تەندروستی‌ و رۆژوو

09:54 - 2024-03-17
ئەرشەد تەحسین
212 خوێندراوەتەوە

رۆژوو، واتە خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە بۆ ماوەیەكی‌ دیاریكراو، روانگەیەكی‌ ئایینی‌ هەیە و لەسەر موسڵمانان و ئایینەكانی دیكەش بە شێوازی جیاجیا كراوەتە ئەرك و بەتایبەتی لە ئایینی ئیسلامدا یەكێكە لە پایەكانی باوەڕداری. 
رۆژوو جگە لە روانگە ئایینیەكەی‌ رووانگەیەكی كۆمەڵایەتی‌ و تەندروستیشی وەرگرتووە و هەڵگری كۆمەڵێك دەلالەتی بایەخپێدانە كە دەكرێت قووڵی هەڵسەنگاندنی‌ بۆ بكرێت.
 رۆژوو لە روانگەی‌ كۆمەڵایەتییەوە بریتییە لە خۆپاراستن لە كاری نەشیاوی وەك درۆ، دزی، بوهتان و چاوبڕینە ماڵی كەسانی‌ تر.
 هەندێك سەرچاوەی تەندروستیش بە گرنگییەوە باس لە رۆژوو دەكەن بۆ چارەسەری چەند نەخۆشییەكانی‌ مرۆڤ. ناوەندەكانی توێژنەوە تەندروستیەكانیش باس لەوە دەكەن كە رۆژوو لە چارەسەركردنی‌ نەخۆشییەكانی‌ شەكرە و پاڵەپەستۆی خوێن و قەڵەوی‌ و زۆربوونی‌ چەورییە كەڵەكە بووەكاندا بایەخی‌ تایبەتی‌ هەیە، ئەگەرچی هەندێك سەرچاوە بە زیانی تەندروستی بۆ هەندێك نەخۆشی ئاماژەی پێ دەدەن. 
بەشێك لە سەرچاوە تەندروستییەكان دەڵێن: رۆژوو رێگایەكی‌ گونجاوە بۆ كەمكردنەوەی‌ كێشی لەش و هەندێك كەس تەنها بۆ مەبەستی لەشجوانی‌ و خۆپاراستن لە قەڵەوی‌ پەنای‌ بۆ دەبەن.
لە روانگەی‌ دەروونییەوە بایەخی ئەوەی هەیە كە بۆ بەهێزكردنی‌ ئیرادەی‌ مرۆڤ  ئەزموونێكی گرنگە و  بریتیە لە خۆڕاگریی‌ و ئارامگرتن، لە بەرامبەر خواردن و خواردنەوە. بە جۆرێك هەر كەسێك توانای‌ ئارامگرتنی‌ هەبێت بەو جۆرە، ئەوا بەسەر نەهامەتی‌ و كێشەكانی‌ ژیانیشیدا سەركەوتوو و ئارامگرتوو دەبێت و ئەوەش وا دەكات لەبەردەم خەم و مەینەتییەكانیدا چۆك دانەدات. چونكە هەمیشە كەسانی‌ دانبەخۆداگر لە ژیاندا قازانج دەكەن، بە جۆرێك هیچ كەس نییە لە ئارامگرتن پەشیمان بووبێتەوە.
لە لایەنی ویژدانیشەوە كاتێك مرۆڤ بەڕۆژوو دەبێت، ئەو كات لە حاڵ‌ و گوزەرانی‌ خەڵكانی‌ هەژار و كەم دەرامەت و برسی و تینوو باشتر تێدەگات و ئەوەش زیاتر گیانی‌ هاوكاری‌ و یارمەتیدانی‌ تێدا دروست دەكات.
 رۆژوو گەلێك وانەی‌ پڕبەهای‌ تری تێدایە ئەگەر بە شێوەیەكی‌ ژیرانە تێیان بڕوانین، بەبڕوای بەندە لایەنێكی بۆ پارێزگارییە لە تەندروستی‌ كەسەكان، چونكە بەبڕوای من كەسی‌ رۆژوەوان كە ماوەی‌ ئیاتر لە 10 سەعات بە رۆژوو دەبێت (كە بەگوێرەی كاتی وەرزەكان دەگۆڕێت) خۆی لە هەموو جۆرە خواردن و خواردنەوەیەك بە دووردەگرێت، ئەوا چەندین گۆڕانكاریی‌ فسیۆلۆژی و بایۆلۆژی و كیمیایی لە جەستەیدا روودەدات. بۆیە دەبێت رۆژوو شكاندنیش بەشێوەی پلەبەندی‌ بێت، لەبەرئەوەی‌ پارێزگاریكردن  لە تەندروستی‌ خۆت و تەندروستی‌ خۆت بەگشتی لە خواردن و خواردنەوە گرنگترە. 
لە كۆمەڵگەی ئێمەدا كە زۆرینە موسڵمانین و زۆرینەش  پابەندین بە ئەرك و سروتە ئاینییەكانەوە، دەكرێت هەر لەو سۆنگەیەوە بە چاوی ویژدانەوە ئاگاداری مامەڵە و كڕین و فرۆشتن بین و  وەك بەشێك لە زەروورەتی ئەركە ئاینییەكەش، رەچاوی فرۆشتنی كاڵا و خواردەمەنیی تەندروست بكەین بە كڕیاران، چونكە بەبێ رەچاوكردنی لایەنی تەندروستی، لایەنە ئایینی و مرۆیی و دەروونییەكەش كەموكووڕیی  دەبێت و رۆژووەكە تەنها دەبێتە نان و ئاو نەخواردن و هیچی تر.

وتارەکانی نوسەر