یاسای حزبەكان پێویستی بە هەمواركردنەوەیە

11:04 - 2022-05-11
سلێمان مستەفا
395 خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ژمارە 11ی رۆژی 10/10/1993 دا، بڕیاری دەركردنی یاسایی ژمارە 17ی ساڵی 1993 یاسای حزبەكانی هەرێمی كوردستانی - عیراق دا، واتە دوای یەكەم هەڵبژاردن یاساكە دەركراوە و حزبەكانیشی پابەند كردوە خۆیان لەگەڵ حوكمەكانی یاساكە بگونجێنن ، یاسای حزبەكان لە هەرێمی كوردستان  دوو جار هەموار كراوەتەوە ، هەمواری یەكەمی بە یاسای ژمارە2 ی ساڵی  1997 كراوە، هەمواری دووەمیشیان بە یاسای ژمارە 7 ی ساڵی   2002  كراوە  .
گرنگی یاسای حزبەكان لەوەوە سەرچاوە دەگرێت تا چەندە كاری حزبایەتی و رێكخراوەیی خراوەتە چوارچێوەی یاساوە، بۆ ئەوەی ئەرك و مافی هاووڵاتیان دیار و پارێزراو بێت لە پیادەكردنی مافە دەستووری و سیاسییەكانیان لە بەشداریكردن لە پڕۆسەی سیاسی و دیموكراسی ووڵاتدا، هەروەك ئەم پرسە لە مادەی 39 ی دەستووری فیدڕالیدا هاتووە، رێكخستنی كاری پێكهێنانی حزبەكانی داوەتە دەست ئەنجومەنی یاسادانان، كە بەیاسا ئەم پرسە رێكبخات.
یاسای حزبەكانی هەرێمی كوردستان، پێناسەی حزب بەم شێوە دەكات، حزب رێكخراوێكی سیاسی خاوەن كەسایەتییەكی مەعنەویە و لە یەكگرتنێكی ئیختیاری پێكدێت لە نێوان كۆمەڵە كەسانێكی سروشتیدا كە چەند بیر و باوەڕ و ئامانجی هاوبەشی راگیەنراو لە پرۆگرامی حزبدا كۆیان دەكاتەوە و هەوڵدەدەن بە رێوشوێنی دیموكراسیانە بەدییانبهێنن، هەر هاووڵاتیەك لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی عیراق و دانیشتوانی هەمیشەیی ئەم هەرێمە، ئەوانەی  كە مەرجەكانیان تێدا فەراهەمە، مافی بەشداربوونی دامەزراندنی حزبیان هەیە، هەر هاووڵاتیەك لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی یا هەر كەسێك نیشتەجێی (اقامە) یا هەمیشەیی تیدا هەبـێ ‌‌و 18 ساڵی تەمەنی تەواو كردبـێ ‌‌و لێهاتیی یاسای هەبێت (الاهلیە القانونیە) مافی چوونە ناو هەر حزبێك ‌و لێكشانەوەی بەپێی پەیڕەوە ناوخۆكەی هەیە،  سەربەستی دامەزراندی حزبەكان مسۆگەرە ‌و هەر حزبێك بۆی هەیە بەتەواوی بە سەربەستییەوە چالاكی خۆی بنوێنـێ‌‌ و ئەم یاسایە پارێزگاری لەوە دەكات. 

یەکەم:
یاسای حزبەكان حزبەكانی پابەند كردوە بیر‌وباوەڕ ‌و ئامانجەكانیان ئەمانەی تێدابـێ‌:
1- چەسپاندن ‌و پەرپێدانی ئەو ماف ‌و دەستكەوتانەی گەلی كوردستانی عیراق بەدی هێناون.
2-چەسپاندنی بیر‌وباوەڕی دیموكراتی ‌و رێز لێگرتنی ئەو مافانەی مرۆڤ كە لە راگەیاندنی جیهانی مافەكانی مرۆڤ ‌و پەیمان ‌و باوەڕنامە ‌و بەیاننامە نێودەوڵەتیەكاندا دیاری كراون، لەو ماوە دیاریكراوەی بڕگەیەكی سەرەوەدا بگەڕێتەوە بۆ دامەزرێنەران بۆ تەواوكردنی كەموكووڕییەكانی ‌و لە گشت حاڵێكدا نابێ‌ داخوازیەكە لەیەك جار زیاتر بگەڕێنرێتەوە. 
3-بەدیهێنانی ئامانجەكانی بە ڕێوشوێنی ئاشتیانە ‌و دیموكراتیانە ‌و باوەڕهێنان بەدەستا و دەستكردنی دەسەڵات بە پێی پەنابردن بۆ توند‌وتیژی‌ و ئیرهاب ‌و لە خشتەبردن.
4- بەكارهێنانی شێوازی دیموكراتیانە لە ژیانی حزبایەتیدا.
5-بڵاوكردنەوەی دووبەرەكی‌ و جیاوازی لە رەگەز ‌و ئایین ‌و مەزهەبدا.
6- بەمەرجێ‌ بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆكەی پێچەوانەی پەیڕەوی گشتی نەبێت.

