فلاش فیکشن

09:54 - 2022-05-17
محەمەد كەریم
370 خوێندراوەتەوە

بـڕنـەو

 64 

دەشێ ئەم چیرۆكە هی سەد ساڵ لەمەوبەر بێت. دوای حەفتا و پێنج ساڵ تەمەن، هێشتا پیاوێكی گورج و گۆڵ و بە ویقارە. هەتا شەست ساڵی گونی گونداری دەردەهێنا. خۆشی نازانێت چەندی چەتەیی كردووە و چەندیش بە دەستی ئەو رۆیشتوون. دوای شەست ساڵی ئیتر واز لە هەموو شتێك دەهێنێت و ژیانێكی ئارام و سەقامگیر بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت. دوو ژن و هەشت كوڕ و نۆ كچی هەیە. مناڵەكانی زۆربەیان چوونەتە ماڵ و حاڵی خۆیان. كوڕە بچووكەكەی تەمەنی هەژدە ساڵە. برۆ ئەستوور و سمێڵە قنجەكەی سپی بوون، چاوە هەڵۆ ئاساكانی تین و تاوی جارانیان نەماوە. ئێستاش دەستووری جاران كەواو سەڵتە لەبەردەكات. بڕنەوە دارشووشە وەسەتەكەشی ماوە،  كە ئەسپی نەماوە، یانی تاقەتی ئەسپسواری نییە. ئێستاش حەزی لە تەنیاییە و دوای نانخواردن دەچێتە ژوورەكەی خۆی. ژن و كچەكانی ناوە ناوە چایەكی رەش یان میوەی تەڕ و تازەی بۆ دەبەن. 

كە دەچێتە ژوورەكەی دەرگاكە دادەخات، خەمێكی قووڵی هەیە، دەیەوێت لەگەڵیدا شەوگار بەڕێ بكات. ئێوارە كوڕە بچووكەكەی لەگەڵ دراوسێكەیاندا شەڕ دەكات، كوڕە گەورەكەی دەنێرێت ئاشتیان بكاتەوە، دیارە كوڕە بچووك بەدڵی نییە و دەیەوێت ئەم تۆڵەی زللەیەكی زیادەی بۆ بكاتەوە، ئەمیش حەزی لە فەرتەنە نییە، بە كوڕەكەی دەڵێت: «كوڕم ئێوە هاوڕێی یەكن، سبەی ئاشت دەبنەوە» كوڕەكەی دەڵێت: «تۆ ترسنۆكیت.» كوڕە گەورەكەی زللەیەكی لێدەدات. ئەم بێدەنگ لەسەر سفرەكە هەڵدەسێت و دەچێتە ژوورەكەی خۆی. وەكو مارانگاز بە خەفەتی ئەو قسەیەوە دەتلێتەوە. هەست بە شكانێكی سەیر دەكات، وەكو رۆژانی گەنجی كاتێ خەمێكی هەبوو یان تووڕە دەبوو، چاوانی سوور دەبوون، چاوانی سوور بوون. بۆ یەكەمجار لە ژیانیدا نازانێت چ بڕیارێك بدات. سەیرێكی بڕنەوەكەی دەكات، هەست دەكات دەرگای دەربازبوونی لێكراوەتەوە. لەسەر جێگاكەی دادەنیشێت كە فەرشێكی كاشانی بچووكە، دەست دەبات بۆ بڕنەوەكەی كە لای سەرییەوە هەڵپەسێردراوە. میلەكەی دەهێنێتەوە، فیشەكێك لێدەخوڕێت، لوولەی بڕنەوەكە دەخاتە ژێر چەناگەی، قۆناغەكەشی بۆ لای قاچی، بەهێواشی پەنجەكەڵەی قاچی دەخاتە سەر پەلەپیتكەكەی، كەمێك سەری دەخات بە پشتا و پەنجەی پیا دەنێت.

وتارەکانی نوسەر