ئەم بیرەوەرییە لە ساڵی 2022دا یاداشتکرا لەمڕۆشدا دووبارەی دەکەینەوە بە هیوای سوودبەخشین
سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو، لە یادی نەورۆزی ئەو ساڵانەدا، مێرمنداڵ بووم. لە گەڕەکی جەلەوەی شاری خانەقین دەژیام. بە خهیاڵێکی کوردانهوه لەگەڵ خەڵکی گەڕەکدا، بە ژن و پیاوەوە بە گەورە و بچووکەوە دوای خاڵۆ فرە بەهرەکەم، مامۆستا موحسین ئەکەوتین و بە دەنگی بەرز، لە قەراخ هاژەی رووباری ئەڵوەن، هاوارمان دەکرد:
ئیمڕۆ ڕۆژی خۆشییە! کاوە زوحاک کوشتییە!
ساڵی 1970 هەرزەکار بووم، یادی نەورۆز لە تەیارەخانەی شاری خانەقین سازکرا. یەکێک لە سونبولەکانی کوردایەتی لە شاری خانەقین مامۆستا عەزیز پشتیوان بوو. ئەو بە دەنگە پڕ سۆز و زوڵاڵەكەی، بە دەستە راستە پڕ ئاماژەکەی هاواری دەکرد: یان کوردستان یان نەمان! ئەم دروشمە وەکو بروسکەیەک لە ناخماندا دەنگیدایەوە و بووه وزەیهکی هەتاهەتایی کوردایهتی بۆ خەڵکی شارەکەم.
ساڵی 1984، کە لە هەڕەتی گەنجایەتیدا بووم، یادی نەورۆز لە سورداش ساز کرا، بە ئامادەبوونێکی جەماوەریی بێوێنەی خەڵکی کوردستان و بە وتە پڕ جۆش و خرۆشەکەی هەڤاڵ مام جەلال، کە دەیفەرموو: جەماوەری لەبننەهاتووی یەکێتی! دڵنیایی بەسەر خەڵکی کوردستانا دەباراند و نهورۆز و پێشمهرگه و خهڵک ئاوێتهی یهکبوون.
ساڵی 2012 قۆناعی کامڵبوونی دید و تێڕوانین و تێگەیشتنم بوو، بۆ یادی نەورۆز. کاک دلێری سەید مەجید، مامەخەمەی هەموان، کۆمەڵێک هاوڕێ و کەسوکاری هەر دوولامان، لە کانی ماسیی قەراغی شاری سولەیمانی، میوانداریی کردین و بە دیار ئاگرێکی گەورەوە و بە دەنگی زوڵاڵ و بەرزی حەسەن زیرەک سروودی: ئەمڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە... ئێوارەی نەورۆزمان بەسەر برد. دڵۆپدڵۆپ خۆشەویستی و خۆشی دەڕژایە ناخی دەروونمانەوە.
ساڵی 2022 لە سێبەری رەشماڵی پایزیی تەمەندا، یادی نەورۆز یادێكی یەکجار جیاواز لە جاران دەبینم. پهرتهوازهیی زۆر و یەکڕیزی زۆر کەم.
هیوا کەم و نائومێدی زۆر!
بورجی عاج زۆر و دادپەروەری زۆر كەم!
کاوە کەم و زوحاکیش زۆر!