فەخری جەلەوە

09:49 - 2024-04-02
عیماد ئەحمەد
187 خوێندراوەتەوە

لە سەروبەندی کەوتنە بەردەستی مڵۆزمی هەژاری و بێ باوکیدا، ژیانی دایکم پڕ بوو لە خەفەت و مەینەتی، چاوە گەشەکانی رۆژانە فرمێسکبارانی روومەتە ئاڵوگەشەکانی دەکرد، هاوڕێیەکی هاوتەمەنی خۆی و دۆستیکی زێڕینی هەبوو  بەناوی فەخرییە، بەردەوام هاتووچۆی دەکرد و بە سەلیقە و قسەی خۆش و یادەوەرییەکانیان ئاوڕەشێنی وشکە ژیانی دایکم و فێنکی ئەو رۆژگارەی دەکرد، فەخریە هاودەم و دۆستێکی دانسقەی دایکم بوو.
  فخرییە ناوی باوکی سەی موسا و دایکی ناوی نەواتە بوو، لە دایکبووی ساڵی (1937) بوو  هەر لە منداڵییەوە باوکی دەمرێت، مامی سەی ئەحمەد بە خێیویان دەکات، لە سەرەتای پەنجاکانی سەدەی پێشوودا شوو بە جەمیل بەکی سوێرەمەیری دەکات کە پیاوێکی قۆز و بە هەیبەت و سەخی تەبیعەت  بوو، کەواو و سەڵتەی لە بەردەکرد و مشکیشی بە سەردا دەبەست،  ئەو پیاوە بەوە ناسرابوو زۆر جوان هەڵپەرکێ دەکرد و سەرچۆپی دەکێشا، براکەی حسێن بەگ سەرۆکی عەشیرەتی سوێرەمەیری بوو، لەو هاوسەرگیرییەکەدا (4)کوڕ (3) کچیان بە نسیب ده‌بێت، چەند ساڵێک لە خانووەکەی سەی جاسمی خزمیان نیشتەجێدەبن، ئەو کاتەش ئێمە لە خانووەکەی خاڵو موسا بووین کە بەرانبەر خانووکەی سەی جاسم بوو...
 فەخرییە ژنێکی ئەسمەر، چاوڕەش، دەموچاو خڕ، باڵا مامناوەندی، لەشولار پڕ، پەنجە ئەستوور قسە خۆش  و دەم بەپێکەنین بوو، هەمیشە پۆشتە و جلوبەرگی خاوێنی لەبەربوو، سەرەڕای ئەوانەش فوتە و بۆیەمەی رەشی دەبەست (سەرپۆشێکی تایبەت بوو لەخانەقی) بە فوتەکە پرچە رەش و پڕەکەی دەشاردەوە تا خوار چەناگەی دەیهێنا و شۆڕی دەکردەوە بەسەر هەروو شانی و بە بۆیەمەکەش کە گوڵنگی هەبوو لە سەرووی فوتەکە زۆر جوانی شەتەک دەدا، ئەو کات کە سەردانی دایکمی دەکرد و مایەی دڵنەواییەک بوو بۆی، فەخرییە ژیانێکی ئاسایی و تا ئەندازەیەک بێ کێشەیان بەڕێ دەکرد، بەڵام چارەنووس شتەکانی گۆڕی و، میم فەخرییە کەوتە بەر رەشەبای دەردەسەری و نەهامەتی، خۆشییەکانی بوون بە مەرگەسات. لە هاوینی ساڵی (1972) برایەکی بەناوی جەمال خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی بەغدا بوو، لە ئاوی ئەڵوەن لە خوار جەلەوە لە گۆمەکەی بەرامبەر بێستانەکەی خاڵو گوڵمرای خنکا، ئەوە سەرەتای چیرۆکی تاڵی ژیانی ئەو ژنە بوو، لەگەڵ گەنجانی گەڕەک زۆر هەوڵماندا لاشەکەی بدۆزینەوە نەمانتوانی، لەو کاتەدا برایەکیان بەناوی هاشم هاوای دەکرد : حەزرەت عەباس چل گا بەخێرد، براکەم نەخنکێت، کاک سەڵاح ئەحمەد نانەوا لە تەنیشتمەوە دەیوت: نازانم ئەم بەدبەختە پارەی چل گا لە کوێ دێنێ..؟ هەرخۆی وه‌ڵامی خۆی دەدایەوە و دەیوت: باوکی حەزرەت عەباسیش نەجاتی نادات دوو سەعات زیاترە لە ژێر ئاوە. خەڵکێکی زۆری گەڕەکی جەلەوە و مەیدان لەمبەر و ئەوبەری گۆمەکەی ئەڵوەن چاوەڕوانی دەرکردنی مەیتەکە بوون، خاڵو گوڵمرایش پەیتا پەیتا دەیوت: داخەکەم بۆ ئەحمەد سەیفور ئەو ئەیتوانی بە ئاسانی دەریبێنێت. دوای نزیکەی (5-6)سەعات عەلی ئەکبەر ئەمیر لاشەکەی لە ژێر ئاو دۆزییەوە و هێنایەوە سەرەوە، بە گریان کەسوکار و هاوار و قیژەی میم فەخرییە مەیتەکەمان هێنایەوە ماڵ و لە گردی ئیمام عەباس ناشتمان. 
  رەنگە جێی خۆی بێ لێرەدا باسی کەسایەتییەکی دیکەی جەلەوە بکەم کە خاڵو گوڵمرایە،  پیاوێکی زەحمەتکێش و زمان شیرین و سادە بوو ، یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی ئەوەبوو بە دەست شلە و برنجی دەخوارد و پێش کۆتاهێنان هەموو دەستی  لە برنج و شلەکەدا بوو، تازەبەتازە هاواری بەسەر ژنەکەی دەکرد و ئەیوت: سەبرییە کەوچکێک بێنە با (ئەفەندی خۆری) بکەین، خاڵو گوڵمرای کوڕێکی نۆبەرەی هەبوو بەناوی محەمەد تابڵێی ئیشکەر و ئازا بوو. 
لەکاتی داگیرکردنی کوێت لە لایەن رژێمی سەدامەوە، کاک محەمەد گوڵمرای لە دەسەڵات یاخی بوو و نەیدەهشت پیاوانی رژێم لە جەلەوە نزیک ببنەوە بە چەک و تەقەمەنییەوە لەناو باخەکانی جەلەوە خۆی دەشاردەوە، پیوەندیشی بە هێزی پێشمەرگەی یەکێتییە هەبوو. شەوێک بە پلان و دەسیسە رژێم کەمینی بۆ داناو  شەهیدیان کرد.

