لە سەردەمی جینۆسایدی ساڵی 1994 دا، داهاتی تاک ساڵانە تەنها 60 دۆلاری ئەمریکی بوو، بەڵام ئێستا ئەو داهاتە 825 دۆلارە و بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێت.
بودجەی وڵات لە ساڵی 2023 دا گەیشتۆتە نزیکەی 13،5 ملیار دۆلار و 22 % ی ئەو بودجەیە تەرخان کراوە بۆ خوێندن و بووە بە یەکەم وڵاتی ئەفریقی کە رێژەی نەخوێندەواری لە سفر نزیک کردۆتەوە و ساڵی 2019 یەکەم مانگی دەستکردی هەڵدا بۆ بۆشایی ئاسمان بە مەبەستی دابینکردنی ئینتەرنێتی خۆڕایی بۆ قوتابخانە دوورەدەستەکان لە وڵاتدا.
لێرە بایەخێکی زۆر بە پیشەسازی و تەکنۆلۆجیای ئەلیکترۆنی دەدرێت. ئەم وڵاتە هیچ دەروویەکی نییە بۆ سەر دەریا و چواردەوری وشکاییە، نە نەوتی تێدایە و نە ئەڵماس و نە زێڕ وەک چەند وڵاتێکی ئەفریقی و تەنها داهاتی لە کشتوکاڵی قاوە و چا و گەنم و جۆ و پەتاتە و ئاژەڵداریی وەک مانگا و بەراز و مەڕ و بزنە.
لەگەڵ ئەوەشدا بە گەورەترین ئابووریی ئەفریقا دادەنرێت و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەتەواوی جێی خۆی کردۆتەوە و بە سەنگاپوورەی ئەفریقا و سلیکۆن ڤاڵی و دوبەیی بچووک وەسف دەکرێت و بە پاکترین وڵاتی ئەفریقی دادەنرێت و ژینگە دۆستە و هیچ کیسێکی پلاستیک بەکارناهێنێت.
شاری کیگالیی پایتەخت، پاکترین و سەلامەتترین شاری ئەفریقایە و بووە بە رووگەی وڵاتانی ئەفریقا و جیهان و زۆربەی کۆنفرانس و کۆڕبەندەکانیان لەوێ دەبەستن. لە سەرێکی تریشەوە گەشتوگوزار سەرچاوەیەکی زۆر باشی داهاتە و بە وڵاتی هەزار چیا و گرد وەسف دەکرێت و لە رووپۆشی سەوزاییشدا بەراورد دەکرێت بە سویسرا.
ئێستا بەرنامەی «تێڕوانین بۆ ساڵی 2050»یان راگەیاندووە و ئابووریی کشتوکاڵییان گۆڕیوە بۆ ئابووریی مەعریفە و زانیاری و بەرهەمهێنانی کەرەستە و ئامێری ئەلیکترۆنی، لەم سۆنگەیەشەوەیە بە هاوشێوەی سلیکۆن ڤاڵیی کالیفۆرنیا بەراورد دەکرێت.
