رده‌گرێت و وه‌ك چۆن هه‌ره نووسه‌ره گرنگه‌كانی فێستیڤاڵه‌كه‌یش له سه‌یركردن به‌ولاوه هیچی دیكه‌یان پێ نه‌كرا، نووسه‌رانی ئێمه‌یش له ته‌ماشاكردن به‌ولاوه هیچیان پێ نه‌وترێت.وه‌ك نووسه‌رێك شه‌رم دامده‌گرێت كاتێك زوڵم و نادادپه‌روه‌ریی ده‌بینم یان كه خه‌ڵك بێ مووچه و برسیی ده‌كرێت و من بێده‌نگبم. چۆن ده‌توانین نووسه‌ربین ئه‌گه‌ر به‌ڕێكه‌وتیش ناڕه‌زایی ده‌رنه‌بڕین؟ له كۆتاییشدا ده‌ڵێم: یادی 54 ساڵه‌ی ته‌مه‌نی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد پیرۆز كه له 10/2/1970 مۆڵه‌تی ره‌سمی له‌به‌غدا وه‌رگرتووه و هیواداریشم فێستیڤاڵی ئاینده‌ی مه‌ربه‌دیش
ئازاد و ئازاتربێت.