چۆن بە ئاسانی دڵەڕاوکێیەکانت تێدەپەڕێنیت!

09:09 - 2024-04-08
مەحمود شێرزاد
226 خوێندراوەتەوە

برندن فرانسیس دەڵێ: (زۆربەی ترس و نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکانی ئێمە دەزوویەکی باریکی ناسکن، ئەگەر ئێمە کەمێک ئازایەتیمان هەبێ دەتوانین بە ئاسانی بیانپسێنین و خۆمانیان لێ رزگار بکەین).
مرۆڤ لە رووی بە ئاگابوونەوە دەتوانێ لە نێوان دوو ژینگەی مرۆیی – تاکەکەسی و گەردوونیی و گشتیدا یاریی بکا، هەروەها دەتوانێ ئاگایانە و نائاگایانە لە یەکێکیاندا بمێنێتەوە و لە یەکێکیاندا چالاک بێ، بەڵام زۆرجار و لە زۆربەی کاتەکاندا زۆرینەی کەسەکان لە ژینگە مرۆییەکەدا قەتیس دەبن و دەمێننەوە، ئەو ژینگەیەیان لێ دەبێتە حەقیقەت، لە حەقیقەتیشدا سەرچاوەی سەرجەم نەخۆشیی و ناخۆشییەکانی مرۆڤ ئەم ژینگەیەیانە.
 زاناکان بە ژینگە مرۆیی و تاکەکەسییەکە دەڵێن زەینی خودئاگا و بۆ ژینگە گەردوونییەکەش کۆمەڵێک ناویان داناوە،  بۆ نموونە "نیکۆلا تێسلا" پێی دەگوت وزەی هۆشمەندی گەردوونی، دەیگوت یەک ئەقڵ هەیە ئەویش گەردوونییە و لە سێ رەهەند پێکهاتووە، وزە و شەپۆل و لەرە. سوهرەوەردی پێی دەگوت نوور، فیزیای نوێ پێی دەڵێ کوانتەم یان فەزا، یۆگییەکان پێی دەڵێن (شونیا) و (توریا) واتە بۆشایی و هیچ، مەولاناش پێی دەگوت هیچ، واتە (هیچ) ئەم بنەڕەتە بەهێزە هۆشمەندە نەمرەیە کە سەرچاوەی هەموو ئەو گەردوونەیە و خۆشی هیچیان نییە، هەمیشە هەبووە، ئێستاش هەیە و لە داهاتووشدا دەبێ. ئەم قسەیە جگە لەوەی زانستی فیزیاش ئاماژەی پێداوە و دەڵێ: ( ئەوەی هەیە وزەیە و ئەو وزەیەش هەتاهەتاییە و هەرگیز لەناو نەچووە و هەرگیزیش لەناو ناچێ، بەڵکو ئاستی دەرکەوتن و شێوەی دەگۆڕێ). زۆر بەر لە زانایانی فیزیا چوارهەزار ساڵ لەمەوبەر لە کتێبی (ئوپانیشادەکان)دا باسی کراوە و دەڵێ: (ئەوەی ئێستا هەیە هەمیشە هەبووە و هەمیشەش دەبێ). ئەوە رەهەندی هەتاهەتایی، واتە رەهەندی راستەقینە و هەقیقەتی ئاگایی یان زەینی ئێمەیە.
مرۆڤ لە نێوان دوو جەمسەردا
مرۆڤ بۆ تووشی ناخۆشی و نەخۆشییە یەک لە دوای یەکەکان دەبێ؟ لەبەر ئەوەی مرۆڤ زەینی خودئاگای خۆی بە باشی ناناسێ، خراپ بەکاری دێنێ و هەروەها تێیدا قەتیس بووە و ناتوانێ بە ئاسانی تێیپەڕێنێ و لێی بێتە دەرەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی زەینی خودئاگا ئەوەیە دوو جەمسەرە، واتە دوانێتییە و لەڕاستیشدا بە هۆی دوانێتییەوە هەیە، یانی لەسەر هەموو شتێک بە شێوەیەکی دژبەیەک بیر دەکاتەوە و بۆ هەموو شتێک بەرامبەرێک دادەنێ و یارییەکی بێ بسانەوە بە کەسەکە دەکا لە نێوان ئەم دووجەمسەرەدا، بۆ نمونە باشە و خراپە، تاریک و روون، بەرز و نەزم، خۆش و ناخۆش، رەحمان و شەیتان و...هتد، ئەوە تایبەتمەندی زەینە، رەهەندی مرۆیی – تاکەکەسی زەین ناتوانێ کەسەکە و بوون لەو دیو دوانێتییەوە ببینێ، هەموو شتێک لە روانگەی دوانێتییەوە دەبینێ و بۆ هەموو شتێک یەکسەر بەرامبەرێک دروست دەکا، بۆ نمونە بۆ ئەوەی پێناسەی مرۆڤی باش بکا، لەپێشدا مرۆڤی خراپ دروست دەکا و لە رێگەی ئەوەوە پێناسەی مرۆڤی باش دەکا و بە پێچەوانەش. ئەم کارکردەی زەینی خودئاگا نهێنی مانەوەیەتی، هەر کاتێک مرۆڤ لەڕووی ئاگاییەوە وەخەبەر هات، بۆی دەردەکەوێ زەینی خودئاگای وەهم بوو، هەر نەبوو، کەسەکە خۆی پێیوابوو هەیە.

