هەوڵێک هەیە بۆئەوەی کوردی ئێزدی بکەن بە نەتەوەیەکی جیاواز و بۆ ئەو مەبەستەش بەشێک لە پەرلەمانتارانی عیراق ئیمزایان کۆکردۆتەوە تا بڕیاری دروستکردنی نەتەوەیەکی تر لە عیراق بدەن!
ئەگەر کار گەیشتە سەر بڕیاردان پێویستە ئەو بابەتە لە ناو خودی خوشک و برا ئێزدیەکان بە ریفراندۆمێک یەکلایی بکرێتەوە، نەک پەرلەمان بڕیاریان بۆ بدات
سەیر لەوەیە ئەگەر نەڵێم هەموویان دڵنیام زۆربەی هەرە زۆری ئەو پەرلەمانتارانەی ئیمزایان کردووە ئەگەر بۆیان بچێتەسەر ئامادەنین دان بە (نەتەوەبوونی کورد)یش بنێن، بەڵگەش ئەوەیە ئەوان نەک تەنیا لەگەڵ مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردستاندا نین، بگرە دژی جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوریانەشن کە بەشێک لە مافەکانی گەرەنتی دەکەن، ماددەی (140) بە نموونە. ئەو ژاوە ژاوە نوێ نییە، پێشتریش هەوڵدراوە کە نەک هەر ئێزدی، بەڵکو کوردی شەبەکیش بکەنە نەتەوەیەکی جیاواز و (کلدوئاشور)یش بکەن بە سێ نەتەوەی جیاواز (کلدان، ئاشوری، سریان)!
ئایا بەڕاستی ئەو هەوڵانە لە پێناو و بۆ بەرژەوەندیی ئێزدیانە یان بۆ پارچە پارچەکردنی گەلی کوردستانە؟
ئێمە تێدەگەین ئامانجی ئەوانە چییە، بەڵام ئەوەی جێی داخە چەند کەسێکی ئێزدی لە بێئاگایی یان لە دڵڕەنجانەوە پشتیوانی ئەو پڕۆژە گوماناوییە دەکەن و بەبێ رەچاوکردنی پێشهاتە ئایندەییەکان کەوتوونەتەژێر کاریگەریی پیلانێکی مەترسیدار بۆ سەر خۆیان بەتایبەت و گەلی کوردستان بەگشتی.
کەس ناتوانێ لە جیاتی ئێزدیەکان ئەو بڕیارە بدات، ئەگەر کاریش گەیشتە سەر بڕیاردان پێویستە ئەو بابەتە لە ناو خودی خوشک و برا ئێزدیەکان بە ریفراندۆمێک یەکلایی بکرێتەوە، نەک پەرلەمان بڕیاریان بۆ بدات. دەنا هەر هەوڵ و بڕیارێکی لەو جۆرە جگە لە تێکدانی سەقامگیری و دابەشکردن و پەرتەوازەکردنی زیاتری پێکهاتەکانی عیراق هیچی تر نییە.
هەر لەو بارەیەوە ساڵی( 2018)ش ئەو بابەتە لەناو پەرلەمانی عیراق وروژێنرا و خرایە بەرنامەی کار، بەڵام ئەو کات ئێمە نوێنەرانی کوردستان بەتایبەت (یەکێتی و پارتی) دژی وەستاینەوە و سەرۆک کۆماریش هاتە مەیدانەکە و ئەنجام ئەو بڕگەیە لەبەرنامەی کار لادرا.
ئێمە ناڵێین ئێزدیەکان مافی بیرکردنەوە و بڕیاردانیان لە چارەنووسی خۆیان نییە، بەڵکو پێمانوایە ئەو جۆرە هەوڵانە بە پلەی یەکەم زیان بەوان دەگەیەنێ، چونکە لانیکەم دابەشی دوو ئاراستەی جیاواز دەبن و خۆشیان دەزانن ئەوان ئەگەر یەک پەرلەمانتاریان بە کۆتا هەبووبێ ئەوا هەمیشە لەوە زیاتریان لە ناو لیستە کوردستانییەکان هەبووە.
پێویستە ئەو بابەتە بەهەند وەربگیرێ و لە کوردستان گفتوگۆی لەسەر بکرێ و گوێ لەوانەش بگیرێ، کە ئەو خواستەیان هەیە.
* ئەندامی سەرکردایەتیی ی.ن.ک