 

 

 میم فەخرییە دوای ساڵێک تێپەڕبوون بەسەر کارەساتی خنکانی جەمالی برای ، جەمیل بەگی هاوسەریشی لەلایەن نازم گزارەوە تیرۆر و سەرنگومکرا ، بۆیە ئەرکی بەخێوکردنی (7) منداڵیش کەوتە ئەستۆی خۆی

 

بێمەوە سەر سەربوردەی میم فەخریە، دوای ساڵێک بە سەر کارەساتی خنکانی جەمالی برای بە دەستی غەدر و ستەم، جەمیل بەگی هاوسەری لە لایەن نازم گەزارەوە تیرۆر و سەر نگومکرا، ئەرکی بەخێوکردنی (7)منداڵ کەوتە ئەستۆی میم فخرییە ، رژێم هەر بەمە  نەوەستا ساڵی (1975)  میم فخرییە و (7) مناڵەکەی نەفی خواروی عیراق کردو چەند ساڵێک لە غەریبی ژیان، بەڵام کۆڵینەداو بەدزیەوە گەڕایەوە جەلەوە لە خانوکەی خاڵۆ عباس غەزاڵ (حەوش گەورە ) لە ژورێک نشتەجێبوون.
  چیرۆکی نەهامەتی میم فەخریە بەو کارەساتانە تەواو نەبوو، لە ساڵی (1982)کورێکی بە ناوی عامر و برایەکی بە ناوی جەبار کە هاو تەمەنی من بوو و لە یەکی سەرەتاییەوە تا دوا ناوەندی بەیەکەوە بووین، دواتر  ئەو لە کۆلیژی پزشکی ددان لە بەغدا وەرگیرا، جارێکی تر دەستی غەدری بەعس ئەم دوو گەنجە لە قەراغ رووباری ئەڵوەن تیرۆر دەکەن و دواتر لاشەکەیان دۆزرایەوە.
بەم شێوەیە کۆستێک برینی کۆستێکیتری میم فەخرییەی قوڵتر دەکردەوە لەگەڵ هەڵمژینی بۆنی خاک و باخی جەلەوە ، ئاخ و داخی ئەو کارەساتانەش تێکەڵ بە هەناسەکانی  دەبوو ...!!سەرەنجام  دایکم بووە دڵنەواو سەبووری بەخش و پشت و پەنای میم فەخرییەو هەوڵی سارێژکردنی برینەکانی دەدا. 
بەداخەوە چیرۆکی ژیانی ئەم دوو ژنە دەگمەن و خێرنەدیوە لە ژیان بریتی نەبوو لە بەشکردنی خۆشی و شادی، بەڵکە یادوەریەکی لێوانلێوە لە دەردەسەری، بەڵام تاڵی ژیانی خۆیان کردە شیرینی منداڵەکانیان،  دایکم و میم فەخرییە بۆ ماوەیەکی کەم لە یەک دوور کەوتنەوە بەڵام قەدەری مەرگ جارێکیتر لە گردی ئیمام عەباس بەیەکی گەیاندنەوە .
 میم فەخرییە بە کەسایەتی و خۆڕاگریەکەی، بە هەڵسوکەوت و رەفتارەکانی، نموونەیەکی دیاری جەلەوی خانەقی بوو، بۆیە ئەکرێ بڵیم : میم فەخرییە،  فەخری گەڕەکی جەلەوە بوو.

وتارەکانی نوسەر