8ی مارس بیرهێنانەوە یاخود ئاوڕلێدانەوە؟

10:10 - 2024-03-07
دێرین جەمال
247 خوێندراوەتەوە

لە سەرەتاکانی سەدەی رابردوودا، لە ویلایەتی شیکاگۆ لە ئەمریکا کۆمەڵێک ژن لەمینی فاکتۆرێکدا ماندەگرن، پاش ئەم رووداوە مینی فاکتۆرەکە دەسووتێت و 25 ژن دەبنە قووربانیی و دەسووتێن.
دەستپێک بۆ ناڕەزایی ژنان
ئەم رووداوە دەکەوێتە رۆژی هەشتی  مارسەوە، لەو رۆژەوە ئەم رووداوە  بۆتە دەستپێک بۆ بەئاگاهێنانەوەی ناڕەزایی ژنان بەرامبەر بەو پێشێلکارییانەی بەرامبەریان دەکرێت، هەروەها بۆ بەئاگاهێنانەوەی دەنگی ناڕەزایی ژنان بەرامبەر بەو پێشێلکاریی و زوڵم و زۆرەی  دەرهەق  بە مافەکانیان دەکرێت.
بەهەرحاڵ، ئەم یادە یادی رۆژی ژنانی جیهانە، ئێمەی  کوردیش  وەکو هەر نەتەوەیەکی تر لەو یادەدا هاوسۆزین و هاوبیرین بەرامبەر بە مافەکانی ژنانی کورد لە چوارچێوەی نەتەوەیەکی زامدار بە کێشەکانی پێشو و ئێستاش، ژنی کورد هەرگیز بێبەش نەبووە لە پێشێلکاری و زەوتکردنی مافەکانی و بەستنەوەی  لە کونجی داخراو و تاریکی دەست کۆمەڵێک دابونەریتی دواکەوتوو، وەکو ژن بەژن و گەورە بەپچووک و خوێنبایی و شیربایی و رێگەنەدان بە خوێندن و تێکەڵ نەبوون بە ژیانی  شارستانی. 
بەرەنگاریی زوڵمی رژێمەکانی  پێشوو
هەروەها ژنی کورد شانبەشانی  پیاو بەرەنگاریی زوڵم و زۆری رژێمەکانی  پێشوو بۆتەوە، چەندینیان لێ زیندانی و ئەشکەنجە و لەسێدارە دراوە و دایکی شەهید و خوشک و خێزانی  پێشمەرگە بووە. سەرەڕای بوونی ئەم هەموو ئاستەنگە بەرامبەر بە ژنی کورد و ئەم  هەموو سانسۆرە زەقانە، وەلێ ژنی کورد بوێرانە و ئازایانە توانیووێتی چەندین مۆمی گەشاوە لە شەوە دەیجورەکانی  نەهامەتی وڵاتدا دابگیرسێنێت.
ئەمڕۆ کە لەپاش  راپەڕین و گەشانەوەی وڵات بەهەوای ئازادیی و هەڵمژینی سرووەی  بەهاری  رزگاریی و لەپاش تێگەیشتنمان  لەدیموکراسی و چەمکەکانی  ژیانی مەدەنییەت، توانرا چەندین  رێکخراو و کۆمەڵە بەناوی  ژنان و ئافرەتانەوە بێنەکایەوە، تا بتوانن  رۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ ساڕێژکردنەوەی  برینە کۆنەکانی دەستی دابونەریتە نەشیاوەکان و هەڵدانەوەی  لاپەڕەیەکی  نوێ  لە فەرهەنگی شارستانیی  نوێ و ژیانی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو.
کاریگەریی لەسەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان
سەرەڕای ئەوەی ئەم  رێکخراوانە کاریگەریی پۆزەتیڤانەی  گەورەی هەیە لەسەر بوونی بیر و ئایدیای جیاواز و فرەڕەنگی بیروبۆچوونەکان، هەروەها  توانیوویانە بەشێوەیەکی  دیایکراو ئەگەر بشڵێین کەم  بەڵام هەر کاریگەرییان  هەبووە  لەسەر گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکان، بەڵام  هاوکات کەسانێک   هەن بوونەتە خاڵی لاواز و نێگەتیڤ  لەسەر ئەم رێکخراوانە و چەند پرسیارێکیان دروست کردووە. کە وەڵامەکەی  لای پسپۆڕان  و کارگێڕانی بواری ژنانە. دەشێ بپرسین  هۆکاری  لەبیرچوونەوەی  دیاردە دزێوەکان دەگەڕێتەوە بۆچی  لەلایەن  رێکخراوەکانەوە؟ 
ئایا نەبوونی هۆشیاریی تەواوی ئەو رێکخراوانەیە، یان دەستێک  هەیە لەپشت  ئەم  رێکخراوانەوە کە دەبێت بە سیاسەتی  ئەو بجووڵێنەوە؟  سەربەخۆیی رێکخراوبوون  و مەدەنیبوونی  کۆمەڵگە چی بەسەردێت؟ ئایا ئەو هەموو وەزیر و پەرلەمانتار و کاربەدەستە ژنانە کە خۆی  لەخۆیدا  جێگای  دڵخۆشین لە هەر رووداوێکی  دزێودا دژبە ژنان هەڵوێستیان چییە؟
هەندێکیان لەو پۆست و پێگانەدا کە بەرپرسن هەروەک پیاوێک مامەڵە دەکەن، یان  ژنبوون و کارامەیی خۆیان دەسەلمێنن؟ لە پێش  هەر رووداوێکی  دزێودا خەڵک بەشێوەیەکی بەرجەستە هۆشیار دەکەنەوە تا ئەو کارە دزێوانە روونەدەن؟
ئاخۆ راگەیاندنی حزب و رێکخراوەکان بە نیشاندانی  کارە دزێوەکان  دەرهەق  بە ژنان، دەیانەوێت  سفرەی  راگەیاندنی  خۆیان  پڕبکەنەوە و ئافەرینیان  لێ بکرێت یان  دەیانەوێت  بوونی خۆیان و بواری راگەیاندنی  کوردیی بەرەوپێشەوە بەرن؟
دەزگای  راپرسی
بۆچی  تائەمڕۆ دەزگایەکی  راپرسی  لەئارادانییە لەم تا لێکۆڵینەی زانستییانە و هاوچەرخ  بکەن لەسەر سایکۆلۆژیا و  هۆشیاریی ژنی  کورد؟
یاخود بۆچی دەزگا حزبییەکان  و رێکخراوە مەدەنیەکانی لێ ئاگادار ناکرێتەوە و بەشێوەیەکی پراکتیکی هەوڵ نادەن لایەنە نێگەتیڤەکان چارەسەر بکرێت؟  لەم  رۆژەدا وێڕای  پیرۆزبایی گەرم  بۆ هەموو ژنانی جیهان  بەگشتی  و ژنانی کورد بەتایبەتی، دەخوازین دەنگی  ژنان دەنگێکی  بوێربێت و لەسەر داواکاریی  زیاتری  بەمەدەنیبوونی  کۆمەڵگە و ئازادیی و خەسڵەتەکانی  دیموکراسی سووربێت و دروشمە زۆر و زەوەندەکان پراکتیزە بکرێن.

وتارەکانی نوسەر