بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی سەركەوتوو

10:55 - 2024-02-21
هاشم غەمگین
282 خوێندراوەتەوە

هەناردەكردن پێشكەوتن و ئاستی گەشەسەندنی وڵاتەكەت پیشان دەدات لە بواری بەرهەمهێناندا، بەواتایەكی تر وا دەكات ئابووری وڵاتەكەت بەشێوەیەكی سەقامگیر و تۆكمە و پتەوتر دەربكەوێت،
ئەمەش قورسایی بەرهەمهێنان و هەلی كاری وڵاتەكەت دەباتە قۆناغێكی دروست و هاوسەنگەوە، واشدەكات هەرزانی بكەوێتە بازاڕەوە و خواست و دڵنیایی زیاتر لەسەر كاڵاكان مسۆگەر بێت، لەكاتێكدا ئەگەر قورسایی بەهای دراوت بەرزتر بێت لەچاو وڵاتانی دەوروبەر،ئەمەش هێندەی تر ئابووری وڵاتەكەت پێشكەوتوو تر دەكات.
ئێمە لە كوردستان لە ئێستا و پێشتریش بەكاربەری هاوردە بووین،وەك لە بەكاربەری بەرهەمی ناوخۆیی، بۆیە بەشێک لە بازرگانەكان، كام كاڵایەی ئاست و كوالێت نزمە، هاوردەی ناوچەكەیان كردووە و ساغ كراوەتەوە بۆ ئەوەی قازانجی زیاتر بكەن.
دەبێت پڕۆسەی هاوردەكردن و هەناردەكردن مۆڵەت و مەرج و رێكاری یاسایی بۆ دابنرێت، بۆئەوەی بەرهەمەكان لەهەر بوارێكدا بێت،متمانە و دڵنیایی لەلای بەكاربەر دروست بكات،بۆئەوەش بەرهەمەكان بەشێوەیەكی نموونەیی ئامادە و رێكبخرێن و بخرێتە بازاڕەوە بۆ ساغكردنەوەیان.
دەبێت لە كوردستان كار بۆ ئەوە بكرێت پیشەسازی بەرهەمهێنان و قەبارەی هاوردە و هەناردەكردن هاوسەنگ بێت. بۆئەوەی قەیران و هەڵاوسان دروست نەبێت، دەبێت ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بنرێت:
ـ رێگری لە هاوردەكردنی هەر كاڵایەك بكرێت، كە لەناوچەكەدا بەرهەمهێنانی هەبێت.
-هەناردەكردن بەجۆرێك رێگەپێدراو بێت،ئاستی بەرهەمهێنان زیاتر بێت لە خواست و داواكاری ناوخۆیی.
-هەناردەكردن بەجۆرێك رێگەپێدراو بێت،گرانی لەسەر نرخی هەر كەلوپەل و كاڵایەك دروست نەكات.
_هەناردەكردنی كاڵاو شمەك بۆ وڵاتانی تر، وا دەكات بەرهەمهێنان زیاتر بێت و كەرتی تایبەت زیاتر بەرەو بوژانەوە بچێت.
_رەچاوكردنی تەندروستی و كوالێتی ئەو كاڵایەی هاوردەی كوردستان دەكرێت،بۆ ئەمەش دەبێت كوالێتی كۆنتڕۆڵ لەسنوور و مەرز و بازگەكاندا، توندوتۆڵ بێت و ڕێگە بە بەرهەمی خراپ نەدات بێتە ناوچەكەوە. دەبێت بەرهەمهێنان لەڕووی كوالێتییەوە پێگەیەكی بەرزی هەبێت،
-زیادكردنی باج و گومرگ لەسەر ئەو كاڵایەی هاوردەی ناوچەكە دەكرێت،ئەگەر هاتوو ئەو كاڵایە لەناوچەكەدا بەرهەمهێنانی هەبێت.

بەرهەمهێنانی ناوخۆیی دەبێت بە جۆرێك بێت، توانای ركابەری بەرهەمی هاوردەكراوی هەبێت. هاوردەكردنیش بە شێوەیەك ڕێگە پێدراو بێت، لە بوارێكدا بەرهەمت نەبێت، ئەویش باج و گومرگی كەمی لەسەر دابنرێت،بۆئەوەی لەنرخدا لەبازاڕ هەرزانتر بكەوێت. 
ساڵی پار لە بواری كشتوكاڵدا توانرا چەند بەرهەمێك هەناردەی چەند وڵاتێك بكرێت،وەك بەرهەمی پەتاتە،هەنار،سێو،هەنگوین. ئەمەش یەكەم هەنگاوی هەناردەكردن بوو لە مێژووی حكومڕانی كوردستاندا، ئەگەر هاریكاریی و پشتیوانی جووتیاران بكرێت، لەمساڵدا پڕۆسەی هەناردەكردن زیاتر دەبێت. بوژانەوەی پڕۆسەی بەرهەمهێنان وا دەكات، دڵنیایی تەندروستی و سەلامەتی لەسەر كاڵاو شمەكەكان مسۆگەر بێت، لەبەرئەوەی بەرهەمەكان  لەژێر چاودێریی ناوخۆیدان و لە نرخیشدا هەرزانتر دەكەون، چونكە باج و گومرگیان ناچێتە سەر و كرێی گواستنەوەیان كەمترە.

وتارەکانی نوسەر