هەڵبژاردنی پێشوەختە حکومەتی بەهێزتر دروست دەکات؟

07:43 - 2022-05-15
عەتا تەها
357 خوێندراوەتەوە

هەڵبەتە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە کاتێکدا ئەنجامدرا، کە حکومەت و پەرلەمان هێشتا نزیکەی دوو ساڵ ماوەی یاسایی خۆی مابوو لە 2021، بەڵام لە دوای ململانێی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی عیراق و لە ژێر کاریگەری و هەژموونی چەند وڵاتێکی زلهێز و خاوەن بەرژەوەندی لە ناوچەکەدا، کە هەریەک لەو وڵاتانە بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بە دەستێوەردانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و لە رێگەی کاراکتەرە دۆست و سیاسی و هاوئاوازەکانیان، هەوڵەکانیان چڕترکردەوە، بەتایبەت لە دوای گۆڕانکارییە شکڵییەکان و دەستبەکاربوونی ئەوکاتی مستەفا کازمی، کە بەدروشمی چاکسازی و حکومەتێکی تەکنۆکرات و بێلایەن دەستبەکاربوو.

هیچ لە دۆخەکە نەگۆڕا
سەرئەنجام ئەم گۆڕانکارییەی ئەوکات نەیتوانی هیچ لەدۆخی عیراق بگۆڕێت، هەربۆیە ئاراستەی ئەو هێزانە پلانەکانیان گۆڕی و گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ئەو حکومەتە توانای چارەسەرکردن و بەرەنگاربوونەوەی گیروگرفتەکانی وڵاتی نییە، پاشان بە پێشنیار و بڕیاری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران 10ی تشرینی یەکەمی 2021 بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دانراو بڕیارەکە دراو هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا کرا.
 سەبارەت بەم پرسە و ئایندە و دۆخی عیراق، دەپرسم ئاخۆ رووکرنە هەڵبژاردنی پێشوەختە و پێکهێنان و دروستکردنی حکومەت و کابینەی نوێ لە ئێستادا و دوای بنبەستی سیاسی لە وڵات هەروا ئاسان دەبێت؟ لە کاتێکدا وەکو دەزانین حکومەتی پێشوتر دوای نزیکەی یەک ساڵ لە دانوستان و کۆبوونەوە و گفتوگۆی هێز و لایەنە سیاسییە عیراقییەکانی ئەوکات، توانرا پێک بهێنرێت،  لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە، خۆ حکومەت و کابینەی پێش تشرینی یەکەمیش لە بۆشایی یاساییدا نەبوو، بەڵکو تەنها شت کە بۆشایی دروست کردبوو، دروستکردنی لەمپەر و رێگری کردنی هێز و لایەنە سیاسییەکان بوو، لەبەرامبەر یەکتر و بەدیاریکراوی رەنگدانەوەی لەسەر پرۆسەی حکومڕانی عیراقدا.


چارەسەر نەبوونی گرفتەکان
 کەواتە حکومەتی پێشوتر دوای نزیکەی دووساڵ لە حوکمڕانی و هەوڵی بەردەوام نەیتوانی بێت گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی حکومڕانی چارەسەربکات، ئاخۆ پێکهێنانی کابینەیەکی نوێ هەروا ئاسان دەبێت و دەتوانێت چارەسەری دۆخی سیاسی و حکومەتی عیراق بکات؟ کە بۆخۆی پێکهێنانی ئەم حکومەتە نوێیە دەیان کۆسپ و گرفتی تری بۆ دروستبووە، هۆکارەکەش ئەوەیە، ناکۆکی نێوان هێزە سیاسییەکانی عیراق بە شیعە و کورد و سوننەوە لەوپەرێتی و هەموو هێزەکانیش سوورن لەسەر هەڵوێستەکانیان، هەندێ هێزی عیراقیش ژمارەی کورسییەکانیان تەواو کەمی کردووە، هەر لەبەر ئەم هۆکارانە رەنگە وروژاندنی شەقام و دەستێوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەدوادابێت، تێڕوانینمان لەو روانگەیەوە ئەوەیە، پێم وانییە حکومەتی نوێی عیراق وابەئاسانی پێک بهێنرێت، ئەگەر رێکەوتنی سیاسیی و رەزامەندی و کۆدەنگی هەندێ وڵاتی ناوچەکە و ئەمریکای لەسەر نەبێت، رەنگە عیراق دوورنەبێت لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی تایفی و ناوخۆی و پێکدادانی پێکهاتە جیاوازەکانیش.
 
قورسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ
هەروەک ئاماژەم پێکرد، بە هۆکاری دابەزینی رێژەی دەنگی بەشێک لە هێزە سیاسییەکان و بوونی روئیای جیاواز و دوور لە یەکی هێزەکانی ناو ماڵەکانی (شیعە  –  کورد-  سوننە)، پێکهێنانی حکومەت ئەستەم دەبێت، خۆ لە ئەگەری رونەدانی هیچ حاڵەتێک و تەنانەت رێکەوتنی هێز و لایەنە سیاسییەکانیش، کابینەی نوێ پێک بهێنرێت، ئەوا هێشتا ناتوانرێت حکومەتێکی تۆکمە و بەهێزتربێت لە کابینەی پێشووتر، بە هۆی هەڵکشان و داکشانی دەنگی هێز و لایەنە سیاسییەکان و ناکۆکییەکانیان سەبارەت بە چۆنێتی حوکمڕانی، لەبەر ئەوە چاوەڕوان ناکرێت کابینەی نوێ باشتر بێت لە کابینەی پێشوتر.

پێم وانییە حکومەتی نوێی عیراق وابەئاسانی پێک بهێنرێت، ئەگەر رێکەوتنی سیاسیی و رەزامەندی و کۆدەنگی هەندێ وڵاتی ناوچەکە و ئەمریکای لەسەر نەبێت

وتارەکانی نوسەر