تا بایەقوش لەسەر ماڵی کەرکوک نەخوێنێت

08:04 - 2024-06-08
ستران عەبدوڵڵا
203 خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵڵا

وێنەی بایەقوش وایە، لە هەرکوێ بێت، خەرابە و خەرابات و خراپی لە جێی خۆی جێدێڵێت. وەک کونەپەپو جەڤەنگە بۆ کەوتن و خستن و خەساندن، نیشانەیە بۆ کوێرکردنی چاوی ژیان و کوژانەوەی کانیاوی ئاوەدان.
ئەم بەڵایە وەک تەعریب وایە بچێتە هەر شوێنێک جیاوازی و جیاکاری و ماڵوێرانی و ماڵجیایی لەگەڵ خۆی دێنێت، ماڵی ئارامی و مەکۆی دڵنیایی بە ماڵی گرژی و نا ئارامی دەگۆڕێتەوە. وا دەکات وەیسە لە کولبەی ئاوارەیی و خانووی بەجێماویش ناحەوێتەوە و ناخەوێتەوە، 
 جەللادێکە زمان دەبڕێت و زمان دەسەپێنێت و زمانی لێ دەدا و زمان ئالودەی بوختان و ئاوێتەی رق و جیاوازی رەگەزی و دەردی  رەگەزبازی دەکات.
ئەم ژەهرە نادادی و بێ یاسایی و بێ نامووسی برەو پێدەدا، وەک تەرحیل وایە، دڵ لەجێ هەڵدەکەنێت و دڵ لە شوێن دەتۆرێنێت و دڵەڕاوکێی زەمان و مەکان دەکاتە ناونیشانی جێگیر لە نیشتەنی شپرزە و شەپڕێودا. رەسەن و بنەما  تەوەلا دەکا و نازی شار و نازی دراوسێیەتی دەپوکێنێتەوە. تەرحیل پەڕوباڵ دەکاتەوە و جریوە مت دەکا و زیندەگی مات و مەلول.
ئەم زام و ژانی ناکاو وایە، وەک تەبعیس وایە، بە بندەست و ژێردەست و زوڵـملێکراو دەوێرێت و لەولا تریش ملکەچ و ملقەوی و ملشۆڕی ئەجنەبی و رۆم و عەجەم دەبێت تا بەس لێی بێدەنگ بن و لێی نەیەنە دەنگ. چون سەددام کە خۆی لە میللەتی گەمارۆداو کردبوو بە قەیسەر و کە بۆی هاتن کونە مشکی لێ بووە قەیسەری.
وەک تەسفیر وایە مەیلی داگیرکاری و دارکاری و لێسەندنەوەی ناسنامە و تەفرەقەی مەزهەبی هەیە و حەزی بە داد و یەکسانی و یەک چانسی و یەک چارەنووسی نییە، شەرمەزاری لای میللەتی خۆیەتی و سەرشۆڕی لای بێگانە و ئەغیارە.

وەک ستەمکاری وایە، کەیفی بە سەروەری و دادپەروەری نایە و لەسەر داروپەردوی ناعەدالەتی و نا یاکسانی و تەفرەقەی گرەوسازی و کەینوبەینی هەرێمایەتی تەلاری تاریک ئاوا دەکات.
وەک کەرکوکی زوڵملێکراو و بندەست وایە، شەش مانگە پێکوتەیەتی و پێشێلی قاعیدە و دابودەستوور دەکات و هیچ دەرچەیەکی پێ نییە، بۆیە خەراباتێکە نەبڕێتەوە، وێنەی ماڵی روخاوی ژوور داتەپاوی تەپە و رەحیماوا و شۆرجە وایە. وێنەی ئەزموونی پەکخراوی دیموکراسی لۆکاڵی کەرکوکە کە خەریکە دەنگەکان ژەنگ هەڵدێنن، تاکانی تەعریب و تەرحیل و تەبعیس و تەسفیر خەریکن لەگەڵ تەهریب و تەخریب و تەرهیب کلک گرێدەدەن و کەڵکی هیچ بەم وڵاتەوە ناهێڵن.

لە هەر کوێ داد و یاسا سەروەری و دادپەروەری وەک کەرکوک تەنگی پێهەڵچنرا، هەر ئەو شوێنە دەتوانێت نیشتەنی بەرەنگاری و پێتەختی بزاوتی تێهەڵچوونەوە بێت. 
هەمووجار مام جەلال دەیگوت: گوتە هەر گوتە و دروشم نییە، دەڕبڕینی سیاسەت و ستراتیجیشە.
بۆیە تا گەرگرینی کەرکوک هەموو وڵاتی عیراق و هەموو نیشتمانی کوردستانی نەگرتۆتەوە گەرەکە هیمەتی داد و یەکسانی بۆ بکەین.

وتارەکانی نوسەر