دوودڵی و خۆهێڵانەوە لە نێوان بوون و نەبووندا

09:50 - 2024-03-20
هیوا محەمەد
391 خوێندراوەتەوە

دڵەڕاوکێ، ئەوەیە کە کەسێک  لە هزری خۆیدا لە نێوان دەبێ و نابێ یان باشە و خراپە بکەوێتە نێوان دوو بژاردەوە، نازانێت کامیان بگرێتە بەر، ئەویش بەهۆی هەڵنەسانگاندنی باشی بژاردەکانەوەیە، ئەگەر کەسێک بتوانێت خۆی یەکلایی بکاتەوە، دەبێت هەڵسەنگاندن بکات بۆ هەردوو بژاردەکە بە پۆزەتیف و نێگەتیفەکەی.
ئەگەر ئەمەی کرد، ئەوا کاتێک بڕیاردەدات، دەچێتە دەرەوەی دوودڵی یان دڵەراوکێ.
مڕۆڤ کاتێک توانای هزریی باشی هەبوو، لەکاتی هەڵسەنگاندنەکاندا تووشی دوودڵی نابێت، ئەو خێرا دەتوانێت بڕیاری خۆی بدات، چونکە لە هەردوو بژاردەکەدا ریسک هەر هەیە(ریسک واتا گرتنە ئەستۆی  بەرپرسیارێتی کە رەنگە نێگەتیف بێت بۆت)، بەڵام خۆ ئەگەر ئەمە نەکرێت، ئەوا ژیان بەڕێوە ناچێت، دەبێت بڕیارەکانت بدەیت و بەدواداچوونیشی بۆ بکەیت.
دوودڵی هەڵەی لێدەکەوێتەوە
جاری وایە کەسێک دەڵێت باش بوو ئەوەم کرد، ئەگەر نا ئێستا زیانم پێدەگەیشت، یان بە پێچەوانەوە دەڵێت خەتای خۆم بوو ئەگەر ئەوەم نەکرادیە ئێستا وام لێنەدەهات، یان فڵان شت نەدەهاتە سەر ڕێم، بەڵام ئەم ئەگەرانە نابێت ببنە رێگر لەوەی کەسێک نەتوانێت بژاردەیەک هەڵبژێرێت.
دوودڵی یان دڵەڕاوکێ، زۆرجار لەناوماندا بە وەسواس و راڕاش دەوتریت بۆ ئەو کەسانەی کە لەرزۆکن لە بڕیارداندا، ئەو لەرزۆکییە جاری وایە بە زیانێکی گەورە دەشکێتەوە، بۆیە بەرامبەرەکە بە پەرۆشەوە دەڵێت خەتای من بوو ئەگەر زوو بە بوون و نەبوون وەڵامم هەبوایە، ئەوە رووینەدەدا.
بەتایبەتی لە کارکردندا، بەرپرسێک دەبێت خۆی لە نێوان دڵەڕاوکێدا نەهێڵێتەوە، ئەگەر وابکات ئیدارەی شوێنەکەی بە باشی بۆناکرێت.
کەسێک کە کارێک دەکات و دواتر بە خراپ دەیبینێتەوە، یەکسەر دەڵێت خۆزگە ئەوەم نەکردایە، لەبری ئەمە دەبێت بڵێت ئیتر وایە هەموو جارێک هەڵسەنگاندنەکانم لە جێی خۆیدا نابێت، چونکە ئەو دەبێت بە گرتنەبەری بەرپرسیارێتییەوە هەنگاو بنێت.
مرۆڤیش واتا بەرپرسیارێتی، هەموو کەس بەرپرسیارێتی لەسەر شانه و هەریەکە بە جۆرێک.
مرۆڤ کە دەچێت هەنگوین بکڕێت یەکجار داوا لە فرۆشیارەکە دەکات کە پێش کڕینی تامی بکات، ئیتر دەبێت بیکڕێت یان رەتیکاتەوە، خۆ نابێت ئەم تێستە چەند جارێک دووبارە بکاتەوە، جاری وایە دەیکڕێت و دەشیباتەوە ماڵەوە لەدوای ئەوەی چەند رۆژێک لێیدەخوات، ئەوسا دەڵێت: بە دڵم نییە، بەڵام پێویستە دان بەوەدا بنێت و بڵێت من بژاردەکەم خراپ بوو، ئەوکات کە تێستم کرد باشم هەڵنەسەنگاند، نەک فرۆشیارەکە تاوانبار بکات، چونکە ئەو بژاردەی خستۆتە بەردەمی بە تێستکردنی هەنگوێنەکە، بۆیە ناکرێت هەنگوینەکە بەرێتەوە و بڵێت بە دڵم نییە، چونکە تێستی کردووە.
