هەگبەی ژن

توندوتیژی؛ وەک رەفتارێکی قێزەون

10:11 - 2022-05-19
کنێر عەبدوڵڵا
416 خوێندراوەتەوە

توندوتیژی بە جۆرەکانییەوە وەک دیاردەیەکی جیهانی فرەجۆر و شێوازە و پیادەکردنیشی بەپێی جیاوازی قۆناغەکان گۆڕانکاری بەخۆوە دەبینێت، راستە مرۆڤەکان لەبەرامبەر یەکتر دەیکەن و باڵانسی هێز لای هەریەکێک لە مرۆڤەکان رۆڵی خۆی دەگێڕێ لە رەوایەتیدان بەخۆی بۆ کردنی، بەڵام رەفتارێکی قێزەون و نامرۆڤانەیە، ئەوەی زیاتر بەدیدەکرێت و جێی هەڵوەستەکردنە پیادەکردنی جۆرەکانیەتی لە لایەن پیاوەوە بۆ ژنان کە بەپێی ئامارەکان زۆرترین رێژەی تۆمارکردوە لەئاست جیهان و بەتایبەت لە کۆمەڵی رۆژهەڵاتی و بەتایبەتتر لەو کۆمەڵانەی بە جەنگدا تێپەڕیون، یاسا سەروەر نییە، کلتور و دابونەریتی پیاوسالاری زاڵە و ناسەقامگیری سیاسی و ناجێگیری هەلومەرجی ئابوری هەیە، چونکە لەو نێوەندەدا ژنان زۆرترین پشکی زیان و توندوتیژییەکانیان بەردەکەوێت، بوونی ئاماری راستەقینە و کارکردن لەسەر ئامارەکان فاکتەرێکی گرنگە بۆ ئەوەی بزانیت ئاست و جۆرەکان و هۆکارەکانی توندوتیژی لە کوێدایە و چۆن دەتوانیت رووبەڕووی ببیتەوە، بۆ هەڵوەستەلەسەرکردنیش لەمەڕ چارەسەرییەکان بێگومان پلانی حکومەت بە هاوبەش و هاوکاری رێکخراوەکانی ژنان رۆڵی سەرەکی و بنەڕەتی دەگێڕێت لە کەمکردنەوەیدا، وێڕای کارپێکردنی بواری جێبەجێکردنی یاسا لەسەر ئەو کەسانەی تاوانەکان دەکەن، بێ جیاوازی و بێ دەستێوەردان لە کۆمەڵی رۆژهەڵاتدا بەگشتی ئەوەندەی تیشک دەخرێتە سەر قوربانییەکەو باس لە ژیان و بڵاوکردنەوەی وێنەی کوژراوەکە یان ئەو ژنەی توندوتیژی بەرامبەر کراوە دەدرێت هێندە باس لە بکوژ یان بکەری توندوتیژییەکە ناکرێ، ئەمەش بێگومان کاریگەری نەرێنی دەخاتە سەر کۆی مەسەلەکە چ بۆ کەسایەتی کوژراوەکە کە لەژیاندا نەماوە و لایەنی کەم بەشێکی هەقیقەتەکە لای ئەوە، چ وەک کەسوکاریشی کە لە لایەن کۆمەڵەوە زیاتر بارگرانیان بۆ دروست دەبێت و چ وەک لایەنەکەی تر کە قوتار دەبێ لە ناوزڕاندن و قێزەوەنکردنی کارو تاوانەکەی، ئەرک و بەرپرسیارێتی کەناڵەکانی راگەیاندن لەم لایەنەوە کاریگەری و رۆڵی زۆری هەیە، بۆ ئەوەی بتوانن بە پێچەوانەوە کار لەسەر ناشیرینکردنی جۆری توندوتیژییەکان بکرێ کە لە ئێستادا بە تەکنیک و ئامێرو شێوازی زۆر دڕندانە دەکرێن و لە سنوری قسەپێوتن و جنێودان و تەنانەت لێدانیش دەرچووە بۆ کوشتن بە ناڕەواترین شێوە و سوکایەتیکردن بە جەستەی ژنەکەو تێکدانی وێنای بەشێوەیەکی دڕندانە، بێگومان ئەوەش بە هاوئاهەنگی هەموو ئەو لایەنە حکومی و پەرلەمانیەکان ئەبێ و بە بوونی ناوەندە ئەکادیمییەکان و رێکخراوەکانی ژنان و سەرجەم توێژەر و نووسەرو دەروونناس و لێکۆڵەران ئەکرێ، بەدەر لە کاریگەری کەناڵەکانی راگەیاندن بە ئامانجی هێنانەدی کۆمەڵێکی دادپەروەر و یەکسانیخواز و مرۆڤدۆست، گەر وانەبێ کۆمەڵگە بەدواکەوتوویی دەمێنێتەوە و هەمیشەش توندوتیژییەکان بەردەوام دەبێت و وەک قێزەوەنترین رەفتار بوونی دەبێت.

وتارەکانی نوسەر