دووەم:
یاسای حزبەكان، بۆ دامەزراندنی حزب و چالاكی نواندن ئەم مەرجانەی كردوونەتە پێوەر .
1- داواكارییەكی نووسراو دەدرێت بە وەزیری ناوخۆ كە ئەندامانی دامەزرێنەر واژۆیان كردبێ‌ و لە 50 ئەندام كەمتر نەبن و خوێندنەوە و نووسین بەتەواوی و بە باشی بزانن و تەمەنیان لە25  ساڵ كەمتر نەبێ، هاووڵاتیانی دۆستیش كە ژمارەیان لە 500 هاووڵاتی كەمتر نەبێت زۆرینەیان خوێندنەوە و نووسین بە باشی بزانن و تەمەنیان لە 18كەمتر نەبێت، ئەندام و دۆستیش نابێ‌ بە تاوانێكی یان كەتنێكی ئابڕوبەر حوكم درابن، ناشبێ‌ لە تاوانگەلێكدا بەشدار بوو بن كە دەسەڵاتی سەركوتكار پیلانی لە كوردستاندا بۆ دانابێ‌. 
یان ئەنجامی دابێ‌، پێویستیشە ئەهلییەتی یاساییشی هەبێ‌ و لەگەڵ داواكردنی دامەزراندنەكەدا بەرنامەی حزبەكە و پەیڕەی ناوخۆشی پێوەبێ.
2- داخوازیەكە بڕگە(1)ی برگەی سەرەوە ناو و لەقەب تەمەن پیشە و شوێنی نیشتەجێی هەر ئەندامێكی دامەزرێنەری و هەردۆستێكیشی تێدابێ‌ لەگەڵ ناوی حزبەكە كە نابێ ‌وەك ناوی هیچ حزبێكی تر بێ.‌
3- دەستەی دامەزرێنەر پێویستە هاووڵاتی گەلێكی تێدابێ بە نیشتمانپەروەر ناسراو بن و لە كوردستاندا بەشدارییەكی ئاشكرایان لە ژیانی سیاسی و كۆمەلایەتی و رۆشنبیریدا هەبوو بێت. قەناعەتێكی وەهای لێ‌ بەدی بێ‌ كە ئەوانەی دەیانەوێت بە دڵ هاوبەشیی لە فەرمانی نیشتمانیدا بكەن و هاوبەش بوونی هاووڵاتیانیش لە ژیانی سیاسی هەرێمدا لە چوارچێوەی بەرنامەیەكی سیاسیی تایبەتیدا رێكبخەن، تێبینی جۆرا و جۆری جوگرافی نیشتەجێ‌ بوون و كاری دامەزرێنەران و دۆستەكانیش دەكرێ

سێیەم:
لە یاسای حزبەكانی هەرێمی كوردستان، كۆمەڵێک‌ بنەما و پرەنسیپ جێگەیان كراوەتەوە، هاوتەریبن لەگەڵ بنەماكانی دیموكراسیدا، دوای ئەزموونی 30 ساڵەی هەرێمی كوردستان دەكرێت بپرسین ئایا یاسای حزبەكانی هەرێمی كوردستان پێویستی بە هەمواركردنەوەی سێیەمە، یان داڕشتنەوە و دەركردنەوەی یاسایەكی نوێ، یان كاركردن بە یاسای حزبەكانی ئیتحادی ژمارە26 ی ساڵی 2015، هەموو ئەو پرسیارانە دێنە پێش لەبەر رۆشنایی كۆمەڵێ‌ دەرەنجام .
یەكەم: یاسای حزبەكان دوای یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992دەركراوە .
 دووەم: لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی 2005، و خولی سێیەمی 2009 و خولی چوارەمی 2013 كار بە بڕیاری ژمارە 97 دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانان كراوە، بۆ خولی پێنجەمی هەڵبژاردن 2018، كار بە یاسای حزبەكان كراوە، بەڵام تارمایی بڕیاری ژمارە 97 دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانان بەسەر بڕیارەكانی كۆمسیۆنەوە ماوە.