بڕیاردان ترسی ناوێت
بڕیاردان بە بێ دوودڵی، مرۆڤ لەناو خودی خۆیدا بنیاتدەنێت، چونکە نابێت بترسێت لە بڕیاردان و بوێرانە هەڵسەنگاندنەکان بکات و درێژە بە ژیان بدات.
ئەوە رەفتارەکانی مرۆڤ خۆیەتی لەناو کۆمەڵگەدا کە دەتوانێ لەڕێیەوە هەڵسەنگاندن بکات بۆ هەر کەس، هەندێک هێندە نامرۆڤانە هەڵسوکەوت دەکەن کە شایانی ئەوە نین خۆشت بوێن، هەستی خۆتیان بدەیتێ، ئەگەر ناچاریش بیت لە پەیوەندیدا بیت لەگەڵی هەر ناتوانیت جیاوازیی نەکەیت لەگەڵ کەسێکی تردا کە بۆچوونەکانی لێتەوە نزیکن و هەڵسوکەوتەکانیشی بۆ تۆ جێگەی رەزامەندییە، لەمەدا کەسەکە بێ دوودڵی هەڵسەنگاندن دەکات، چونکە هۆکارەکان دەبینێت.
لەناو خێزاندا جاری وا هەیە منداڵێک یان زیاتر لە باوکیان یان برایەکیان یان دایک و خوشکیان رازی نین، جاری وایە یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە دەبێتە جێی سەرزەنشتی هەموو خێزانەکە و کار دەگاتە ئەوەی قێز لە رەفتارەکانی دەکەنەوە، جاری وایە باوکەکەی دەڵێت پێم ناخۆشە وایە، خودا لێم بستێنێ، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، هێشتا ئەندامی خێزانەکەیە و لەگەڵیان دەژی، بەڵام کەسیان خۆشەویستیی نادەنێ، هەمووشیان لە دڵەڕاوکێدا دەژین، چونکە کەسەکەیان بەدڵ نییە، بەڵام ناشتوانن بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن، خۆیان لە نێوانی دەبێ و نابێدا دەهێڵنەوە، رەنگە پێیان خۆش بێت لە خێزانەکە بێبەری بکەن، بەڵام حساب بۆ لێکەوتەکانی دەکەن و دەچنە ژێر بارییەوە.
کەسێک شایەنی ئەوە نەبێت، ئیتر نابێت سۆزی بدرێتێ، ئەگەر بیشیدرێتێ تەنها بۆ کات بەرێکردن و رازی کردنیەتی بەو هیوایەی بزانن خودا چی لێدەکات و بە کوێ دەگەن؟ بەڵام ئایا هەموو کەس دەتوانێت بێ حسابکردن بۆ دەوروبەر و ژینگەکەی، بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات.
هەموو هەنگاوێک هۆکارێکی لە پشتە، مرۆڤ ئەگەر هۆکارەکەی هەڵبژارد بوو، ئەوا دەبێت هەنگاوەکەی بنێت، ئەوە هۆکارەکەیە کە ویژدانت ئاسوودە دەکات کاتێک هەنگاو بۆ کارێک دەنێیت یان بڕیارێک دەدەیت، قازییەک بە هۆکاری کوشتن تاوانبارێک بۆ 30 ساڵ زیندانی دەکات، ئەم پشت بە یاسا بڕیارەکە دەردەکات و دوودڵی تێدا نییە، بەڵام کە بواری تانە لێدان دەهێڵنەوە بۆ بڕیارەکە، ئەمەش بڕێک دەچیتە چوارچێوەی دوو دڵییەوە، چونکە ئەگەرێک دادەنێن بۆ ئەوەی نەکو بڕیارەکە بە هەڵە بێت یان ناهەقی بێت.
