لاپەڕەیەكی ونكراوی مێژووی شۆڕشی ئەیلوول

09:55 - 2024-02-25
مامۆستا جەعفەر
168 خوێندراوەتەوە

حوزەیرانی ساڵی 1963 رژێمی بەعس بەیانێكی توند و زبری لە رادیۆ و تەلەفزیۆن و رۆژنامەكاندا دژی بەڕێزان: شێخ جەباری جەباری و عادل عیزەت ئەحمەدی جەباری بڵاوكردەوە. داوای كردبوو ئەم دوو كەسایەتییە، بە زیندوویی یان مردوویی دەست بەسەر بكرێن. گوایە ئەم دوو كەسایەتییە ئاڵای یاخیبوونیان دژی رژێمی بەغدا بەرز كردۆتەوە و زیانی قورسیان بە سوپای عیراق و دامەزراوە گرنگەكانی گەیاندووە. بەیانەكەی رژێم، هەردووكیان بە ( الشقی ...) ناو دەبات. پێش ئەم بەیانە، حكومەتی بەغدا دژی هیچ سەركردە و دامەزراوەیەكی شۆڕش بەیانی فەرمی دەرنەكردووە . 
شێخ جەبار جەباری كێیە و بۆ حكومەت ئەم بەیانە توندەی دژی ئەم و كاك عادل دەركردووە؟
شێخ جەباری جەباری ( 1897- 1964 ) كوڕی سەید محەمەدی جەبارییە، سەرۆكی عەشیرەتی جەباری و پیاوێكی خوێندەوار و زیرەك بووە. سەید محەمەدی جەباری، یەكێك بووە لە سەركردە مەزنەكانی بزوتنەوەكەی شێخ مەحمودی حەفید .
شێخ جەباریش پەیوەندییەكی توند و تۆڵی لەگەڵ شێخ مەحمودی حەفید هەبووە و لە نامەیەكدا شێخ مەحمودی حەفید بە خاڵۆزای ئازیز ناوی دەبات. بەدرێژایی چلەكان و پەنجاكانی سەدەی پێشوو، چەندین جار تووشی گرتن و دوورخستەوەی زۆرەملێ بووە. مەلیك فەیسەلی دووەم لە قەسری ریحاب پێشوازی لێی كردووە. بە یەكێك لە كەسایەتییە ناودارەكانی عیراق دانراوە . 
پاش ئەیلوولی 1961 داوای لە هەموو ماڵێكی دێهاتی جەباری كردووە، چەك بكڕن و خۆیان بۆ پشتیوانی شۆڕش و خەبات ئامادە بكەن. رەوانشاد مام جەلال لە تەكیەی جەباری سەردانی كردووە. سەرەتای شەستەكان لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی رەوانشاد مەلا مستەفای بارزانی لە ناوپرداندا پێشوازی لێ كردوون . 
عادل عیزەت جەباری ساڵی 1960 لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا، ئەندامی لقی كەركوكی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە . ئەیلوولی 1961 روو دەكاتە شاخ.  لە ئەنجامی ئازایەتی و چالاكی پێشمەرگانە و ئاستی رۆشنبیری سیاسی، دەبێتە فەرماندەی هێزی گەرمیان . 
ساڵی 1963 پلانێكی تۆكمە دادەنێت، بە دەستەیەكی بچووكی (پ . م ) پەلاماری چاڵە نەوتی زەمبوور دەدەن و دەیگرن. هەرچەند هێزێكی سەربازی گەورەی رژێم، پاسەوانی ئەو چاڵە نەوتە دەكات. سەربازەكانی پاش بە دیل گرتنیان سەریان لەوە سووڕدەمێنێت، چۆن هێزێكی وا بچووك توانیویەتی لە ماوەیەكی كورتدا ئەو چاڵە نەوتە بگرێت و ئەو هێزە داماڵەخاس بكات؟
كاك عادل عیزەت: شەهیدێكی زیندووە، ساڵی 1964 لە شەڕێكی قورس دا، بە خەستی بریندار دەبێت. ئەم پیاوە ئەوەندە پاك و دڵسۆز و ئازا بووە . لە هەمان ساڵدا كارەساتی شەڕی براكوژی روودەدات . لەو كاتەوە دەڵێت (نابێ كورد دەست بخاتە خوێنی یەكتریەوە) بەلایەوە زەحمەت دەبێت درێژە بەكاری فەرماندەیی پێشمەرگەیی و چالاكی سیاسی بدات و تا ئەمڕۆ جارێكی دی تێهەڵنەچۆتەوە و بە سەربەرزی دەژی .
هیوادارم خەمخۆران و ئەوانەی لە بواری ئەرشیڤ كار دەكەن، هەوڵبدەن بەیانی حكومەتی عیراق سەرلەنوێ بڵاوبكەنەوە و بە تێروتەسەلی لەسەر ئەم دوو كەڵەپیاوە تێكۆشەر و خەباتگێڕە بنووسن، هێشتا بەڵگەنامەی زۆر لەبەر دەستدا ماوە و كەسانی بەتەمەنیش دەتوانن شایەتی خۆیان بۆ مێژوو بدەن . بەم كارەشیان مێژووی گەلی كورد دەوڵەمەندتر دەكەن.

وتارەکانی نوسەر