 

مرۆڤ بۆ تووشی ناخۆشی و نەخۆشییە یەک لە دوای یەکەکان دەبێ؟ لەبەر ئەوەی مرۆڤ زەینی خودئاگای خۆی بە باشی ناناسێ، خراپ بەکاری دێنێ و هەروەها تێیدا قەتیس بووە و ناتوانێ بە ئاسانی تێیپەڕێنێ و لێی بێتە دەرەوە

 

سەرچاوەی دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانی
سەرجەم دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانییە ناسرووشتییەکانی مرۆڤ لەم رەهەندە وەهمییەی زەینی خودئاگاوە سەرچاوە دەگرن. لەحاڵێکدا مرۆڤ خۆی دروستی کردووە، سەرەتا زەینی مرۆڤ تەنیا رەهەندی گەردوونی هەبوو، واتە رەهەندە مرۆیی و تاکەکەسییەکەی نەبوو، کاروباری جەستەیی رۆژانەی تەنیا بە وارسکەکانی بەڕێوە دەبرد کە ئەوەش نایەتە خانەی زەینی خودئاگاوە، بۆ نموونە ئاژەڵەکان بێ زەینن و ژیانیان بە وارسکە بەڕێوە دەچێ، ئەگەر ئەوانیش بتوانن رەهەندی خودئاگا بۆ زەینییان دروست بکەین دەبن بە خاوەنی شارستانییەتی دەستکردی خۆیان و لە شارستانییەتی سرووشتی دێنە دەرەوە.
بەهەرحاڵ زەینی ئێستای ئێمە دوو رەهەندی سەرەکیی هەیە، رەهەندی یەکەم بەسەر سێ بەشی هەست (خودئاگا) و یادگە (نیوەئاگا) و نەست (ناخودئاگا)دا دابەش دەبێ، ئێمە دەبێ ببین بە بەڕێوەبەری ئەم رەهەندەیان، ئێمە ئەگەر تووشی دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانی یەک لە دوای یەک دەبین بە هۆی ئەوەیە بەڕێوەبەرایەتیی بەشێکی زۆر رەهەندی مرۆیی – تاکەکەسی زەینمان لەدەست خۆماندا نەماوە، بەڵکو کەوتۆتە دەست وارسکەکان و بیرکردنەوە و بیروباوەڕ و وێناکانمانەوە، کەوتۆتە دەست بەها و پێوەرە کۆمەڵایەتییەکانەوە، بۆ نمونە وارسکە خواردن یان سێکس دەتوانێ بە دڵی خۆی بمانجووڵێنێ و ئێمەش نەتوانین هیچ بکەین، دوای ئەو جووڵەیەش تووشی کۆمەڵێک کێشە و گیرگرفتمان بکا و هەروەها دووبارەش بێتەوە، کەچی ئێمە دەتوانین خۆمان ببین بە بەڕێوەبەری وارسکەکان و هەموو بوارەکانی دیکەی ژیانمان.
چۆن ببین بە بەڕێوەبەری زەینی خودئاگا؟
بۆ ئەوەی بتوانین بەڕێوەبەرێکی باشی رەهەندی مرۆیی -  تاکەکەسی زەینمان بین دەبێ هۆشمان بەرینەسەر رەهەندی گەردوونیی و هەتاهەتایی زەینمان، دەتوانین بەو رەهەندە بڵێین (ئاگایی پەتی)، ئەم رەهەندە ئەو دیوی دوانێتییە، واتە هەرێمی یەکێتییە (وەحدەت)، ئەم رەهەندە لە ئێمەدا بە هۆی ئەوەی رۆژانە هۆشمان  لەسەری نییە و بەکاری ناهێنین بەشێکی هەرە زۆری خەوی لێکەوتووە و بەشێکیشی چالاکە، بەڵام دەکڕێ ئاگایانە بەشێکی زیاتری وەخەبەر بێنین. ئەگەر کەسێک ئەم رەهەندەی وەخەبەر