هەرمان

جیهان بەرەو جەنگە گەورەكە دەبەن

09:50 - 2024-04-17
ئارام عه‌لی عه‌زیز
213 خوێندراوەتەوە

 دوای پەلاماری كرۆكۆس سیتی و راگەیاندنی جەنگ لە لایەن روسیاوە، ئەوروپا بە گشتی ترسی زۆرە لە رووخانی ئۆكرانیا، بایدنیش دەڵێت، روسیا تەنها لە ئۆكرانیا ناوەستێت، سەرۆك وەزیری پۆڵەنداو ماكرۆنی فەرەنساش ترس و دڵەڕاوكێكانیان ناشارنەوەو بە ئاشكرا ئاماژە بە نزیكبوونەوەی هەڵگیرسانی جەنگی سێیەمی جیهان دەكەن، بۆ ئەمەیش دەمێكە ئەڵمانیا و ئەوروپا  لە ناوخۆدا ئامادەكاری دەكەن.
لە ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەراستیشدا، ئیسرائیل دوای شەش مانگ لە جەنگی غەززە، ئەنجامێكی ئەوتۆی بە دەستنەهێناوەو زیانی گیانیی و ماددیی و مەعنەویی زۆری بەركەوتووە. نەتانیاهو لە دەرەوە و ناوخۆدا دووچاری كێشەی گەورە بۆتەوەو داوای دەست لە كاركێشانەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختی لێدەكرێت، لەبەر ئەوە، وەكو هەنگاوێكی راكردن بۆ پێشەوەو بە ئومێدی گەورەكردنی جەنگەكە و تێكدانی هاوسەنگی كونسوڵخانەی ئێرانی لە دیمەشق مووشەكباران كرد، وەڵامدانەوەی ئێرانیش بە دەستبەسەرداگرتنی كەشتیەكی ئیسرائیلی و باراندنی سێ سەد درۆن و موشەك بەسەر ئیسرائیلدا رەوشەكەی ئالۆزتر كرد و دەستپێشخەری گەورەكردنی جەنگەكەی بۆ نەتانیاهۆ فەراهەم كرد.

 

سەرۆكی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل پێیوایە نەتانیاهو هەڕەشەیەكی وجودییە لەسەر وڵاتەکە

 

ئۆكرانیا و ئیسرائیل دوو پێگەی گرنگی ئەمریكا و ئەوروپان و ئەمڕۆ بە رەوشێكی زۆر نالەباردا تێپەڕ دەبن، هەڵە نییە ئەگەر بڵێین بە رەوشێكی مان و نەماندا تێدەپەڕن و داهاتویان لە مەترسیدایە. سەرۆكی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیلیش پێیوایە نەتانیاهو هەڕەشەیەكی وجودییە لەسەر ئیسرائیل.
رووخانی ئۆكرانیا و سەرنەكەوتنی ئیسرائیل لە جەنگی غەززەدا جیهان بەرەو جەنگی سێیەمی جیهان دەبەن، چونكە لە ئەگەری نەمانی ئۆكرانیا، ئەوروپا وەكو خۆیان باسی دەكەن دەكەونە بەردەم هەڕەشەیەكی گەورەی روسیا. ئیسرائیلیش بە گەورەكردنی جەنگەكە هاوسەنگیەكە بەتەواوەتی تێكدەدات و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەخاتە سەر لێواری جەنگێكی ئیقلیمی گەورەوە، كە ئەمڕۆ ئاماژەكانی لە ناوچەكەدا دەبینرێت.
ئەم هەلومەرجە تازەیە هاوپەیمانێتییە بابەتیەكانی كە هەیە، دەگەیەنێتە ئاستی جەمسەربەندیی و دەوڵەتان و هێز و لایەنەكان ناچاری خۆیەكلاییكردنەوە دەكاتەوە. لەو رووەوە لە ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕستدا پێدەچێت سوریا و ئیران و یەمەن و عیراق بكەونە بەرەی روسیاوە، لەبەر ئەوەی سوریا و عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بە حوكمی چەندین هۆكاری جیۆپۆلیتیكی مەیدانی جەنگەكە و ئامانجێكی ئەمریكا و ئیسرائیل دەبن و هەوڵی دەست بەسەرداگرتنیان دەدرێت. بەرەی ئەمریكا و ناتۆش وەكو ئێستا ئیسرائیل لە جەنگی غەززەدا دەیكات، دەست ناپارێزن، چونكە گلۆرەیان لە لێژیە، لەبەر ئەوە دوور نییە چەكی ئەتۆمی سنووردار بەكار بهێنن.

وتارەکانی نوسەر