لەناو رووداوەکاندا

هەڵبژاردنێكی كاتی

11:39 - 2022-05-09
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
537 خوێندراوەتەوە

(13)

سەید موقتەدا سەدر لەدوای ئەوەی چل رۆژی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی دانا بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی پێنجەمی حكومەتی عیراق، ئێستا داوای لە پەرلەمانتارە سەربەخۆكانی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە كە ئەوان دەست بە گفتوگۆكانیان بكەن بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنێکی سەربەخۆ کە ژمارەیان لە چل پەرلەمانتار کەمتر نەبێت و بە چوونە پاڵ گەورەترین هاوپەیمانی حکومەت پێک بهێنن.  سەید موقتەدا سەدر هێزێكی دینی لە پشتە، ئەگینا خوێندنەوەی دۆخە ئەمنی و كۆمەڵایەتییەكەی عیراق كۆمەك بەم شێوە كاركردنە ناكات و خاڵێكی نەرێنییە.
بە لەبەرچاوگرتنی دۆخە سیاسی و ئەمنییەكەی عیراق، قورس دەبێت بۆ پەرلەمانتارە سەربەخۆكان بتوانن ئەم پرسە یەكلابكەنەوە،  چونكە لەكاتێكدا هاوپەیمانێتییەكەی «سەدر، حەلبوسی و پارتی» نەیانتوانی كابینەی پێنجەم پێكبهێنن و چوارچێوەی هەماهەنگیش بەپێی تویتەكەی سەید موقتەدا سەدر شكستیان هێناوە لە گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی پێنجەم، كەواتە ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا چەند پەرلەمانتارێكی سەربەخۆ چۆن دەتوانن پرسێكی وەها گەورە و هەستیار یەكلا بكەنەوە؟
ئەوە شتێكی راستە كە سەید موقتەدا سەدر بۆ شیعەكان و بەتایبەت سەدرییەكان خاوەن هێزێكی رۆحی گەورەیە و شیعەكان خۆشیان دەوێت و زۆرجاریش توانیویەتی شەقامی عیراقی لە سوودی خۆیی و بە ویستی خۆی بجوڵێنێت، بەڵام رەنگە لە سەروو هەموو شتێكەوە رووداوەکان بە پێچەوانەی خواست و تواناکانی ئەو بشکێنەوە.
لەدوای هەڵبژاردنە پێش وەختەكەی 10ی تشرینی یەكەم، تەواوی هەنگاوەكانی سەید موقتەدا سەدر بۆ پێكهێنانی كابینە نوێیەكەی عیراق بەو شێوەیە نەشكایەوە كە دەیویست، چونكە دۆخە سیاسی و ئەمنییەكە شتێكە و خەونی حكومەتی زۆرینەش شتێكی دیكەیە. تەنانەت هەندێك بۆچوون هەن پێیانوایە هەنگاوەكانی سەید موقتەدا سەدر وایكرد ئاسان ئەم كابینەیە پێك نەهێنرێت.
ئەوەی هەستی پێدەكرێت رۆژانی ئایندە جارێكی دیكە عیراق دەكەوێتەوە ناو گێژاوی لایەنەكانەوە بۆ پێكهێنانی كابینە نوێیەكەیان، بەڵام ئێستا لە عیراقدا بۆچوونێك بەدەركەوتووە كە لە نێوان دوو بژاردەدا یەكێكیان بە گونجاو دەزانن بۆ دەربازبوونی عیراق لەم دۆخەی ئێستا، بۆچوونی یەكەم وازهێنانی سەید موقتەدا سەدرە لە پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی، بۆچوونی دووەمیش ئەوەیە كە جارێكی دیكە لە عیراقدا هەڵبژاردن بكرێتەوە كە ناوی لێ نراوە هەڵبژاردنی كاتی.
لە دەرەوەی لۆژیكی تەوافوق كە گونجاوترین رێگا بوو بۆ پێكهێنانی كابینەی پێنجەمی عیراق، ئەوەی لە كەسایەتی سەید موقتەدا سەدر دەخوێنرێتەوە ئەوەیە كە پێناچێت رابەرەكەی رەوتی سەدر لە بۆچوونی خۆی پەشیمان ببێتەوە و واز لە بۆچوونی زۆرینەی نیشتمانی بهێنێت، بەڵام رێگای دووەم كە هەڵبژاردنی كاتییە رەنگە بتوانێت بۆ ئەم كات و ساتە كە عیراق لە ناو هەر ماڵێكی كوردی، سوننی و شیعیشدا دوو ئاراستە و دوو بەرە هەیە، هەنگاوێك پڕۆسەكە بباتە پێش و بەشێوەی كاتی عیراق لەو چەقبەستووییە دەربكات، ئەگەرچی ئەمەش كاتی دەوێت و تێچووی زۆری دەوێت، بەڵام وەك چاودێران دەڵێن كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق خۆیان بۆ حاڵەتێكی لەم شێوەیە ئامادەكردووە.

وتارەکانی نوسەر