گەڕانەوەی چەمکی ئاسایش بۆ ناو فەلسەفەی سیاسیی هاوچەرخ

11:54 - 2024-05-19
هاوار نەسرەدین
218 خوێندراوەتەوە

بیرکردنەوە لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە بە گونجاوترین شێواز، پاڵنەری بەهێزی هاتنەئارای فەلسەفەی سیاسییە. فەیلەسوفەکان بەپێی ئەو پاشخانە فەلسەفییەی هەیانە، بۆچوون و روانینەکانیان لەمەڕ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە دەخەنەڕوو. ئەو بۆچوون و پاشخانە فەلسەفییە، جگە لەوەی سەرەنج و روانینی فەیلەسوف بۆ لێکدانەوەی پرس و بابەتەکان دەخاتەڕوو، بە هەمان شێوە ئاماژەیەکی روونە بۆ دۆخی باو. واتە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە چی پێویست بێت یان کۆمەڵگە لە کام لایەنەوە لە تەنگژە و قەیران بێت، ئەو تەنگژەیە دەبێتە کەرەستەی فەلسەفە.

بەشێک لە نووسەران و توێژەرانی فەلسەفە، چەمکی ئاسایش وەک بەراییترین و لەپێشینەیترین چەمکی فەلسەفەی سیاسی دەناسێنن

چەند ساڵێکە پرسی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی، بووەتە یەکێک لەو چەمکانەی وا فەلسەفەی سیاسی بە چڕی بیری لێ دەکاتەوە و لەگەڵ پرس و بابەتەکانی تردا هەڵدەسەنگێنرێت. بە جۆرێک؛ بەشێک لە نووسەران و توێژەرانی فەلسەفە، چەمکی ئاسایش وەک بەراییترین و لەپێشینەیترین چەمکی فەلسەفەی سیاسی دەناسێنن. هاوتەریب لەگەڵ چەمکی ئاسایش و ئارامی، چەمکی ترس یەکێکی ترە لەو چەمکانەی وا پێویست دەکات فەلسەفە لەبارەیەوە بپەیڤێ و شرۆڤەی بکات. لە سادەترین لێکدانەوەدا، کۆمەڵگە لە دۆخی ترساویدا، زیاتر شەیدای ئاسایش و گەڕانەوەی ئاسایش دەبێت.
رووداوەکانی 25 ساڵی رابردوو، گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەر جیهاندا هێنا. ئەو گۆڕانکارییانە تەنیا گۆڕانی جۆریی و رواڵەت نەبوون بەڵکو لەگەڵ خۆیاندا، کرۆکی پرسە گرنگ و هەستیارەکانیشیان گۆڕی. پرسی تیرۆر یەکێکە لەو تەنگژە جیهانیانەی وا فەلسەفەی سیاسی هەڵوەستەی لەبارەوە دەکات. تیرۆر لە درزی سیستەمە سیاسییەکان و ئایدیۆلۆژیا کۆن و نوێیەکانەوە ترس بە هەموو جیهاندا بڵاو دەکاتەوە. هەروەها بە هۆی جیهانگیرییەوە، رووداوە دوورەکان زۆریان پێ ناچێ و کاریگەری و کاردانەوەیان بەسەر شوێنەکانی تریشەوە دەبێتەوە.
هەروەها شەپۆلە یەک لە دوا یەکەکانی کۆچەران و ئەو قەبارە گەورەیەی کۆچەر لە وڵاتە نائارامەکانەوە، سەقامگیری بەشێک لە وڵاتە ئارامەکانی شێواند. هەرچەندە بەشێکی زۆری فەیلەسوفان تاکو ئێستایش پێیان وایە سنووری جوگرافی، نابێت رێ لە سەربەستی مرۆڤ بگرێت و مرۆڤ مافی خۆیەتی شوێنی 
نیشتەجێبوونی خۆی هەڵبژێرێت. بەڵام کۆچەران مەترسییان بۆ سەر سەقامگیری خۆراک و کار و وزە و دەرفەت و داهاتووی وڵاتانی خانەخوێ دروست کرد. کۆچەران لەلایەکەوە بە هۆی نائاسایشی و ناسەقامگیری وڵاتەکانی خۆیان کۆچ دەکەن و لەلایەکی تریشەوە، سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتێکی تر دەخەنە مەترسییەوە. ئەمەش تاکو ئێستا وەک مەتەڵێکی فەلسەفی وایە و فەیلەسوفان بە گەڕانەوە بۆ پاشخان و نەریتە فەلسەفییەکانی خۆیان هەوڵی چارەکردنی ئەو پرسە دەدەن.
لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی سەرتاپاگیری کۆرۆناوە، لایەکی تری تەلاری سەقامگیری جیهانیی رووخا و چەمکی ئاسایش و ئارامی بووەوە بە چەمکی رۆژەڤ لە فەلسەفەی سیاسیدا. چونکە هێشتا پرسی تیرۆر و کۆچەر چارە نەکرا، کەچی پەتا تەنگی بە مرۆڤ هەڵچنی. بە شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیا وەک دوو وڵاتی گەورەی بەرهەمهێنی دانەوێڵە لەلایەک و گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمبوونی بەرگە هەوای زەوی لەلایەکی تر، ئاسایشی خۆراک کەوتە مەترسییەوە. هەروەها مەترسی بەکارهێنانی چەکی ناوەکی و چەکە قەدەغەکراوەکان لە شەڕەکاندا، لەگەڵ پرسی تیرۆر و کۆچەر و ڤایرۆس و کەمی خۆراک، پێکەوە چەمکی سەقامگیری و ئارامییان خستە تەنگەژەوە. لە بەرامبەردا، سەرنجەکان بۆ چەمکی ترس و چەمکی ئاسایش گوازرانەوە.
ئێستا لە توێژینەوەکانی فەلسەفەی سیاسیدا، چەمکی ئاسایش رووبەرێکی فروانی بۆ تەرخان کراوە. تەنانەت دوای دەیان ساڵ، دەقەکانی (تۆماس هۆبز 1588-1697) زۆر زیاتر لە جاران دەخوێنرێنەوە. هەروەها شرۆڤە و لێکدانەوەی زیاتریان بۆ دەکرێت. هۆبز لە فەلسەفە سیاسییەکەی خۆیدا، زۆر بایەخ دەداتە چەمکی ترس و ئاسایش. بە جۆرێک تانوپۆی فەلسەفەکەی، بریتییە لەو دوو چەمکە. هەروەها هۆبز پێچەوانەی فەیلەسوفەکانی تر، ئاسایش دەخاتە پێش چەمکی سەربەستی و ماف و بڕیاردان و تەنانەت دیموکراتیش.

وتارەکانی نوسەر