گۆڕستانێک نییە کێڵی بڵندی پێشمەرگەی تێدا نەبێ
زیندانێکیش نەبوو، تێکۆشەرێکی یەکێتی تێدا
حەپس نەکرابێ!
مام جەلال وتی: حکومەتەکەی سەدام دەڕوخێنین، عادلی مێردت دەکەین بەسەرۆک کۆمار، منیش دەبم بەجێگری
وەختێ بیر لەدامەزراندنی یەکێتی کرایەوە، رێکەوتنی دوو زلهێزی ناوچە لەدژی جووڵانەوەی کوردیی لە باشور تازە ئیمزاکرابوو، مەرەکەبی لەسەر پەڕەی رێکەوتنەکە هێشتا تەڕبوو!
کورد لەقوڵایی نائومێدیدا بوو
وەختێکیش شۆڕشی نوێ جاڕی هەڵگیرساندنیدا، کورد لەقوڵایی نائومێدیدا بوو، خەڵکی کوردستان حەقی بوو نائومێدبێ لەهەڵگیرسانەوەی شۆڕش، چونکە:
شۆڕشەکەی یەکێتی سێ مەفرەزەی شەش حەوت کەسی کردبوو بەبەدیلی 120هەزار چەکداری شۆڕشی پێشوو!
یەکێتی و شۆڕشەکەی چەند سەد دینارێکی دڕاوی کردبوو بە بەدیلی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاری شۆڕشی پێشوو!
یەکێتی و شۆڕشەکە، چەند ئەشکەوت و بن بەردێکی کرد بەبەدیلی پشتیوانی ئیقلیمی و جیهانی! لەشۆڕشەکەی یەکێتیدا، خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی کورد، جێگای بەڵینی درۆ و چەواشەی دۆستە وەهمییەکانی شۆڕشی پێشوویان گرتەبەرئەوە:
چالاکییەکانی چەند پێشمەرگەیەکی شۆڕشی نوێ گەورەتر و کاریگەرتربوون لەچالاکییەکانی سەدان بەتالیون و هەزاران مەفرەزەی شۆڕشی پێشوو!
خەرجییەکانی داگیرکراکەران و سەدامییەکانی ئەوکاتە بۆ راوکردنی چەند دەستەیەک پێشمەرگەی یەکێتی زۆر زیادتربوون لەو خەرجییانەی بۆ تەفروتوناکردنی تەواوی شۆڕشی پێشوو دابینکرابوو!
ترسی بەعس لە شۆڕشی نوێ
ئەو ترسەی یەکێتی بەچەند پێشمەرگەیەکەوە لەدڵی سەدامی لوتکەی زۆرداری دا چاندی زۆر زیادتربوون لەترسی بەعس و سەدام لەشۆڕشی پێشوو!
یەکێتی هەر بە جەنگ و پەلامار و چالاکی سەربازی و پارتیزانییەوە نەوەستا، بەڵکو ئەو سەردەمە گەورەترین شۆڕشی فیکریی لەدژی فیکری بەعس بەرپاکرد، چاپکردنی بڵاوکراوەی جیاواز و دامەزراندنی ئێزگە و دامەزراندنی تیپی هونەری و کۆکردنەوەی نوسەرو ئەدیب و شاعیران و بەگەڕخستنیان، لەدژی ئەدەبیاتی بەعس دنەی زیاتری شۆڕشەکەی دا بۆ ئەوەی بەڕۆحیەتێکی بەرزی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە لەدژی داگیرکەران بجەنگێ.!
ئەو رژێمە زۆردارەی کەئەوکات جڵەوی عیراقی لەدەست بوو گرەوی لەسەر لەڕەگدەرهینانی شۆڕشی کورد کردبوو، کەچی دوای نۆ ساڵ لەهەڵگیرسانەوەی شۆڕش دەیان وەفدی حکومی و حزبی ناردە کیوەسەختەکانی کوردستان بۆ رازیکردنی سەرکردەکانی یەکێتی بۆ رێکەوتن و مفاوەزات و ئاگربەست!
خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا لەگێڕانەوەی بیرەوەرییەکانیدا بەڕستەیەک گوزارشتی لەپاشەکشەی بەعس کردووە و دەڵێ: لەدانیشتنەکانی مفاوەزاتدا سەدام جارجار خۆی توڕەدەکرد و دەیویست وای پیشان بدات کەهێشتا وەک جاران باڵادەستە، بەڵام فەرەیدون عەبدولقادر بەسەدامی وت: ئێوە سەرەتا ئینکاری سەرهەڵدانەوەی شۆڕشتان دەکرد، ئێستا بەناچاری لەگەڵ سەرکردایەتی شۆڕش لەپایتەخت لەگفتوگۆدان، زمانی هەڕەشە هیچی لێ سەوزنابێ، ئەمە شۆڕشە و پەسەندکراوی گەلی کوردە!
یەکێتی تاکە هێواو تروسکایی بوو
لەدوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول، تاکە هیواو تروسکایی و وەسیلەیەک بۆ سەرپێکەوتنەوەی کورد، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو
بیرەوەرییەکی عادل عەبدولمهدی
دۆستی نزیکی کورد و سەرکردەی دیاری شیعەکان عادل عەبدولمهدی لەبیرەوەری ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیدا چیرۆکێکی کاریگەر دەگێڕێتەوەو دەڵێ: ساڵی 1978 کە یەکێتی تەمەنی سێ ساڵ بوو، سەدام لەلوتکەی ستەم و زۆرداریدا بوو، لەماڵەکەم خۆم لەسوریا میوانداری هەڤاڵ مامجەلالم کرد، لەژوورەکەی خۆمدا دووبەدوو بەهێواشی گفتوگۆمان لەسەر شۆڕشی نوێ دەکرد، لەوکاتەدا هاوسەرەکەم بەبیانوی چا و ئاو هێنانەوە هاتە ژوورەوە، بەگاڵتەجاڕییەوە وتی: واز لەقسەو چپە چپ بهێنن، سەدام بەئێوە ناڕوخێ!
مامجەلال وەڵامی دایەوە و وتی: حکومەتەکەی سەدام دەڕوخێنین، عادلی مێردت دەکەین بەسەرۆک کۆمار، منیش دەبم بەجێگری!!!!!!
دووربینیی مامجەلال
تێڕوانینی مامجەلال، دووربینییەکەی بۆ سیاسەت و شۆڕش و خەبات بەچەشنێک بوو، شۆڕش رۆژبەڕۆژ گەشەی دەکرد، سەرئەنجامیش دوای 27ساڵ لەو دانیشتنەی مام و عەبدولمهدی، مامجەلال بوو بەسەرکۆمار و عادلیش بەجێگری!!!!
چیرۆکی دووربینی و حەکیمی سەرۆک تاڵەبانی لەسەروەختەکانی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشدا زۆرن، روخانی بەعس و راپەڕین و ئازادکردنی شارەکان و پەلاماردانی کوەیت لەلایەن عیراق و دامەزراندنی دەوڵەتێکی فیدراڵ لەعیراقدا لەزەقترین پێشبینیی و دووربینییەکانی مامجەلال بوون!
ئەمانە هەمووی بەدیهاتن، بەڵام هەروا بەڕێکەوت و موعجیزە نا، بەڵکو سەنگەر و بن بەردی ئەم وڵاتە نەما بەخوێنی تێکۆشەری یەکێتی سوورنەبێ، زیندان نەما خۆڕاگرێکی یەکێتی تێدا حەپس نەکرابێ، گۆڕستانیش نییە کێڵی بڵندی پێشمەرگەیەکی یەکێتی تێدا نەبێ.!
د.عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ مام جەلال و سەرکردەکانی یەکێتی