هەندێکجار هۆکاری متمانە نەکردن بەوانیتر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانە بە خود و هەستکردنی هەمیشەیی بە تەنهایی و نیگەرانیی کۆمەڵایەتی
هەموو کۆمەڵگەیەک بۆ بەردەوامی پرۆسە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ( هاوکاری، خۆگونجاندن، تێگەیشتن، کێبرکێ، ململانێ)، پێویستییەکی زۆری بە بوونی متمانە هەیە، جیالەوەش بوونی متمانە لەنێوان تاک و گروپە کۆمەڵایەتییەکاندا دەرفەتی زیاتر بۆ گەشەکردنێکی سروشتی دەڕەخسێنێ. سەرەڕای ئەوەش قاموسی ئۆکسفۆرد پێناسەی متمانەی کردووە بەوەی کە بریتییە لە بوونی باوەڕێکی زۆر بە ڕاستگۆیی کەسی بەرانبەر یان شتێک. ئەو کاتەش متمانە دەشکێت کە بەرانبەر لە ئاستی چاوەڕوانی و پێویستدا نەبێت، لە بەرانبەردا دڕدۆنگی کێشە بۆ ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی دروست دەکات و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و یەکترقبوڵکردن دەخاتە مەترسییەوە. گرفتەکە لەوەدایە هەرکاتێک ئەو ڕایەڵەی وەکو دارەڕا چۆن کۆڵەکانی میچێک بەیەکەوە گرێدەدات و دەبەستێتەوە لێکهەڵوەشا، ئیدی پەیوەندی نیوان کۆڵەکە و میچەکە نامێنێت و لەبەریەکهەڵدەوەشێتەوە. لە ڕاستیدا دۆخی کۆمەڵگەش بەو جۆرەیە.
هەندێکجار هۆکاری متمانە نەکردن بەوانیتر دەگەڕیتەوە بۆ نەبوونی متمانە بە خود و هەستکردنی هەمیشەیی بە تەنهایی و نیگەرانی کۆمەڵایەتی، بەڵام دەروونناسەکان هۆکاری متمانەنەکردن بەوان یتر دەگێڕنەوە بۆ ئەو ئەزموونە بە ئازارانەی پێشووتری ئەو کەسە پێیدا تێپەڕیوە. زانایانی دەروونناسی گەشە دەڵێن، بەشێک لە مێشکی مرۆڤ تەرخانکراوە بۆ دۆزینەوەی فێڵبازەکان، بەو بەشەش دەوترێت (cheat detector) کەواتە لە سروشتی مرۆییدا ئەوە پشتڕاستکراوەتەوە متمانە پەیوەندیی بە جینالۆجیای مرۆڤەوە هەیە بەڵام بێمتمانەیی تەواو پرسێکی کۆمەڵایەتی بەدەستهاتووە.
توێژینەوەیەک دەربارەی قسەی ناشرین لە ساڵی 2024 بڵاوکراوەتەوە و گەیشتووە بەو ئەنجامەی کە هۆکارێکی لە دەستدانی متمانە بە ئەوانیتر، دەگەڕێتەوە بۆ قسەی نابەجێ یان ناشرین. ئەمەش ڕوودانی لە سەرەتای ژیانی منداڵیدا دەبێتە گرنگترین هۆکار بۆ تووشبوونی بە نەخۆشییە دەروونییە جۆراوجۆرەکان لە تەمەنی گەورەییدا. ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆمەڵی کوردی و بەتایبەتی لە باشوور هەستی پێدەکرێت ، زۆرترین ڕێژەی سوکایەیتیپێکردن و شکاندن و جنێو و بوهتان و قسەی ناشریینە، کە تاکەکانی کۆمەڵگە بەرانبەر بەیەک پیادەی دەکەن، بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە دەتوانین تێچنەکانی سۆشیال میدیا بخوێنیینەوە.
زانایانی ئەمریکی باسیان لەوە کردووە، لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر دوانە هاوشێوەکان و نایەکسانەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە متمانەی مرۆڤ بە کەسێکی دیکە ڕەنگە بەشێکی پەیوەست بێت بە جینەکانیەوە، واتە تایبەتمەندییە بۆماوەییەکانی. ئەگەرنا نەبوونی متمانە تایبەتمەندییەکی بەدەست هێنراوە نەک تایبەتمەندییەکی بۆماوەیی، کەواتە دروستکراوێکی ئینسانەکانە لەماوەی پرۆسە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندی و کارلێکی کۆمەڵایەتیدا دروستدەبێت.
مارتن ریمان، پرۆفیسۆری یاریدەدەری بەبازاڕکردن لە قوتابخانەی بەڕێوەبردنی ئێلەردەڵێت: «توێژینەوەکانیان پشتگیری لەو بیرۆکەیەک دەکات کە نەبوونی متمانە تەنها پێچەوانەی متمانە نییە». ئاماژەی بەوەشکرد، ”متمانە و نەبوونی متمانە بە توندی کاریگەریی ژینگەی دەوروبەری هەر تاکێکیان لەسەرە، بەڵام گرنگ ئەوەیە کەوا متمانە بە توندی کاریگەریی جینەکان لەسەرە، لەکاتێکدا سیفەتی نەبوونی متمانە کاریگەری جینەکان نییە. هەر بۆیە پێدەچێت تایبەتمەندی نەبوونی متمانە بە پلەی یەکەم تایبەتمەندییەکی کۆمەڵایەتی بێت“. کەواتە بێمتمانەی لەدەرئەنجامی کارلێکی کۆمەڵایەتییەوە دروستدەبێت و لە ئێستادا کۆمەڵی کوردیی لە قەیرانی متمانەدا دەژی و ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر کۆی ژیانی سیاسی و ئابوریی و کۆمەڵایەتی هەیە.
متمانە لەنێوان حکومەت و خەڵکدا نەماوە و پەیوندیی نێوان خانەوادەکان بۆتە هۆی ڕوخاندنی پردی متمانەی خێزانی، ئاکامەکانی ئەم دۆخەش بەرۆکی هەموو کۆمەڵگەی گرتووەتەوە. بۆیە پێویستە بەجددی کاربکرێت بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو نالەباریانەی لە ڕێگەی بێمتمانەیەوە هاتوونەتە ئاراوە، ئەمەش هەوڵی دامەزراوەیی و کاری ئەکادیمی و توێژینەوە و خولی هۆشیاری و یارمەتیدانی حکومەتی دەوێ.