مرۆڤ خۆی بۆ ئەوانە بڕەنجێنێ کە لە دەورین، ئەوانەی هەوڵ دەدەن خۆشیی بۆ مەیسەر بکەن، کاتی گونجاوی بەختیاریی بۆ تەرخان بکەن، مرۆڤ دەبێت قوربانیی بدات تا خۆشیی بۆ خۆشەویستەکەی دابین بکات، ئەگەر کوڕی بێت یان برا و مێردی، ئەگەر خوشکی بێت یان دایک و ژنی. 
ناکرێت کەسێک کەسێکی خۆش بوێت، بەڵام لەرێگەی دوودڵی و دڵەڕاوکێی خۆیەوە هێندەی ئازار بدات تا ژیانی لێ سنووردار بکات، ئەمە هیچ مانایەکی خۆشەویستیی تێدا نییە، ئیتر با هەزار هۆکاری ناراست لەپشت بیرکردنەوەکانی کەسە دوودڵەکەوە هەبێت، ئەو بەمە خۆشی دەکاتە قوربانی و کەسەکەش لەدەست دەدات.
وەستایەک ئەگەر رۆژانە لە مامەڵەکردنی لەگەڵ شاگردەکەی دوودڵ بێت لە دەستپاکییەکەی، ئەوا هەم شاگردەکە ناحەوێتەوە بەوەی رۆژانە پرسیاری گوماناویی لێدەکات، هەمیش وەستاکە خۆی هەمیشە لە چاودێریکردن و دڵەڕاوکێدا دەبێت، رەنگە ئەم بەد گومانییە کارەساتێکی لێببێتەوە.
هەندێک دەڵێن واقیع بینیانە دەڕوانین بۆ فڵان شت، واقیع بین ئەوەیە کە لە رێگەی روانین و بینینی راستییەکان لە ناو رووداو و کردەکاندا، هەڵسەنگاندن دەکات و بڕیار دەدات، بەڵام هەموو کەس ناتوانێت ئەم خاڵە واقیعییانەیە بدۆزێتەوە و بیان بینێت، یان هێندە هزری کراوە نییە هەستیان پێبکات، هەندێکیش واقیعەکە لە هزری خۆیاندا هەڵدەگێڕنەوە و لێیان دەبێتە ناراست، یان دێن و واقیعەکە تەرجەمە دەکەن بە هەڵە و لێیان دەبێتە رێگر ئەمەش دیسان لە رێگەی گومانەوە بۆ تێڕوانینەکانیان. 
بڕیاردان لە نێوان دڵەڕاوکێ و خۆشباوەڕیدا
ئەم حاڵەتانە لە ناو کایەکانی ژیاندا هەیە، بە هەموو جۆرەکانی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و بۆ هەمووشی هەمان تێروانین هەیە.
لای ئەوانەی بە چڕی بەسەریاندا زاڵە، رێگر دەبێت لەبەردەم بەڕێوەچونی ژیانیان بە شێوەیەکی ئاسایی و دەکرێت زیاتر لە کەسەکانی تر تووشی هەڵە و کێشە ببن، یان زۆر بەزەحمەت دەتوانن  دەست بدەنە کارێک یان پڕۆژەیەک، بۆ سیاسەتکردنیش بە هەمان شێوە نەخۆشییەکی کوشەندەیە، دڵەڕاوکێ وا لە مڕۆڤەکان دەکات نەتوانن بڕوا بهێنن  بە تیۆرێکی سیاسی و لەسەریی بمێننەوە، جا لێرەوە تێکەڵ بە نەخۆشی خۆشباوەڕییش دەبن و ناتوانن  لێی دەرباز بن.
واقیعبینی یەکە و هەڵسەنگاندنی دروست، پشتبەست بە بەڵگە راستییەکان و ئەزموون، وادەکات مرۆڤ زوو خۆی لە نێوانی بژاردەکاندا دەرباز بکات و خۆی یەکلایی بکاتەوە، بەمەش زیاتر سەرکەوتوو دەبێت لە ژیانی رۆژانەیدا.

دوودڵی زۆرجار رێگرە لەسەر بڕیاردان

وتارەکانی نوسەر