وتاری رادەربڕین

شۆڕشی خوێندكارانی زانكۆ لە ئەمریكا

10:23 - 2024-05-01
فەرید ئەسەسەرد
164 خوێندراوەتەوە

ئەمە یەكەم جار نییە خۆپیشاندانی گەورە دژی جەنگ ئەمریكا بتەنێتەوە. لە ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوودا خۆپیشاندانی فراوانتر دژی تێوەگلانی ئەمریكا لە جەنگی ڤێتنام سەرتاسەری ئەمریكای گرتەوە. خۆپیشاندانەكانی ئەمجارە خوێندكارانی زانكۆكان بەشێوەیەكی سەرەكی پێشەنگەكەی پێكدێنن. لە سەردەمی جەنگی ڤێتنامەوە، ئەمریكا خۆپیشاندانی وا گەورەی نەدیووە. خۆپیشاندانەكانی خوێندكارانی ئەمریكا لە زانكۆی كۆلۆمبیاوە لە نیویۆرك دەستیان پێ كرد و زانكۆكانی كالیفۆرنیا و واشنتۆنیان گرتەوە. هەندێ لەو زانكۆیانەی خۆپیشاندان و مانگرتنیان تێدا كراوە، زانكۆی زۆر بەناوبانگن لەوانە زانكۆكانی هارڤارد و پرنستۆن. خۆپیشاندانەكان لە زانكۆی كالیفۆرنیاوە لە نیویۆرك دەستیان پێ كرد و گەیشتنە زانكۆكانی ویلایەتەكانی تر.
كاربەدەستانی ئەمریكا زۆر بە زبری مامەڵەیان لەگەڵ خۆپیشاندەرەكان كردووە. راپۆرتە میدیاییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هەندێ لە زانكۆكان بۆ كۆتایی هێنان بە خۆپیشاندان و مانگرتنەكان، هانایان بۆ پۆلیس بردووە، لە كاتێكدا كە خۆپیشاندانەكان بەشێوەیەكی ئاشتییانە بەڕێوەدەچن و خۆپیشاندەران و مانگرەكان بەلای توندوتیژیدا دایاننەشكاندووە.

 

ئەو خۆپیشاندانانە چارەنووسی سیاسی یەك لە سەرۆكی ئەمریكا جۆ بایدن و سەرۆكی وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهوو دیاری دەكەن

 

لەرووی سۆسیۆلۆژییەوە، خۆپیشاندانی خوێندكاران بە بەراورد لەگەڵ خۆپیشاندانەكانی گروپەكانی تری وەك كرێكاران و مامۆستایان، زۆرتر گوزارشت لە بەها جوانەكان دەكا و زۆرینەی رێكخەرەكانی لە گەنجەكانن. خۆپیشاندانی خوێندكاران هیچ دوراییەكی چینایەتی تێدا نییە و بە بەراورد لەگەڵ خۆپیشاندانی گروپەكانی تر، گوزارشت لە بەرژەوەندیی ماددی و چینایەتی ناكات، چونكە خوێندكاران گروپێكی هۆمۆجین پێكدێنن و ریشەی چینایەتییان بەسەر هەموو چینە كۆمەڵایەتییەكاندا دابەش دەبێ. بۆیە خۆپیشاندانی خوێندكاران زۆرتر لە خۆپیشاندانی گروپەكانی تر، تیشكدانەوەیەكی راستگۆتری رای گشتی پێكدێنێ. ئەگەر پشت بەو پێوەرە ببەسترێ، ئەو ئەنجامەمان چنگ دەكەوێ كە خۆپیشاندانەكانی خوێندكارانی زانكۆكانی ئەمریكا، رای گشتی شەقامی ئەمریكایی بەشێوەیەكی روونتر دەردەخەن. 
خوێندكاران توێژێكی كەم ئەزموون پێكدێنن، بەڵام مرۆڤانەتر و راستگۆتر سەیری مەسەلەكان دەكەن و لێرە بەدواوە دەشێ رۆڵێكی گەورەتر لە بزواندنی شەقام و سیاسەتە گشتییەكاندا بنوێنن.
خۆپیشاندانەكان زۆر بە توندی وەڵام دراونەتەوە، تا ئەو رادەیەی كە خۆپیشاندانەكان، سەرەڕای ئەوەی كە بە شێوەیەكی ئاشتییانە بەڕێوەچوون، بە زەبری هێز بڵاوەیان پێكراوە و دەورووبەری 300 تا 500 خوێندكاریش دەستگیركراون.
واشنتۆن و تەل ئەبیب هەردووكیان بەهۆی جەنگی غەززەوە لەژێر فشاری خۆپیشاندانی بەردەوامدان. ئەو خۆپیشاندانانە چارەنووسی سیاسی هەر یەك لە سەرۆكی ئەمریكا جۆ بایدن و سەرۆكی وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهوو دیاری دەكەن. بۆ هەردووكیان، هەر هەڵەیەك لەم بارەیەوە، هەرچەند بچووكیش بێ، ئەنجامی خراپی لێ دەكەوێتەوە.

خۆپیشاندانی زانکۆکانی ئەمریکا جیاوازە لە خۆپیشاندانەکانی پێشووتری ئەو وڵاتە

وتارەکانی نوسەر