زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

ژینگەی کولتووری

01:44 - 2024-06-06
د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد
289 خوێندراوەتەوە

ژینگەی کولتووری، یان ئیکۆلۆجیای رۆشنبیری Cultural Ecology، لە یەکێک لە پێناسەکانیدا، بریتییە لەو پرۆسیسانەی کە لەمیانەیەوە هەر کۆمەڵگەیەک لەگەڵ ژینگەکەی خۆیدا خۆی دەگونجێنێت، لێرەدا ژینگە هەردوو لایەنی "ژینگەی سروشتی" و "ژینگەی کولتووری" دەگرێتەوە، بۆیە ئەم زانستە لێکۆڵینەوە لەو کارلێکانە دەکات کە لە نێوان کۆمەڵگە و سیستمە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرێک و کۆمەڵگە و ژینگە سروشتییەکان لەسەرێکی دیکەوە روودەدەن. خۆگونجاندنی ژینگەیی لەلایەک لەسەر بنەمای بونیادی کۆمەڵایەتی و پێداویستییە سەرەکی و تەکنۆلۆژییەکانیدا دروست دەبێت، لەلایەکی تر بەپێی سروشتی ژینگەیی دروست دەبێت. ژینگەی کولتووری لەتەک شیکردنەوەی ژینگەی سروشتیدا، بایەخێکی زیاتر بە شیکردنەوەی خۆگونجاندن دەدەن لەتەک ژینگەی کۆمەڵایەتیدا.
بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانی تەکنۆلۆجیا و سەرهەڵدانی چەشنی دیکەی رەفتاری کۆمەڵایەتی، دەبینین هەم "ژینگە" و هەم "کولتوور" لە گۆڕانکارییەکی بەردەوامدان، ئەم گۆڕانکارییە پرۆسەی خۆگونجاندنیش ئاڵۆزتر دەکات، بۆیە ئەمرۆ لێکۆڵینەوەکانی بواری ژینگەی کولتووری،بڵاوبوونەوەی فۆرمەکانی دیکەی رەفتاری کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری لەلای کۆچبەران لەبەرچاو دەگرێت، چونکە لە سەردەمی گەورەبوونی دیاردەی کۆچبەری و پەنابەریدا، مەسەلەکانی گواستنەوەی رەفتار و کولتووری دیکە، یان کولتوورە جیاوازەکان، لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینگەیەکی دیکە، بووەتە جێی باس و لێدوان و لێکۆڵینەوە.
ژینگەی کولتووری، لە مەسەلەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریدا، گرنگی بە کاریگەرییەکانی ژینگەی سروشتی و ژینگەی رۆشنبیریش دەدات کە بە ئەندازەیەکی بەرچاو رۆڵیان لە گۆڕینی رەفتاری مرۆڤەکاندا هەیە، بەو پێیەی مرۆڤ هەم بوونەوەرێکی بایۆلۆجییە و هەم بوونەوەرێکی کولتوورییە.

 

 

بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانی تەکنۆلۆجیا و سەرهەڵدانی چەشنی دیکەی رەفتاری کۆمەڵایەتی، دەبینین هەم «ژینگە» و هەم «کولتوور» لە گۆڕانکارییەکی بەردەوامدان، ئەم گۆڕانکارییە پرۆسەی خۆگونجاندنیش ئاڵۆزتر دەکات 

 

 

لە ژینگەی سروشتیدا، ئەم زانستە لەو گۆڕانکارییانە دەکۆلێتەوە کە بەسەر سروشتی ناوچەیەکدا دێت و دەشێت بەهۆیەوە سیستمی ژیانی کۆمەڵگە بگۆرێت، بۆ نموونە چۆن ژینگەی گەرم یان سارد، باراناوی یان وشکە ساڵی، کاریگەری لەسەر هۆش و جوڵانەوەی مرۆڤەکان و بەرهەمهێنان و داهێنان بەجێدەهێڵێت، تیۆرە کلاسیکییەکانی ژینگە لە ئیبن خەلدونەوە تا هەندێ لە زانایانی ئەمرۆ، وایدەبینن ژینگەی گەرم، مرۆڤی خاووخلیچک و نا ئەکتیڤ بەرهەم دەهێنێت، کەچی ژینگەی سارد، مرۆڤی ئەکتیڤ و رۆشنبیرو داهێنەر بەرهەم دەهێنێت، بۆ ئەمەش نموونەی ئەفریقیا و ئەوروپا دەهێننەوە، بەڵام ژینگەی کولتووری لە چەرخی شۆڕشی تەکنۆلۆجی و ئەلیکترۆنی و سەردەمی بڵاوبوونەوەی کۆچبەریدا، ئەم تێگەیشتنە رەتدەکاتەوە، پێی وایە ئەمە بابەتێکی رێژەییە، بەتایبەتی تیۆرە نوێیەکانی بیرمەندو سۆسیۆلۆجیستی فەرەنسی ئیدگار مۆران (1921_ لەژیاندا ماوە) کە وایدەبینێت ژینگەی کولتووری بریتییە لە ئاوێزانبوونی کولتوورە جیاوازەکان.
لە ژینگەی رۆشنبیریدا، ئەم زانستە لەو گۆڕانکارییانە دەکۆڵیتەوە کە بەسەر رەفتار و زەین و بیرکردنەوە و رۆشنبیریی تاکەکانی کۆمەڵگەدا دێت و ژیانی کۆمەڵایەتی دەگۆڕن، ژینگەی رۆشنبیریی تاکەکان لە سێ سەرچاوەوە دروست دەبێت: 1_ ژینگەی خێزان، 2_ ژینگەی قوتابخانە، 3_ ژینگەی کۆمەڵگە. ئەم سێ ژینگەیە بەردەوام لە گۆڕانکاریدان، بۆیە کۆمەڵگەش لەرووی ژینگەی کولتوورییەوە، نەوە لەدوای نەوە، بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، بەتایبەتی لەرووی ژیری و هۆش و چالاکییەکانی بەرهەمهێنانەوە.
ئەم پرۆسەیە، لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا، کە ژینگەی کولتووری بە "کۆمەڵگە ئاڵۆزەکان" ناویان دەبات، کاریگەرییەکی راستەوخۆیان هەیە، چونکە کولتوور یان رۆشنبیری دەتوانێت کۆنترۆڵی ژینگەش بکات بەو شێوەیەی کۆمەڵگە دەیەوێت، بۆیە مومکینە ئاو و خۆراک و پێداویستییەکانی دیکەی ژیان لە ژینگەیەکەوە بگوازرێنەوە بۆ ژینگەیەکی دیکەی جیاواز، کەچی لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، کە ئەم زانستە پێیان دەڵێت "کۆمەڵگە سادەکان"، رۆشنبیری ناتوانێت کۆنترۆڵی ژینگەی سروشتی بکات، بۆیە هاووڵاتی راستەوخۆ خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ ژینگەی سروشتی و ژینگەی کولتووریدا بەو شێوەیەی کە هەن.

وتارەکانی نوسەر