بێنێ، بە قەولی ئیبن عەرەبی دەبێتە (حاکمێکی خاوەن حیکمەت)، واتە دەبێتە بەڕێوەبەرێکی حەکیمی زەین و رەهەندەکانی زەینی خۆی، لێرەوە  کەسەکە کەمتر تووشی دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانی دەبێ، ئەگەریش تووش بوو ئەوا زوو لێی دێتە دەرەوە، چونکە ئاگاییەک، رووناکییەک لەودا چالاکە توانایی رەواندنەوەی ئەو ئەم تاریکییە بچووکانەی هەیە.
ئەو قسەیەی (برندن فرانسیس) کە دەڵێ ناخۆشییەکان دەزوویەکی ناسکن و بە ئاسانی دەتوانین بیانپسێنین، رەنگە بۆ زۆرینەی خەڵک قسەیەکی جوانی بیرمەندانە بێ و نەچێتەوە سەر واقیع، یانی لە کەتواردا وا نەبێ، بۆ چوونکە کەسەکە لە رەهەندی مرۆیی - تاکەکەسی زەینیدا قەتیس بووە، ئاگایانە و نائاگایانە رەهەندە گەردوونییەکەی زەینی کەم و زۆر چالاک نییە، لەم حاڵەتەدا کێشەکان، دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانییەکان چەندیش باریک و ناسک بن لای کەسەکە دەبن بە گوریسێکی بەهێزی توندوتۆڵ، کەواتە دەبێ ئێمە رەهەندی ئاگایی پەتییمان چالاک بکەین بۆ ئەوەی کەمتر تووشی دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانییەکان بین و ئەگەریش تووش بووین زوو لێی بێنە دەرەوە.
ئەم راهێنانە بکە
با لە کۆتاییدا راهێنانێک ئاماژە پێبدەین تا بە کردار بیکەین و ئەم نووسینە سوودێکی کرداریی هەبێ بۆمان. جەنابت لە دوو ئاستدا هەی، ئاستێکی سنووردار و زەینی و ئاستێکی بێ سنوور کە ئەو رەهەندی زەینی تاکەکەسی و مرۆیی دەکا، هەر کاتێک تووشی دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانی بووی وەبیرت بێتەوە ئێستا لە رەهەندە سنووردارەکەی زەینتدا یاریی دەکەی، بزانە ئەو رەهەندە کاتی و ناڕاستەقینە و دروستکراوە، لێرەوە یەکسەر رەهەندە بێ سنوور و هەتاهەتاییەکەت وێنا بکە، تۆ لەو رەهەندەدا لە دەرەوەی هەرچەشنە هاوکێشەیەکی، واتە لەو دیوی باشە و خراپە، گەورەیی و بچووکی، نەخۆشی و لەشساغی و...هتدی. بۆ ئەوەی راهێنانەکە روونتر و ئاسانتر بێ لات هەر کاتێ بە شتێک تووڕە بووی بزانە لەناو رەهەندی مرۆیی و تاکەکەسی زەیندا قەتیس بووی، یەکسەر خۆت لە دەرەوەی زەین، خۆت لە بۆشاییدا وێنا بکە، یەکسەر ئارام دەبێتەوە، ئەگەر تا ماوەیەک ئەم کارە بکەی، رەهەندی مرۆیی و تاکەکەسی زەینت بە دەستەوە دەگریتەوە و خۆت دەبی بە بەڕێوەبەریی، لێرەوە دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانییەکان وەک بلقی سەر ئاویان لێدێ و تۆش دەبی بە بینەریان، یانی نابی بە ئەوان! .

وتارەکانی نوسەر