بۆچی کەسانی لاواز لە سیاسەتدا هانا بۆ تۆمەت دەبەن؟

08:27 - 2024-07-03
هاوار نەسرەدین
189 خوێندراوەتەوە

سیاسەتمەدار بۆ ئەوەی ململانێ لەگەڵ رکەبەرەکەیدا بکات، هانا بۆ گەنجینە دەرونی و هزرییەکەی خۆی دەبات و پاشان دەیکات بە کردەوە. لە کردەی سیاسیدا، هاوشێوەی هەموو کردەیەکی تر، کەسەکان بەگوێرەی دەرون و بیرکردنەوەی خۆیان هەڵسوکەوت دەکەن. واتە ئەو ئامرازانەی بۆ ململانێ و کێبڕکێ بەکاریدەهێنن، لە دەرون و بیرکردنەوەی خۆیانەوە سەرچاوەی گرتووە. بەو پێیە کردە سیاسییەکانیش، لێکەوتەی بەهێزی و لاوازی یان هەستکردن بە سەرکەوتوویی یان شکستی سیاسەتمەدارە.
تۆمەتبارکردنی ئەوانی تر، لە دەرون و بیرکردنەوەیەکی پڕ کێشەوە سەرچاوە دەگرێت و بە ئاسانیش دۆخی دەرونی کەسەکە نیشان دەدات. کەواتە تۆمەتبارکردنی ئەوانی تر، ئامرازێکی زیرەکانە نییە لە ململانێ و کێبڕکێی سیاسیدا چونکە دۆخی دەرونی کەسەکە بە ئاسانی دەخوێنرێتەوە. هەروەها ئاماژەکانی پشت هانابردن بۆ ئەو ئامرازە، بە روونی و راشکاوی دەردەخات.
تۆمەتبارکردنی ئەوانی تر لە یەکەم نیگادا، ئاماژەیە بۆ هەڵهاتن لە لێپرسراوێتی و ئاماژەیەکی روونیشە بۆ لاوازی. واتە مرۆڤ ئەو کاتە کەسانی تر تۆمەتبار دەکات، کە خۆی نەتوانێت کێشە و گرفتێک چارە بکات و دەستەوەستانە لەبەرامبەر کێشەکان. هەروەها لەبری ئەوەی لێپرسراوێتی چارەکردنی کێشەکە بگرێتە ئەستۆ، دەیخاتە ئەستۆی کەسانی تر و بۆ ئەوەی تۆڵە بکاتەوە، رکەبەرەکەی لە تۆمەتێکەوە تێوەدەگلێنێت و تاوانباری دەکات.
هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم ئامرازە لە سیاسەتدا، دەگەڕێتەوە بۆ براوەیی و سەرکەوتنی رکەبەر. کاتێک کەسێک سەرکەوتنی زیاتر تۆمار دەکات و زیاتر پێش دەکەوێت، ئەو کەسانەی لاوازن و هەست بە جێمان و شکست دەکەن، کەسە سەرکەوتووەکە بە مەترسی بۆ سەر خۆیان دەزانن و هانا بۆ ئامرازێکی نەخوازراو دەبەن. بە تۆمەتبارکردنی کەسانی تر کەسی شکستخواردوو، هەم دەستی خۆی پێش دەخات و هەمیش تۆڵەی لێ دەکاتەوە. لەڕاستیدا، تۆمەتبارکردنی ئەوانی تر، ئاماژەیەکی زۆر روونە کە کەسی شکستخواردوو بە قوڵی پێکراوە و زەڕبەی بەرکەوتووە، بۆیە بیر لە تۆمەت و تۆڵە دەکاتەوە.
لایەنێکی تری تۆمەتبارکردنی کەسانی تر بە تایبەت لە کردەی سیاسیدا، ئاماژەیە بۆ بەرگریکردن لە خود لە دۆخێکی لەرزۆک و لاوازی دەرونیدا. کاتێک کەسەکە هەست بە لاوازی دەکات و هیچ ئامرازێکی بەهێزی بەرگری پێ نامێنێت یان توانای هێرش و جموجۆڵی کاریگەری نابێت، کەسێکی تر، کە بریتییە لە رکەبەرەکەی خۆی، تۆمەتبار دەکات بۆ ئەوەی پێی بگاتەوە. واتە تۆمەتبارکردنی کەسانی تر، رەهەندێکی تەواو بەرگری هەیە و هێرشبردن و پێشکەوتن نییە.
هەر لەو سۆنگەیەوە، تۆمەتبارکردنی کەسانی تر ئاماژەیە بۆ هەڵهاتن لە ململانێ و کێبڕكێی رەوا. چونکە تۆمەتبارکردنی کەسەکان، سروشتی  ململانێ و رکبەرکێ دەگۆڕێت بۆ دۆخێکی تر. بە شێوەیەک سەرەنج لەسەر کار و ئەرکە پێویستەکانەوە دەگوازێتەوە بۆ شتی لابەلایی و لاوەکی. بەو جۆرە، کەسی شکستخواردوو لە ململانێ سەرەکییەکە هەڵدێت.
لەئاستی کەسێتی و تایبەتدا، کەسانی شکستخواردوو بۆ ئەو بابەتانە دەگەڕێن تاکو خەڵکی تری پێ تاوانبار بکەن، کە پێشتر لە هزر و بیری خۆیدا هەبووە. بە جۆرێک بیری لێ کردووەتەوە کردەیەکی لەو چەشنە بکات. دواتر لە ئاستی قسە و چیرۆکێکی هەڵبەستراودا، رکەبەرەکەی دەکاتە ئەنجامدەری کردەوەیەکی ناڕەوا و بەو جۆرە تاوانباری دەکات. واتە بە تۆمەتبارکردنی کەسانی تر، ئەو عەیبەی لە خۆیدایە، دەیبەخشێتە کەسی رکابەر و بە عەیبدارکردنی، تۆڵەی لێ دەکاتەوە.

وتارەکانی نوسەر