ئارێز عەبدوڵڵا
چەندین ساڵە حزبەکان ئەو گلەییانە لە پارتی دەکەن، کە ئەمڕۆ خۆی دەیکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردن کراوە و لایەنەکانیش هەر بەشدارییان کردووە، کەچی ئێستا پارتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بایکۆت دەکات!
بەشداری کردن و نەکردن مافی هەر حزب و تاکێکە، بەڵام بەشداری نەکردنی پارتی و یەکێتیش جیاوازە، چونکە ئەو دوو هێزە ئەگەر بیانەوێ (بەداخەوە) دەتوانن رێگری لە هەڵبژارنێکی سەرتاسەری بکەن. رێگریکردن لە هەڵبژاردن کارێکی نایاساییە، بەڵام دامودەزگا نیشتمانییەکانی هەرێم ئەو توانایەیان نییە، کە نەهێڵن رێگری بکرێ یان ئەو لایەنە سزا بدەن کە رێگری لە هەڵبژاردن دەکات.
بێگومان هەرێمی کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی عیراق و بە دەستوورەکەشییەوە پابەندە، کەواتە بەگەڕانەوە بۆ ئەو دەستوورە دامودەزگا فیدراڵییەکان بۆیان هەیە بەهەژموونی خۆیان ئەو رێگرییە نەهێڵن.
ئایا ئەوە بۆ هەرێمی کوردستان باشە، کە دامەزراوەکانی فیدراڵی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بکەن؟
بێگومان ئەوە بۆ ئایندە و سەروەریی هەرێم باش نییە، بەڵام ئایا کێیە دەبێتە هۆکاری گرتنەبەری رێگایەکی لەو جۆرە؟
نامەوێ وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، بەڵام دیارە هەندێ لایەن فێربوون دەستی چەوری خۆیان بە سمێڵی خەڵکی تر بسڕنەوە، هەر وێستگەیەک یان هەر سیاسەتێکیان بەدڵ نەبێ لەژێر دروشمی نەتەوەیی و نیشتمانی بەرەنگاری دەبنەوە و بابەتە سەرەکییەکەش هەر لەبیر دەبەنەوە!
دەزانین بڕیارەکانی ئەو دواییەی دادگای فیدراڵی لەبەرژەوەندیی پارتی نەبوون، بەڵام ئایا هەر یاسا و بڕیارێک ئەگەر لە بەرژەوەندیی پارتی نەبێت لە بەرژەوەندیی هەرێم و گەلی کوردستانیش نییە؟
بێگومان نا، چونکە لە مەیدانی سیاسی و بەڕێوەبردنی هەرێمدا جگەلە پارتی لایەنەکانی تریش هەن، بۆیە دەبێ پارتی ئەو راستییە بزانێ کە مەرج نییە هەموو کات بەرژەوەندیی ئەو بریتی بێ لە بەرژەوەندیی گشتی گەل، هەمان ئەو قسەیە بۆ یەکێتی و لایەنەکانی تریش راستە.
پارتی لە پەرلەمانی کوردستان هێزی یەکەم بوو، دامودەزگاکانی هەرێمی لەبەر دەستدا بوون و کاک مەسعودیش وەک دێرینترین سەرکردە و هەشت ساڵیش سەرۆکی هەرێم کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو، واتە ئەو هێزەیان بەزیادەوە هەبوو کە پێش ئەوەی ماوەی پەرلەمان بەسەر بچێ بەگفتوگۆیەکی نیشتمانی لەگەڵ هێزەکانی تر لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان رێکبکەون، کەچی بەداخەوە ئەو دەرفەتەیان لەدەستخۆدا و دواتریش دێن گلەیی ئەوە دەکەن کە لایەنەکانی تر پەنایا بۆ دادگای فیدراڵی بردووە!
هیچ نیشتمانپەروەرێک نییە خەفەت بۆ ئەو بارودۆخە نەخوا کە بەنەزانی و خۆپەرستی دروستبووە. پارتی دەیتوانی ریشی هەرێم نەخرێتە دەست هیچ لایەنێکی تر، بەڵام ئەوەی لێی چاوەڕوان دەکرا نەیکرد! ئەمڕۆ پارتی دووپاتی کردەوە کە بەشداری لە هەڵبژاردن ناکات. خۆزگە ئەو هەواڵەمان نەدەبیست، چونکە بەدواخستنی هەڵبژاردن پڕۆسێسی سیاسی و دیموکراسی لە کوردستان نەک دەوەستێ، بەڵکو بۆ دواوەش دەگەڕێتەوە. گەڕانەوەش بۆ دواوە ئەگەر و پێشهاتی مەترسیداری لێ دەخوێنرێنەوە.
ئاشکرایە ئێمە لەناو قەیرانێکی سیاسی گەورەداین، ئەگەر زوو رێگا چارەسەرەکانی ئەو قەیرانە دەستنیشان نەکەین و نیشتمانیانە بیرنەکەینەوە ئەوا بە ئاقارێکی خراپدا هەنگاو دەنێین. بەرپرسیارێتییە مێژووییە گەورەکەش لە گەورەوە دەستپێدەکات، کەواتە ئەو لایەنەی خۆی پێ گەورەیە، پێویستە لەم قەیرانەدا پشوو درێژتربێ و بۆ چارەسەرکردنیش بەرپرسانە و باشتر بێتە پێشەوە. دەنا بێگومان بزووتنەوەی مێژوو لەسەر هیچ کەس و لایەنێک ناوەستێ.