سنوور قایمكردن، یان وێرانكردنی دێهاتی سەرسنوور؟

09:52 - 2024-02-26
مامۆستا جەعفەر
219 خوێندراوەتەوە

مامۆستا جەعفەر

حكومەتی عیراق ئێستا سەرقاڵی قایمكردنی هەموو سنوورەكانە بۆ خۆپاراستن  لە پەلاماری گروپە تیرۆریستەكان و قاچاخچێتی و ... تاد. دەوڵەت و حكومەت مافی خۆیانە لە مەترسییەكانی ئەودیوی سنوور خۆیان بپارێزن. ئەوەی سێبەری ترس و دڵەڕاوكێ بۆ گەلی كورد دروست دەكات، شێوەی جێبەجێكردنی پلانەكەیە، بەتایبەتی لە مەندەلییەوە بۆ تەوێڵە.
بڕیارەكە لەلایەن (قیادة قوات حرس الحدود العراق)ەوە دەرچووە. لە رۆژئاوای عیراق بە دیواری كۆنكرێتی سنوور قایمدەكرێت. لە مەندەلییەوە بۆ تەوێڵە، بە تەلی دڕكاوی و ئینگلاین سنوور بەست دەكرێت. پلانەكە بڕیاری حكومەتی عیراقە، پەیوەندیی بە ئێران و سوریا و توركیا و ئوردن و سعودیەوە نییە.
كاك كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەغدا -فراكسیۆنی یەكێتی-، كە خەڵكی (مەحمود قەجەر)ە پێیوتم: جێبەجێكاری پلانی قایمكردنی سنووری ئەم ناوچەیە، كە درێژییەكەی بە نزیكەی (300)كم مەزەندەدەكرێت، رادەستی بەڵێندەرێكی عەرەب كراوە. بێگومان ئەگەر ئەم كارە ئەنجام بدات، دەبێت بە (ملیم) لە هێڵی سنووری رەسمی لانەدات. ئەو  گوێی لە چارەنووس و گوزەرانی خەڵك نییە، تەنیا سوود و بەرژەوەندیی خۆی رەچاو دەكات و دەیەوێت بە هەرزانترین مەسرەف لێی دەربچێت. بۆیە بە زیانی هەموو دێهاتەكان تەواو بێت یان تەواو نەبێت، لای ئەو، مێشێك میوانی نییە.
تەنیا ئاوایی (مەحمود قەجەر) بۆ نموونە نزیكەی (4000) چوار هەزار دۆنم ئەرزی بكێڵی لە دەست دەڕوات. خەڵكی گوندەكە ناتوانن وەكو جاران كشتوكاڵی خۆیان لەوێ بكەن. رووباری (قۆرەتوو) لە ئاوایی (سالار)ەوە تا (باوە های) لە ساڵی (1913) سنوورە تا ئەم چركەیە، كەچی كاكی بەڵێندەر لەم دیو چەمەوە تەلبەندەكەی راكێشاوە، لەمەودوا خەڵكی ئەم دێهاتانە ناتوانن باخەكانیان ئاو بدەن و ئاژەڵەكانیان بۆ سەرچەم بەرن.
بەبۆچوونی كاك كاروان یاروەیس: تێكڕا تەلبەندەكە 3-4 كم لە خاكی عیراق دادەبڕێت. ئەمەش بۆ دانیشتوانی سەرجەم دێهاتی سەرسنوور كارەساتە.
پێویستە بەڕێزان: سەرۆك كۆماری عیراق، سەرۆك وەزیران عیراق، سەرۆكی هەرێم  و سەرۆك وەزیرانی هەرێم، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە زووترین كات، پلانی ئەم بەڵێندەرە راست بكەنەوە، چونكە ئەگەر پلانەكە بەگوێرەی ویستی بەڵێندەرەكە جێبەجێ بكرێت، ئەوە ژیان و ژیواری هەزاران هاووڵاتی دەكەوێتە مەترسییەوە.

وتارەکانی نوسەر