داوای رەوا لەکاتی نەگونجاودا

10:42 - 2024-05-14
جەمال ئارێز
403 خوێندراوەتەوە

جەمال ئارێز

 

نوێترین داوای محەمەد شیاع سودانی سەبارەت بە کشانەوەی یونامی(UNAMI)  کە رووکاری سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەعیراق، مایەی سەرنج بوو، چونکە زۆربەی ئەو لایەنە عیراقییانەی کە خۆیان بە نەیاری پەیوەندییەکانی عیراق لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە تیرۆر دەزانن و داوای چوونە دەرەوەی هێزە بیانییەکان دەکەن، نەک رێکخراوێکی وەک (UNAMI)، لەبەرئەوەی دەرک بەوە دەکەن هێشتا عیراق پێویستی بە چاودێرییەکی نێودەوڵەتی هەیە، جگەلەوەش بەشێک لەوانە ئەوەی دەیڵێن دروشمە بۆ ئیستیهلاکی محەلی و راوکردنی دەنگی دەنگدەرانی عیراق.
زۆربەیان دڵنیان کە بەڵای داعش لەوێوە سەرچاوەی گرت کە هێزەکانی ئەمریکا لە دیسەمبەری 2011 دا کشانەوە، ئەوەش ئەوەی سەلماند کە راستە عیراقی نوێ بۆتەوە بە خاوەنی سوپایەکی خاوەن جبەخانە، بەڵام لە غیابی باوەڕێکی سەربازیی نیشتمانیی تۆکمەدا، بۆیە بینیمان ساڵی 2014 لەماوەیەکی کورتدا سێ پارێزگای عیراق بەتەواوەتی کەوتە دەرەوەی دەسەڵاتی بەغداوە!

پێناچێت لە گەمە سیاسییە گەورەکاندا پڕۆفایل و سی ڤی بێگەرد فریای خاوەنەکەی بکەوێت، چونکە هەنگاوی سیاسیی نامەدروس سەرئێشە بۆ خاوەنەکەی دەسازێنێت

وەک تا ئێستا ئاشکرایە گومانێکی ئەوتۆ لە هەستی نیشتمانیی عیراقییانەی ئەو پیاوە ناکرێت و بگرە تا رادەیەک جێگای پەسەندیی زۆربەی لایەنە سیاسییەکانە و پرۆفایلە خاوێن و بێگەردەکەی لە بواری گەندەڵیی سیاسی و داراییدا کردوویانەتە کەسایەتییەکی گەلپەسەند، بەڵام پێناچێت لە گەمە سیاسییە گەورەکاندا پڕۆفایل و سی ڤی بێگەرد هەموو کات فریای خاوەنەکەی بکەوێت، چونکە زۆر هەنگاوی سیاسیی نامەدروس سەرئێشەی گەورەتر بۆ خاوەنەکەی دەسازێنێت و پێشناچێت لەم دۆخە ئاڵوزەی ناوچەکە بەگشتی و عیراقدا بەتایبەتی کە چاوی زۆربەی جەمسەرە بەهێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەکانی لەسەرە، ئەم هەموو بەرەی جەنگە سیاسییە لەیەک کاتدا ئیدارە بدرێت.
بۆنموونە بزووتنەوەی حەماس لە جەنگێکی بێئاماندایە لەگەڵ ئیسرائیل و راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ زۆربەی وڵاتانی خۆرئاوا پشتیوانیی لە ئیسرائیل دەکەن وەک میدیاکانی سەربە حەماس باسی دەکەن، بەڵام حەماس نەک دەرگای جەنگی راگەیاندنی لەگەڵ (ئۆنرا)دا نەکردۆتەوە (کە رێکخراوێکی سەربە UN -ە و دەشزانێت بەشێک لەو وڵاتانەی خۆرئاوا کاریگەرییان بەسەر ئۆنراوە هەیە)، بەڵکو کارێکی کردووە لەڕووی هاوکارییەوە لەگەڵیاندا، ئیسرائیل خەریکە لە (ئۆنرا) هەڵدەپێچێت و چەند جارێکیش کامپەکانی ئەو رێکخراوە لە غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج.  ئەو هەڵوێستە نەرمەی حەماس-یش لەگەڵ ئۆنرا کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر گۆڕینی دیدگای شەقامی خۆرئاوا و تەنانەت لەلای کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان.
بۆیە دەشێت داواکەی دەوڵەتمەدار سودانی داوایەکی رەوا بێت، بەڵام کاتەکەی نەگونجاوە، بەو پێیەی لەجیاتی ئەوەی یونامی بخاتە خانەی نەیارییەوە لەگەڵ خۆی، بیکایە شەریک و راوێژکاری خۆی لە هاندانی هاوپەیمانیی سەربازیی نێودەوڵەتی بۆ دانانی خشتەیەک بۆ کشانەوە و کەی عیراقیش بەبێ هاوکاریی سەربازیی و سیاسیی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی توانیی لەسەر پێیەکانی خۆی بووەستێت و گرفتە ناوخۆییەکانی خۆی چارەسەر کردبێت، ئەوکاتە کاتێکی گونجاوە بۆ ئەو داوا رەوایە.

وتارەکانی نوسەر