چوارەم:
بۆچی پێویستە یاسای حزبەكان هەموار بكرێتەوە؟ 
بەپێی بنەمای یاسایی پڕۆسەی سیاسی و چوارچێوەی یاسایی هەڵبژاردنەكان خۆی لە چەند یاسایەكدا دەبینێتەوە، یەكێ‌ لەوانە یاسای حزبەكانە، لە یاسای حزبەكانی هەرێمی كوردستان چۆنییەتی یەكلایی كردنەوەی كێشەكانی ناو حزبە سیاسیەكانی فەرامۆش كردوە، كە ئەمە پرسێكی گرنگە وە چەندین نموونەی زیندوو هەن، پرسی پابەندنەبوونی حزبەكان بە پەیڕەوەكانیان و كات و ساتەكانی بەستنی كۆنگرەكانیان و پرسی چاودێری كردن بەسەر حزبەكاندا و پرسی نەبوونی سزاكان لە ئەگەری پابەندنەبوون بە پەیڕەوەكان ونە لە یاساكەدا، پرسی مۆڵەت دان بە حزبەكان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەكان و لێكترازان و بەشداری كادرانی حزبەكان لە هەڵبژاردنەكان گرفتێكی ترە لە یاساكەدا، ئەگەر دیقەت بدەینە مادەی 22 لە یاسای هەڵبژاردن ژمارە 1ساڵی 1992 ی هەمواركراودا هاتووە :
1-  هەر كیانێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بۆی هەیە، لیستێكی تایبەت بە ناوی پاڵێوراوەكانی خۆی لەسەر ئاستی كوردستان-عیراق پێشكەش بكات كە رێژەی ئافرەت  تیایدا لە %30 كەمتر نەبێت و ناوی پاڵێوراوەكانیش بەشێوەیەك ریزبەند كرابن كە نواندنی رێژەی ناوی براوی ئافرەتان لە پەرلەماندا دەستەبەر بكات، بە مەرجێ‌ ژمارەی پاڵێوراوەكان لە هەر لیستێكی هەڵبژاردندا لە 3 پاڵێوراو كەمترنەبن. 
2- لیستی پاڵێوراوەكان لە ماوەی 15رۆژ لە بەرواری راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن پێشكەش بە سەرۆكایەتی دەستەی باڵا دەكرێت و هەموو بەڵگەنامەیەكی پێوە دەلكێنرێ كە لە مادەی 21 داواكراون. 
سەرنج بدەن لە مادەی سەرەوەدا ئاماژە بە قەوارەی سیاسی دەدات، بەڵام لە یاسای حزبەكان شتێک نییە بەناوی قەوارەی سیاسی، بەپێی یاسای حزبەكان، وەزارەتی ناوخۆ بەرپرسە لە پێدانی مۆڵەت پێیان.
 ئەگەر لە خولی هەڵبژاردنی  دووەم و سێەم و چوارەمی پەرلەمانی كوردستان كار بە بڕیاری ژمارە 97 دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانان كرابێت، خۆی جێگای پرسیارە، بەڵام لە خولی پێنجەمیش كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی مۆڵەتی دەدا بە لیستەكان.
 لێرەدا من نامەوێت بەربەست بۆ بەشداری لیست و حزبەكان دروست بكەم، بەڵام ناكرێت پرسەكان هەروا بە نا روونی و پێچ و پەنا بڕۆن و زاراوەكان لەناو یاساكاندا پێناسە نەكرێن و یەك نەخرێن، بۆیە هەمواركردنەوەی یاسای حزبەكان پێویستە بخرێتە ناو بەرنامەی كاری پەرلەمانی كوردستان، ئەو ناكۆكی و ناڕوونیەی لە نێوان حوكمەكانی یاساکانی كۆمسیۆن و هەڵبژاردن و حزبەكاندا هەیە، پێویستی بە هەمواركردنەوەیە، مادەی 39 دەستووری عیراق پرسی پێكهێنانی حزب و كۆمەڵەكانی داوەتە دەست ماڵی یاسادانان، ئەنجومەنی نوێنەران یاسای ژمارە 36 یاسای حزبەكانی لە ساڵی 2015 دەركرد و كۆتایی هێنا بە كاركردن بە بڕیاری ژمارە 97 ی هاوپەیمانان، شاراوە نییە یاسای حزبەكان ناكەوێتە چوارچێوەی مادەی 109-110 ی دەستوور كە دەسەڵاتی تایبەتمەندی فیدراڵین ، كەواتە ئەو حزبانەی لە كۆمسیۆنی عیراق مۆڵەتیان وەرگرتوە ناتوانن بەشداری هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بكەن، تەنها وەك كاندیدی سەربەخۆ نەبێت، وە پێویستە پەرلەمانی كوردستان پرسی لیست و حزب  یەكلابكاتەوە، یان دەكرێت پەرلەمانی كوردستان بە یاسایەك ئینفازی جێبەجێكردنی یاسای حزبەكانی عیراق بكات و كاركردن بە یاسای حزبەكانی هەرێمی كوردستان بوەستێنێت .

