با خاوەنکارەکان سزابدرێن

08:50 - 2024-04-08
هاشم غەمگین
151 خوێندراوەتەوە

پێش هەر پڕۆژەیەكی بیناسازی، دەبێت رێنمایی و یاسا دەربچێت بۆ پاراستنی گیانی كرێكاران. هەروەها سزای ئەو خاوەنکارە سەرپێچیكارانەی تێدا دیاریبکرێت كە پابەندی ئەو یاساو رێنماییانە نابن.
دەبێت خاوەنکار و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکان پۆشاکی پارێزەری جۆری (PPE)، چاویلكە، دەستكێش، كڵاو، پێڵاوی تایبەت دابین بکەن کە مەرجەکانی سەلامەتیی کاری تێدا رەچاوکرابێت و پێویستیشە جێبەجێکردنی ئەو رێنماییانە ببێتە پێوەر بۆ هەر خاوەنكار و کۆمپانیایەکی بیناسازی و بکرێتە مەرج کە هەر خاوەنكارێك كەسێكی شارەزا لە بواری سەلامەتیی کاردا لە پڕۆژەکانیدا هەبێت بۆ ئەوەی رۆژانە رێنمایی كرێكاران بكات و چاودێریی وردی سەلامەتیی كاركردنیان بكات بەگوێرەی جۆری کارەکە.
كرێكارانی هەر پڕۆژەیەک دەبێت پابدەندبکرێن بە رێنماییەکانی سەلامەتیی شوێنی کارەوە و رابهێنرێن لەسەر تێگەیشتن لە هێماكانی خۆپارێزی و هەموو هێماکانیش لە شوێنی گونجاودا دابنرێن.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە رێنمایی بدرێتە کرێکاران کە پێش دەستپێكردنی كار، هیچ ئامێر و كەرەستەیەكی لە شوێنی كاردا بەرلە وردبینی و پشکنین بەكارنەهێنن، تا لە زیانەکانەکانی بەدووربن و نابێت بە نەشارەزایی كەرەستە و ئامێرەکان بەكاربهێنرێن، تا كارەكان خێراتر و سەلامەتتر بەڕێوەبچن.
دەشبێت کرێکاران هەر مەترسی و كەموكوڕییەكیان لە شوێنی كاردا بەدیكرد، خاوەنكار یان سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ئاگاداربكەنەوە، تا چارەسەری گونجاو بدۆزرێتەوە.
پێویستیشە لە هەرێمدا یاسایەکی پتەو هەبێت کە كرێكار لەهەر پڕۆژەیەکدا لە كاتی كاركردندا دووچاری رووداو و زیان بوو، قەرەبوو بكرێتەوە.
بەداخەوە ناوبەناو هەواڵی كەوتنەخوارەوە و گیان لەدەستدانی كرێكاران لە میدیاکانەوە دەبینین و دەبیستین، کە بەشێک لە هۆكارەكانی پشتگوێخستنی مەرجەكانی سەلامەتی و خۆپارێزییە لەلایەن خاوەنکار و سەرپەرشتیاری پڕۆژەكان و نەبوونی  یاسایەكی پتەوی داکۆکیکارە بۆ چاودێریی و گەرەنتیکردنی سەلامەتیی گیانی كرێكاران. بۆیە دەبێت پەرلەمان و حکومەت بە هاوکاریی سەندیكای كرێكاران بە پشت بەستن بە یاسا و رێكارە نێودەوڵەتییەكان یاسایەك دەربكەن تا سەلامەتیی كرێكاران بپارێزێت.

وتارەکانی نوسەر