لە رواندا، لە تەواوی چالاکیی ئابووری و وەبەرهێناندا، گەندەڵیی سفر کردۆتەوە وەک لای خۆمان وەبەرهێن و سەرمایەداری لە هیچەوە هەڵتۆقیوی، قوت نەکردۆتەوە
ئەم وڵاتە لە تەواوی چالاکیی ئابووری و وەبەرهێناندا گەندەڵیی سفر کردۆتەوە وەک لای خۆمان وەبەرهێن و سەرمایەداری لە هیچەوە هەڵتۆقیو قوت نەکراوەتەوە و زەوی و نەوت و دار و بەرد قۆرخ نەکراوە بۆ هەندێ لەو دەسەڵاتدارانەی کە دەست لەگەڵ شەیتانیشدا تێکەڵ دەکەن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و وێرانکردنی ئەم وڵاتەی کە بە ناو بە هی خۆیانی دەزانن و واقیعیش شتێکی تر دەڵێ. ئێمە لەگەڵ رواندا لە جینۆساید و دەرد و مەینەتییەکانماندا هاوبەشین، بەڵام لەو دووڕێیانەدا لێکتر جیابووینەوە کە چۆن ژێرخانی هەردوو وڵاتمان بنیات بنێینەوە و ئەوان بە ئاڕاستەی بووژانەوە و گەشەکردن رۆیشتن و بوون بە سەنگاپوورەی ئەفریقا و جیهان بە سەرسامی و شانازییەوە چاوی تێبڕیون و ئەوەتا بەریتانیا کار بۆ ئەوە دەکات پەنابەرە نایاساییەکانی، بە کوردیشەوە، بنێرێت بۆ لای ئەوان فێری کار و پیشەیەکیان بکات و رزگاریان بێت لەو سوپا بێکارەی بوونەتە ئەرک بەسەریانەوە و دەیانەوێت لەسەر باجدەرانی ئەوان بۆ خۆیان پاڵی لێبدەنەوە و بلەوەڕێن. دەڵێن دانمارکیش بەتەمایە هەمان هەنگاو بنێت.
ئێمەش وەک قەقنەس هەر دەسووتێین و ناگەینە ئامانج، ئەوان ماڵ دەکەن و ئێمەش ماڵۆچکە و بۆ هەموو نەنگییەک دەستی چەوری خۆمان بەم و بەودا دەسوین و بچووکترین ئیرادەی بەرەنگاریی دوژمنەکانیان نەهێشتووین.
ئەوان رۆژ لە دوای رۆژ دەبووژێنەوە و ئێمەش تا دێت بەرەو هەڵدێر دەچین و بەم سیاسەتە ئیفلیجە وڵاتمان کردووە بە وێرانە، جیهان لە کردەوەکانمان سەری سوڕماوە و هێشتا هەر وڵاتی خێڵ و میلیشیاین و لەگەڵ دەوڵەتە دواکەوتوو و شکستخواردووەکانی جیهاندا رکابەری دەکەین بەرە و خراپ و خراپتر و سەرچاوە و سامانی وڵاتمان بەفیڕۆ دەچێت و لە خزمەتی راستەقینەی میللەتدا نییە. دۆستەکانمان ئامۆژگاریمان دەکەن ئەگەر کار وا بڕوات بەم داروبارەش نامێنینەوە و بەردەوام هۆشداریمان دەدەنێ ئەگەر چارەسەری ئەم دۆخەمان نەکەین تیادەچین و کەس فریامان ناکەوێت، نەیار و دوژمنەکانیشمان بەم رەوشەمان خەنی دەبن و تادێت زیاتر دەستوەردەدەنە کارمان و زیاتر ملکەچمان دەکەن و ئێمەش بە فەرمانیان رەفتار دەکەین. ئێمە تا ئێستاش قەسیدە بەناوبانگەکەی ئەحمەدی خانیمان بەسەردا دەسەپێت و هەنگاوێکیش لێی نەترازاوین، کاتێ دەڵێ «گەر دێ هەبوا ئیتیفاقەک، ڤێگرا بکرا مە ئینقیادەک».
ئەنجام هەر لەبەر ئەوەشە ئاسۆیەکی تەڵخ و تەمومژاوی چاوەڕێمانە و نازانرێت سبەی چیمان بەسەردێت و واش لە خەڵکەکەی کراوە کەس لە داخی دڵی خۆی باکی بە هیچ نەبێت و گەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی کە قیروسیا چی دەبێت با ببێت!
تێبینی: زانیارییەکان لەسەر رواندا لە ویکیپێدیا و سایتی Rwandan Genocide و تۆڕە جۆرواجۆرەکانی ئینتەرنێت وەرگیراون و هەمووان دەتوانن سەردانیان بکەن.