بۆچی هەڵبژاردن نەکرێ؟

10:57 - 2024-05-02
ئارێز عەبدوڵڵا
89 خوێندراوەتەوە

هەرچەندە دەیان کێشەی گەورە و هەڵواسراو لە نێوان هەرێمی کوردستان و عیراقدا هەن، بەڵام تا ئێستا سەرۆکی هەرێم لەپێناوی چارەسەرکردنیاندا چەند رۆژێک لە بەغدا نەماوەتەوە، کەچی لەپێناوی دواخستنی هەڵبژاردن ئەمجارە ژمارەی پێوانەیی لە مانەوەدا شکاند!
سەرۆکی هەرێم رۆژی هەڵبژاردنی دەستنیشان کردوە، بەڵام ئەنجام لەپێناوی سەرخستنی قسەی حزبەکەی سەری بەدەرگای هەموو ئەو هێزە عیراقیانەدا کرد، کە خۆیان پێیان وایە خێری کوردستانیان ناوێ و دەیانەوێ قەوارەی هەرێمی کوردستان نەهێڵن یان بێهێز و بچووکی بکەنەوە. 
دیارە گۆڕینی سیستەمی بەشداریکردنی تورکمان، ئەرمەن و کلد و ئاشورییەکان پاساوی سەرەکی پارتییە بۆ بەشدارینەکردن و رێگریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتوو. بێگومان خەمخۆری بۆ پێکهاتەکان ئەرکێکی پیرۆز و کارێکی تابڵێی باشە، بەڵام ئەگەر بەو شێوازە نەبێ کە پارتی دەیەوێ ئایا مافیان پێشێل دەکرێ و گورگ دەیانخوات؟
بێگومان نا، نا و دەکرێ بەچەندین شێوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێ. نموونە:
یەکەم: دەکرێ لایەنە سەرەکییەکانی کوردستان لەناو لیستەکانی خۆیاندا ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە کە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دروست بووە. 
دووەم: دەکرێ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێ و لە یەکەم هەنگاوی پەرلەمانیش بە یاسا کێشەکە چارەسەر بکرێ و رێگای بەشداریکردنی ئەوانیش بدۆزرێتەوە. بەڵێ دەکرێ دوای دەستبەکاربوونی پەرلەمان بە یاسا لە ماوەی شەش مانگدا هەڵبژاردنێکی تایبەت بۆ نوێنەرایەتی پێکهاتەکان بکرێ. 
بە کورتی نە پێکهاتەکان پەکیان لەسەر بەشداری نەکردنی چەند کەسێک لە پەرلەمانی کوردستان دەکەوێ و نە رەوایە لە پێناوی بەشێکدا مافی تەواو گەلی کوردستان پێشێل بکرێ.
ئێستا کەس نییە نەزانێ کە ئەو شینە بۆ هەریسەیە، نەک بۆ حوسێن. لەبەرئەوەی هەلومەرجەکان گۆڕاون و پتریش دەگۆڕێن، بێگومان کاریگەری لەمەودوای پارتی وەکو کاریگەری جاران نامێنێتەوە، بۆیە ئەو نایەوێ ئەو رۆژە بەچاوەکانی خۆی ببینێ.
ئاشکرایە کڕۆکی دیموکراسی هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنیش بە مەرجی سەرکەوتن و بردنەوە جگە لە شانۆگەرییەکی گاڵتەجاری هیچی تر نییە. ئەم هەڵبژاردنە سەنگی مەحەکە کە ئایا کێ زیاتر لە خەمی دواڕۆژی ئەم وڵاتەیە. هەر لایەنێک بەرژەوەندیی باڵای گەل لەبەرچاو بگرێ، دەبێ لەگەڵ هەڵبژاردن بێ و بە پێچەوانەوە هەرلایەنێک رێگری لێبکا بۆ هەر پێشهاتێکی نەخوازراو  ئۆباڵی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆ.

وتارەکانی نوسەر