خووی خراپ چییە و یۆگا چۆن کار لەسەر وازهێنان لە خووی خراپ دەکا؟ هەر بیرکردنەوە و کردارێک ئەگەر بۆ لەشساغی جەستەیی و دەروونی خراپ بێ و بە هۆی دووبارکردنەوەی زۆرەوە و ببێتە بەرنامەی ناخودئاگا «نەست»مان و لەوەبەدوا خۆکار دووبارە بێتەوە یان ناچارمان بکا دووبارەی بکەینەوە ئەوە خووی خراپە. هەموو کەس لە بوارێک یان لە چەند بوارێکدا، وەک بواری خۆراک، خەوتن، سێکس، هاموشۆی کۆمەڵایەتی و پارەخەرجکردن و...هتد بە داوی یەک یان چەند خوویەکی خراپەوە بووە.
خووی خراپ بریتییە لە دووبارەکردنەوەی بیرکردنەوەیەک یان کردارێک لە بوارێک لە بوارەکاندا کە بۆ لەشساغی جەستەیی و زەینیی خراپ بێ. بۆ نموونە کاتێ ئێمە بابەتەکان لە زەینماندا زۆر لێکدەدەینەوە، زەینمان لەسەر بیرکردنەوەی بەردەوام رادێنین، لێرەوە لێکدانەوە و بیرکردنەوە دەکەین بە خوویەکی خراپ و دواتر بە دەستییەوە دەناڵێنین و دەبینە خاوەنی زەینێکی نائارام تەنانەت لە خەویشدا. بە هەمان شێوە کاتێک لە بوارەکانی خۆراک و خەوتن و سێکس و...هتددا بە داوی کردارێکی ناسروشتییەوە دەبین و دووبارەی دەکەینەوە، لەڕاستیدا خەریکین ئەو کردارە دەکەین بە خوویەکی خراپ و لە درێژخایەندا خۆ دەربازکردن لێی زۆر دژوار دەبێ، بۆ؟ لەبەر ئەوەی هەر بیرکردنەوە یان کردارێک ماوەی مانگێک دووبارە بکەینەوە، لە خودئاگاوە (هەست) دەچێتە نیوەئاگا (یادگە) و لەوێوە دەچێتە ناخودئاگا (نەست)وە، کاتێ گەیشتە نەستەوە دەبێتە خوو، لێرەوە وەک بەرنامەیەکی خۆکار خۆی بە بێ ئاگاداری ئێمە دووبارە دەبێتەوە و بە تەواوی ئێمە کۆنتڕۆڵ دەکا، هەر کاتێک ئەم خووە جووڵا کارەکەمان پێدەکا و ئێمەش ناتوانین نەیکەین.
خووە خراپەکان لە هەموو روویەکەوە هەر یەکەی بەئەندازەی خۆی وزە و کات و تواناکانی ئێمە بەفیڕۆ دەدەن و ئێمەش ئەوە دەزانین و پێمان ناخۆشە، بەڵام نازانین چیبکەین!
یۆگا رێگایەک بۆ پێشگرتن لە تووشبوون بە خووی خراپ و رێگایەکیش بۆ وازهێنان لە خووی خراپ پێشنیاز دەکا، هەرچەند هەموو راهێنانەکانی یۆگا ئەگەر بە بەرنامە و بە بەردەوامی بکرێن دەبنە هۆی پێشگرتن و خاوێنبوونەوە لەخووی خراپ. رێگای پێشگرتن ئەوەیە هەمیشە لە رێگەی خودئاگاتەوە دەزانی رۆژانە چیدەکەی و چی دەخۆی و چی دەخۆیتەوە، یۆگا دەڵێ هەر کاتێ زانیت بۆ نموونە قاوەخواردنەوەکەت خەریکە دەبێ بە خوو، واتە حەفتەیەک یان دوو حەفتەیە هەموو رۆژێ قاوەیەک دەخۆیتەوە، پێشی پێبگرێ، واتە لەوە بەدوا چەند رۆژ جارێک قاوەیەک بخۆوە یان ئەگەر لە دانیشتنێکدا تووشبوو بیخۆوە، بەڵام ئەو کاتانەی هەر خۆتی بەلایدا مەچوو، بەمشێوەیە پێش بەوە دەگری خواردنەوەی قاوە ببێ بە خوو لە تۆدا.
هەروەها بۆ وازهێنان، یۆگا پێشنیاز دەکا خووەکە ئازاد بکە، لێگەڕێ با هەبێ، قبووڵی بکە و ململانێی لەگەڵ مەکە، چونکە سروشتی زەین ئاوایە: (هەر شتێک سەرکوت بکەی یان شەڕ لەگەڵ هەر شتێک بکەی، ئەو بەهێزتری دەکا). ئێمە دەبێ بە جێگەی ئەوە ئەو شتە قبووڵ بکەین، بەڵام لەولاوە بۆنموونە کاتەکانمان بە یۆگاکردن یان کتێب خوێندنەوە یان بینینی فیلمی باش یان شاخەوانی و گشت و سەیران پڕ بکەینەوە و لەسەر ئەوانە بەردەوام بین، دوای ماوەیەک سەیر دەکەین ئەو خووە لە ئێمەدا یان زۆر لاوازبووە یان نەماوە، یانی بۆی ئەوەی تاریکی نەهێڵی نابێ شەڕ لەگەڵ تاریکی بکەی، بەڵکو دەبێ چرایەک داگیرسێنی.