هەڵوەستەیەك لەسەر كۆنفرانسی راگەیاندن و رێكخستن

(كۆنفرانسەكان لەنێوان ئومێد و نائومێدی) دا

11:13 - 2024-02-12
له‌تیف نێروه‌یی
223 خوێندراوەتەوە

لەتیف نێروەیی

كۆنفرانسی بۆردی راگەیاندن و مەكتەبی رێكخستن، پڕۆسەیەكە خۆی لە جێبەجێكردنی راسپاردە و بڕیارەكانی كۆنگرەی پێنجەمدا دەبینێتەوە، لەڕووی پراكتیزەكردنەوە دەكەوێتە خانەی تەواوكاری كۆنگرەی پێنجەم، چونكە ئەركی سەرلەنوێ رێكخستنەوەی پەیكەری ئۆرگانەكان و دانانی نەخشە و رێكارێكی نوێیە بۆ كاری ئۆرگانی كە لەگەڵ هەلومەرج و قۆناغی ئێستادا گونجاو بێت و ببێتە فاكتەری كۆكردنەوە و رێكخستنەوەی توانا مرۆییەكان و سەرلەنوێ‌ بەگەڕخستنەوەیان، ئەم ئەركە دیموكراسی و رێكخراوەییەش بۆ خودی ئۆرگانەكان بەجێهێڵراوە و ئەم ئامانجەش تەنها بە كۆنفرانسی ئۆرگانەكان دێتەدی.
لەڕووی رێكخراوەییەوە مەكتەبی رێكخستن بە شادەماری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەژمار دەكرێت، چونكە لەڕووی ژمارەی ئەندامەكانیەوە بە بەراورد بە كۆی ئۆرگانەكانی تری یەكێتی، زۆرترین ئەندامی هەیە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان و هەندێ پارێزگای دیكەی عیراق و تەنانەت لە تاراوگەش، هەمدیس لەڕووی بارەگا و فرە ئۆرگانی، بەهۆی مەڵبەند و كۆمیتەكانەوە زۆرترین بارەگای هەیە، هەروەها پەیوەندییەكی راستەوخۆی هەیە لەگەڵ هەموو ئۆرگانەكانی دیكەی یەكێتی، بۆردی راگەیاندنیش دیسانەوە یەكێكە لە ئۆرگانە گرنگ و كاریگەرەكان و دەنگ و رەنگی یەكێتی بە رای گشتیی حزبی و جەماوەریی لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق و جیهان، دەگەیەنێت.
پەیام و سیاسەتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەڕێی میدیای رەسمیی یەكێتییەوە بە رای گشتی دەگات و هەر لەڕێی میدیاوە رای گشتیی حزبی بۆ هەڵبژاردن و پرسە جۆراوجۆرەكان دروست دەكات و سیاسەتی راست و دروستی یەكێتی شیدەكاتەوە و بەرگری لێ دەكات. بۆیە كۆنفرانسی مەكتەبی رێكخستن و بۆردی راگەیاندن كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر هەموو ئۆرگانەكانی دیكەی یەكێتی و دەبێتە سەرەتایەكی ئەرێنی بۆ خۆسازدانەوەی تەواوەتی لە كایەی ژیانی حزبی و رێكخراوەییدا.
كۆنفرانس
 لەنێوان ئومێد و نائومێدی دا

لەكاتی بەڕێوەچوونی هەردوو كۆنفرانسدا، زۆربەی ئەندام و بەشداران بە جۆش و خرۆشێكی زۆرەوە بەشدارییان لە لیژنەكاندا دەكرد و ئومێدێكی گەورەیان بۆ كۆنفرانسەكان و پاشانیش بۆ دەرەنجام و راسپاردەكانی هەڵچنیبوو، دیدێكی وا هەبوو كە كۆنفرانسەكان گۆڕانكارییەكی گەورە بە دوای خۆیاندا دەهێنن و چارەسەرێكی ریشەیی بۆ كۆی كێشەكان فەراهەم دەكەن، بەڵام رێژەیەكی كەمیش دوودڵبوون لەوەی كە كۆنفرانسەكان بتوانن خواستەكانیان بێنێتەدی و دەیانوت: «تۆ بڵێی كۆنفرانسەكەمان هیچی لێ شین بێت؟» خۆ هەندێ هەڤاڵیش دەیانوت: «كۆكردنەوەی ئەم هەموو هەڤاڵانە كە لە سنووری هەموو پارێزگاكان هاتوون، خۆی لە خۆیدا هەنگاوێكی ئەرێنییە».
هەرچەندە هێشتا زووە كە بتوانین هەڵسەنگاندنێكی ورد و بابەتیانە بۆ ئەنجامی كۆنفرانسەكان بكەین و ئەو ئەنجامەش بكەینە بناغەی بەراوردێكی هەمەلایەنە لەنێوان قۆناغی پێش كۆنفرانس و دوای كۆنفرانس بۆ هەردوو ئۆرگانی مەكتەبی رێكخستن و بۆردی راگەیاندن، چونكە هێشتا راسپاردەكانی كۆنفرانسەكان بە تەواوەتی نەكەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە جێبەجێكردنیان پێویستی بە كات و دەرفەتێكی دیاریكراو هەیە و بەشێك لە راسپاردەكان پێویستی بە بڕیاری سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەكتەبی سیاسی هەیە، هاوكات بەشێكیان پێویستیان بە هاوكاری مەكتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی هەیە، لەهەمانكاتدا بەشێكی دیكەیان پەیوەستن بە خودی دەسەڵاتی هەردوو ئۆرگانی مەكتەبی رێكخستن و بۆردی راگەیاندن. ئەوەی پەیوەستە بە خودی ئۆرگانەكانیش دیسان پێویستی بە كاتێكی دیاریكراو هەیە، تاوەكو بەپێی پلانێكی دیاریكراو جێبەجێ دەكرێت، بەڵام هەندێ خاڵی ئەرێنی وەك سەرەداوی سەرەتایی پێمان دەڵێن: (بەڵێ ئەنجامی كۆنفرانسەكان بە رێژەیەكی دیاریكراو ئەرێنی دەبێت).

