یادكردنەوەی ئەنفال و تاوانەكانی جینۆساید بەگشتی، بۆ مانابەخشینن بە شوناسی نەتەوەییمان، وەڵامن بۆ ئەو پرسیارەی چۆن گیانمان لەپێناوی سەربەستی و مافی چارەنووسدا بەختكردووە. بۆیە پێویستە یادكردنەوەكان ئاماژەبن بۆ ئەوەی نەوەی ئێستا بە لێپرسراوێتییەوە بەرامبەر بە مرۆڤی كورد و دۆزی میللەتەكەمان و داهاتووی، مامەڵە بكات.
لێرەوە ئاشناكردنی تراژیدیاكان، لەئەستۆی دامەزراوە پەروەردەییەكانە، سیاسەتی پەروەردەییش لە هەرێمدا، وەزارەتی پەروەردە دایدەڕێژێت، بەڵام بەداخەوە دەبینین ئەو وەزارەتە، تەنها رۆژێك پێش یادكردنەوەی تاوانی ئەنفال، كە دەكاتە 14/4ی هەموو ساڵێك، داوا لە خوێندنگەكان دەكات دەقیقەیەك بە بێدەنگی رابوەستن، پاشان چەند دەقیقەیەكیش هەوڵبدەن خوێندكاران بە تاوانی ئەنفال و ئەو پڕۆسەیە دژ بە میللەتەكەمان، ئاشنابكەن.
پرسیاریش لێرەدا ئەوەیە، ئایا بە راستی نەوەی بانەڕۆژی ئێمە، تەنیا بە چەند دەقیقەیەك بە تاوانێكی گەورەی ئاوها ئاشنا دەكرێت؟ ئەی بە درێژایی ساڵ و لەچوارچێوەی ئەو وانە جۆراوجۆرانەدا، چ رووبەرێكی پێویست بۆ ئەو پرسە تەرخانكراوە؟ سیاسەتی پەروەردەییمان، چۆن لە چەند دەقیقەیەكدا ئەنفال چڕدەكاتەوە؟ ئەو مامۆستایەی؛ ئەنفال بە خوێندكارەكان دەناسێنێت، چی دەڵێت و چۆن ئەنفالیان بۆ دەخاتە رستەوە؟.
هەرچەندە یادكردنەوەی ئەنفال لە چەند خولەكێكیشدا بێت، بڕیارێكی باشە، بەڵام ناساندنی هۆكارەكانی جینۆسایدكردنی كورد و كاریگەرییە دەروونی و كۆمەڵایەتییەكانی و لێكەوتە ئابوورییەكانی تێكدانی هەزاران گوند لە كوردستان و زۆر دیوی تر، ئەركی وەزارەتی پەروەردەیە، ئەم وەزارەتە دەبێت بە پلانی زانستییەوە لە سیاسەتی پەروەردەیی خۆیدا، جێیان بكاتەوە، نەك رۆژێك پێش یادەكە بڕیار دەربكات.