مەعلوم ئەمە (خەبات) نییە

05:22 - 2024-05-17
ستران عەبدوڵڵا
167 خوێندراوەتەوە

مەعلوم ئەمە (خەبات) نییە، مەعلوم ئەمە شتێکی ترە، چونکە خەبات رێوشوێنی خۆی هەیە و نازناوە بۆ تێکۆشان و گیانفیدایی سیاسی و میدیایی، نەک گاڵدان و هاندان و خەبەردان لە شارێکی نیشتمان کە سلێمانییە و هەقی زۆری بەسەر پارتایەتی و دیموکراتی و کوردستانەوە هەیە. 
قەت رێی تێناچێت ئەمە ئەو رۆژنامەیە بێت کە رۆژێک لە رۆژان مامۆستا برایم ئەحمەد، خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری بوو کە رۆژێک لە رۆژان ئیمتیازی ناوەکەی بە پارتی دیموکراتی کوردستان بەخشی و بە پێی یاسا بەرکارەکانی عیراقی جمهوری سەردەمی قاسم بە هەمان خاوەندارێتییەوە   رۆژنامەی (کوردستان)ی دەرکرد.
قەت رێی تێناچێت ئەمە ئەو خەباتە بێت کە مام جەلال-ی گەنج گۆشەی (یاداشت)ی تیا دەنووسی و مینبەری رەوای بزووتنەوەی کوردایەتی بوو بە زمانی رەوانی عەرەبی.
زەحمەتە ئەمە ئەو رۆژنامەیە بێت کە رۆژێک  سەروتاری خۆی تەرخان کرد بۆ داکۆکی لە (ئومەی کوردی) وەک هاوبەشی ئەم وڵاتە و لەسەر ئەوەش سەرنووسەرەکەی درایە دادگا. کەچی ئێستا بە زمانی شیرینی کوردی راپۆرت لەسەر پایتەختی رۆشنبیری دەدا و لە لاپەڕە یەک، بە کامی دڵ و بە مانشێت، خاوەندارێتی لەسەر دەکات.
راستە عادەتەن رۆژنامەی بە تەمەن بە گوێرەی خاوەندارێتییەکەی گێڕ دەگۆڕێت و زەمەن و دەوران فێری پێچە بە دەورەی دەکات، بەڵام قەت باوەڕ ناکرێت رۆژنامەی ئەهرامی میسری لە وێستگەی خدێوی و ئینگلیز و مەلیکەوە تا زەمانی ناسر و هەیکەل ئینجا بۆ رۆژگاری موبارەک ئاوا پێچە بە دەورەیان لە قاهیرە و ئەسکەندەرییە کردبێت و بە وتار و راپۆرتان غەوارەیان لە دژی هاونیشتمانانیان گاڵدابێت.
قەت ئەمە نابێتە بەشێک لە مێژووی رۆژنامەگەری کوردی و نابێتە بەشێک لە مێژووی جوڵانەوەی رزگاریخوازی کوردستان.

وتارەکانی نوسەر