هەنگاوێکی دڵخۆشکەر

09:50 - 2022-05-18
وتار
275 خوێندراوەتەوە

ئەوەی رۆژی 17/5/2022 لە هەواڵی كۆبوونەوەی گفتوگۆ و تەگبیر لە كورتهێنان و گرفتە داراییەكانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین بینیمان دەستپێكێكی باش بوو بۆ ئایندەیەكی ئارام و ئۆقرەیی لە گوزەرانی هاووڵاتیان و ژینگەی كۆمەڵایەتی بەگشتی. 
بەداخەوە بارودۆخی سیاسی هەرێم و وڵاتەكەمان هێندە ئاڵۆز  بووە كە كۆمەڵانی خەڵك بەدوای تروسكاییەكی رووناكیدا دەگەڕێن با كز و باریكیش بێت.
كۆبوونەوەی حكومەت بە سەرپەرشتی كاك مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی كاك قوباد تاڵەبانی  و هەروەها كاك ئاواتی شێخ جەناب لەگەڵ پارێزگار و سەرپەرشتیارەكانی ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین، دیمەنێكی یەك تیمی و كاری پێكەوەیی حكومەتی كوردستانی نیشانداین. 
ئەم كۆبوونەوەیە سەرەنجامێكی ئیجابی لێكەوتەوە بە جۆرێك كورتهێنانی بودجەی دەڤەری سلێمانی چارەسەر كرا و نەخشە بۆ دۆزینەوەی هۆكارە راستەقینەكانی كێشەی سیولە دانرا و ئومێدی پێ بەخشین كە هەموو كێشە ئیداری و داراییەكان،  بە هێمنی و دوور لە مزایەدە و دوور لە خۆ هەڵكێشانی میدیایی،  قابیلی چارەسەرن. 
تەنها ئەوە جێی دڵخۆشی  نییە  كە كێشەیەك چارەسەر كرا، بەڵكو ئەوەش مایەی ئومێدە كێشەكە تەنها بە بڕیاری سەرۆكی حكومەت یان جێگرەكەی  چارەسەر نەكرا و راگەیاندنەكانیش بەو شێوەیە وەسفیان نەكرد، بەڵكو كە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار بۆ كێشەیەك كۆبوونەوە، گفتوگۆی بابەتەكەیان كرد و پێكەوە وەكو یەك تیم بڕیاریان لەسەر چارەسەر دا. 
هەڵبەتە لە وڵاتێكی ئاسایی و بێ گرفتدا لەوانەیە ئەمە هەر هەواڵ نەبێت و هەنگاوێكی زۆر نۆرماڵ و ئاسایی بێت، بەڵام بەداخەوە  لای خۆمان كە هەموو شتێك بە سیاسی كراوە و دەكرێت، ئەمە هەنگاوێكی دڵخۆشكەرە كە هیوادارین ببێت بە رێگاخۆشكەر بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی تری كوردستانیش.
كاری پێكەوەیی و یەك تیمی دەتوانێ زۆر شت بكات و رێگا بۆ كردنەوەی  زۆر گرێكوێرە بكاتەوە. لە گوزەران و ژیانی فەرمانبەرەوە بۆ ژینگەیەكی سیاسیی لەبارتریش.

کوردستانی نوێ

وتارەکانی نوسەر