لەناو رووداوەکاندا

هەڵبژاردنەکانی ئێران لە نێوان ستایش و رەخنەدا

09:59 - 2024-03-04
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
302 خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

خولی 12ی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمان لە ئێران بەڕێوەچوو، سەرەڕای ئەوەی بۆ دووجار کاتی دەنگدان درێژکرایەوە و تا سەعات 12ی شەویش دەنگدان بەردەوام بوو.
رەنگە کۆی پڕۆسەکە شایانی چەندان رەخنەی ناوخۆیی و دەرەکیش بێت، بەڵام لە راستیدا بۆ وڵاتێکی وەک ئێران، جگە لە رەخنە و لێکەوتە ناوخۆییەکانی دوای هەڵبژاردن، هەموو رەخنەکانی دەرەوە شتی زیادەن یان ناپێویستن، چونکە تێڕوانینی جیهانی بۆ ئێران شتێک نییە تەنها لە چوارچێوەی مومارەسەکردن و نەکردنی هەڵبژاردندا مابێتەوە، بەڵکو پرسی ئێران و وڵاتانی ئەوروپا شتێکە لە دەرەوەی هەڵبژاردنە و قووڵتر و فرەباسە. 
بۆیە بەلای زۆرێکی شارەزایانەوە کە سەرنجی پڕۆسەکەیانداوە، ستایشی ناوخۆیی و یەکگرتوویی بەرامبەر بەڕێوەچوون و دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان، گەلێک گرنگترە بۆ ئێران وەک لە رەخنەکانی دەرەوە کە دژی ئێرانن.
هەڵبژاردنەکانی ئێران، ئەوەندەی بۆ ئێرانییەکان گرنگە، هێندە بۆ جیهان گرنگ نییە، چونکە ئەم هەڵبژاردنە ئەگەر دیموکراسییانە و بێ ساختەکردنیش تێبپەڕینایە، ئەوا کۆمەڵگەی ئەوروپی و خۆرئاوایی، وێنەیەکی ئەوەندە خراپ و بێزراویان بۆ ئێران دروستکردووە کە ئەستەمە بە هەڵبژاردنێک و دوان و هەندێک جووڵەی دیموکراسیانە، شێوە و قەبارەی ئەو وێنەیە بگۆڕێت و تێڕوانینیان دەرهەق بە دیموکراسی لە ئێراندا بەرەو باشتر بچێت. 
هاوکات گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە بۆ ناوخۆی ئێران و ئێرانییەکان لەوەدایە کە دەتوانێت ناکۆکییەکانیان تێپەڕێنێت و پتەوتر پیشانیان بدات لەئاست هەر رەخنە و هێرشێکدا دەکرێتە سەریان.
هەر رەخنەیەکیش لە دەرەوەی ئێرانەوە ئاراستەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و لێکەوتەکانی بکرێت، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بڕیارەکانی ئەو وڵاتە نابێت، تەنانەت درێژکردنەوەی هەڵبژاردنیش تا سەعات دوانزدەی شەو، بۆ هەر وڵاتێک کەموکورتی بێت، ئەوا بۆ ئێرانییەکان هەوڵدان بووە بۆ رێکخستنێکی تەواوی دەرئەنجام و دواجار هەر ئەوەش بۆ ئەوان گرنگە. 
ئەوپەڕی ناتێگەشتنە پێمانوابێت، دەبێت ئێران لە رێگەی هەڵبژاردنەوە ئەوە بکات کە جیهان دەیەوێت و ئەوەش بەرهەمبهێنێت کە دیموکراسی دەیخوازێت.
بەمانایەک لە ماناکان، دەسەڵاتی سیاسی لە ئێراندا جگە لەوەی بەلایەوە گرنگە ئێرانییەکان چی بڕیارێک دەدەن لەسەر گۆڕینی روخساریی سیاسیانەی دەسەڵات، بەلایەوە گرنگ نییە کێ رەخنە دەگرێت و کێ هەڵبژاردنەکەی بە دڵ نابێت، تەنانەت ئەگەر لەو وڵاتەدا هەڵبژاردنیش نەکرێت ئەوە شتێک نییە وڵاتانی دوور لە جەمسەری ئێران بۆچوونی لەسەر بڵێن.
هەڵبژاردن لە دۆخی ئێستای ئێراندا، ئەگەر تێپەڕ و شتێکی نەخەمڵیویش بێت، زۆر جێگەی رەخنە و هەڵای گەورە نییە، بەڵکو ئەوە هەڵکردنە لەگەڵ دۆخی سیاسی ئێران و ئەو کەشوهەوا نالەبارەی کە ئێرانی تێدایە، ئەوەش وایکردووە ئێرانییەکان لەم هەڵبژاردنانەدا زۆر گرنگی بە بڕیاری دەرەوە نەدەن.

وتارەکانی نوسەر