پێنجەم:
یاسای حزبەكانیش هاوشانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان  هەموار بكرێتەوە و چارەسەر بۆ ئەم پرسانە بدۆزێتەوە :
یەكەم: لەبەر رۆشنایی ئەم ناكۆكی و دژ یەكییەی لەناو یاسا پەیوەندیدارەكانی دەربەست بە هەڵبژاردنەوە هەیە هەمواری سێیەم بۆ یاساكە بكرێت، یا یاسایەكی نوێ دەربكرێت .
دووەم: پرسی مۆڵەتدان بە حزبەكان بدرێتەوە بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی لە بری وەزارەتی ناوخۆ .
سێیەم: زاراوەكانی ناو یاساكان پێناسە بكرێن بە پێی مەبەست و ئامانجی داواكراو .
چوارەم: پرسی حزب و لیست بە روون راشكاوی لەناو یاساكە جێگای بكرێتەوە، پرسی مافدان بە كاندیدانی سەربەخۆ و لیست و حزب پێداچوونەوەی بۆ بكرێت.
پێنجەم: چۆنیەتی چاودێركردن و جێبەجێكردنی یاسای حزبەكان بەسەر حزبەكاندا شوێنی بكرێتەوە، ئەمەش پێویستی بە دەق و مادەی روون و راشكاوە .
شەشەم: چۆنیەتی چاودێركردن و پابەند كردنی حزبەكان بە پیرەوەكانیان لە ناو یاساكەدا شوێنی بكرێتەوە .
حەوتەم: پرسی چارەكردنی كێشەكانی ناو حزبەكان لەناو یاسای حزبەكاندا شوێنی بكرێتەوە .
هەشتەم: دەستەبەری ئەرك ومافی حزبەكان  لە لایەك و ئەرك و مافی ئەندام و كادرانیان، لە ناو یاساكەدا شوێنی بكرێتەوە.
نۆیەم: دەستە بەركردنی مافی حزبەكان لە پابەندكردنی كادرانیان بە دەقە یاساییەكان، گونجاو لەگەڵ یاسا بەركارەكان و پەیڕەوی پەسەندكراوی حزبەكان .
دەیەم: رێكخستنەوەی حوكمی یاسای حزبەكان لەگەڵ حوكمەكانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و پارێزگاكان  و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی و  و یاسای ژمارە 5 ی ساڵی 2014 ی یاسای پێدانی بودجە بە حزبەكان لە هەرێمی كوردستان -عیراق، بێگومان ئەمەش جێبەجێكردنی بنەمای یاسایی (للضرورة احكام) كە بۆتە پێداویستی، ئەم پرسە گرنگەش پێویستە بە یاسا چارەسەر بكرێن، كە هاوتەریبییە لەگەڵ بنەمای مادەی 19دەستووری عیراق (مبدأ لا جریمة ولا عقوبة إلا بنص ).

وتارەکانی نوسەر