ئاشتكردنەوەی سەدان كادری رێكخستن و بەگەڕخستنی چەندین قەڵەمی بەتوانا
ـ راسپاردەیەكی بۆردی راگەیاندن تایبەتە بە كۆكردنەوە و بەگەڕخستنی توانا مرۆییەكانی بواری راگەیاندن و بەشێكی ئەم راسپاردەیە كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و لەدوای كۆنفرانسەوە سێ گۆشەی گرنگی رۆژنامەی كوردستانی نوێ بە قەڵەمی سێ نووسەری دیاری كورد لە ئێستادا كەوتوونەتە بەر دیدی خوێنەران كە پێشتر ئەو سێ قەڵەمە لە میدیای یەكێتی دابڕابوون و چاوەڕوان دەكرێت چەندین قەڵەمی دیكە لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ دەستبەكار ببن. 
ـ سنوورداركردنی هەواڵی تەشریفاتی و بروسكەی پرسە و پیرۆزباییەكان لەسەر لاپەڕەی رۆژنامە و شاشەی تەلەفزیۆنەكانی یەكێتی بە بەرهەمی كۆنفرانسەكە دادەنرێت. هەروەها لە ئایندەیەكی نزیكدا لەڕووی پەیكەربەندی و پەیامی میدیاییەوە پڕۆسەكە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و گۆڕانكارییەكان لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان دەردەكەون. 
سەبارەت بە كۆنفرانسی مەكتەبی رێكخستنیش ئەوەی كە هەر زوو سەرنجی بەشداربووانی كۆنفرانسەكەی راكێشا، یەكلاییكردنەوەی پرسی ئەنجومەنی راوێژكاران و پشتیوانی بوو كە تا رادەیەك دوو ئەنجومەنی بێ ئەرك بوون و خۆیان بە فەرامۆشكراو دەزانی. لەڕێی كۆنفرانسەوە، سەرلەنوێ ئەو دوو ئەنجومەنە لە چوارچێوەی بەشێكی نوێدا بە ناوی بەشی ئەنجومەنی پشتیوانی رێكدەخرێن و دوو ئەركی گرنگ و كاریگەر بە هەڤاڵانی ئەو ئەنجومەنە دەسپێردرێن. ئەویش ئەركی چاودێریكردن و هەڵسەنگاندنی كاروباری ئۆرگانەكانی رێكخستنە لە سنووری مەڵبەند و كۆمیتەكان، كە رۆڵی پەرلەمانی حزبیی لە سنووری ئۆرگانەكانی خۆیان دەبینن. بەم رێكار و ئەركە نوێیە نەك هەر كۆتایی بە نیگەرانییەكانی سەدان كادری سنووری مەڵبەند و كۆمیتەكان دێت، بەڵكو ئەو سەدان كادرە دەبنە كارەكتەری سەرەكی لە بەجێگەیاندنی ئەركە حزبییەكان. دەتوانین بڵێین قەبارە و سەنگی كۆنفرانس كە زۆرترین هەڤاڵی ئۆرگانەكان تێیدا بەشدار بوون، بێ كەموكوڕی و وردە گلەیی نابێت، بەڵام رادەی دەستكەوت و لایەنە ئەرێنییەكانی بەرەو گەیشتن بە ئامانج ئاراستەمان دەكات، بەتایبەت كۆنفرانسێك كە بتوانێت سەدان كادری رێكخستن ئاشت بكاتەوە و بە فۆرمێكی نوێ رێكیان بخات و بەرەو جێبەجێكردنی ئەركێكی ئۆرگانی ئاراستەیان بكات، هەروەها كۆنفرانسێك كە بتوانێت چەندین قەڵەمی دیار و بەتوانا ئاشت بكاتەوە و سەرلەنوێ رێكیان بخات و بۆ خزمەتكردنی پەیام و سیاسەتی فەرمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەگەڕیان بخات، بەدڵنیاییەوە ئەو كۆنفرانسە بە كۆنفرانسێكی بەرهەمدار و سەركەوتوو ئەژمار دەكرێت.

دیمەنێک لە كۆنفرانسی مەکتەبی رێكخستن

دیمەنێک لە كۆنفرانسی بۆردی راگەیاندن

وتارەکانی نوسەر