دووركەوتنەوە لە سەنتڕالیزم

لە رێكخراوە پیشەیی و دیموكراتییەكاندا

11:23 - 2024-06-13
نەوزادی موهەندیس
309 خوێندراوەتەوە

نەوزادی موهەندیس


ئاشكرایە كاری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كە هەموو رێکخراوە جەماوەرییەكان و دیموكراتی و پیشەییەكان و ناحكومیەكانیش لەخۆدەگرێت، هەمووشیان كاری خۆبەخشانە و پیشەییانەی خۆیان دەكەن وەك خزمەتێك بە چین و توێژەكانی کۆمەڵگە و نوێنەری بەرژەوەندییەكان و داواكارییەكانیان دەكەن، ئەمەش كارێكی رەوایە و مۆدێلێكی نوێی كاركردنی رێکخراوەییە لە جیهانی پێشكەوتوو و دیموكراسیدا، چونكە شێوازی كاركردن لەو  رێکخراوانەدا لەسەر بنەمای پیادەكردنی دیموكراسی و هەڵبژاردنی خولی و نوێبونەوە و بەڕێوەبردنێی پێكەوەیی و گۆڕانكاریی بەردەوامە بە مەبەستی گەشەكردن و خزمەتكردنی زیاتری کۆمەڵگە.
 ئاشكراشە لای كۆمەڵگە فرە چین و توێژەكان و لەسایەی سیستمی حوكمڕانیی دیموكراسیشدا، رەنگە بۆ هەر چین و توێژێك یان هەر پسپۆڕییەكی پیشەیی رێكخراو، كۆمەڵە، سەندیكای تایبەت بە خۆیان هەبێت و رەنگیشە نەك یەك كۆمەڵە و رێکخراوی هاوپیشە و هاوشێوە هەبن، بەڵكو دەیانیش هەبن، چونكە ئازادی رادەربڕین و خۆڕێكحستن تیایاندا، ئارەزوومەندانە و خۆبەخشانەیە و تەنها مەبەست كۆكردنەوەی تواناكان و خزمەتكردنە، نەك دەسكەوتی مادی. 
ئاساییە لە وڵاتێكدا چەندین سەندیکا و رێکخراوی هاوشێوە هەبن و بەجیا كاربكەن، بەڵام دەكرێت لەژێر سایەی فیدڕاسیۆنێكی هاوبەشدا كار و بەرنامە و پلانی خۆیان پێكەوە دابنێن و لەسەر ئاستی وڵات  پێكەوە كاربكەن، بەمەش هەریەكە سەربەخۆیی كاركردنی خۆی دەپارێزێت.

 


ئاساییە لە وڵاتێكدا چەندین سەندیکا و رێکخراوی هاوشێوە هەبن و بەجیا كاربكەن، بەڵام دەكرێت لەژێر سایەی فیدڕاسیۆنێكی هاوبەشدا كار و بەرنامە و پلانی خۆیان پێكەوە دابنێن

لەلایەكی تریشەوە هاوكار و هاوبەش دەبن لەدانانی بەرنامە و داواكارییە هاوبەشەكانیاندا، بەمەش دەتوانن گوشار بخەنە سەر حكومەتەكان بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.
 هەربۆیە لە كوردستانیشدا، دەكرێت بەهەمان شێواز و لەسەر هەمان بنەمای كاركردن، دەیان سەندیكا و یەكێتی و كۆمەڵە و رێکخراوی پیشەیی و دیموكراتی و جەماوەری دابمەزرێن، بەپێی یاسا بەركارەكان و هەریەكەشیان ئازادبن لەكاركردنیاندا و دواتر بەشێوەی فیدڕاسیۆن كاری پێكەوەیی و هاوبەش بکەن.
  ئەم جۆرە كاركردنە لەلایەك دەبێتە هۆی پاراستنی سەربەخۆیی ئەو رێکخراوانە كە رەنگە لە شارێك یان ناوچەیەك داواكاری و پێداویستییە پیشەییەكانی تەنانەت یەك پسپۆڕی و یەك پیشەش جیاوازبن لە هەرێم و ناوچە و شارێكی تردا، بۆیە ئاساییە كە هەریەكەیان بەپێی بارودۆخی ناوچە و هەرێم و شارەكانیان سەندیكا و یەكێتی و كۆمەڵەی تایبەتی دابمەزرێنن، لەلایەكی تریشەوە لەنێوان خۆیاندا كێبڕكێیەكی بنیاتنەرانە دەكەن لەسەر زیاتر خزمەتكردنی کۆمەڵگە.
ئەگەر كار و پلانێكیش پێویستی بەهەماهەنگی و سەرتاسەری هەبوو ئەوا دەكرێت كە هەموان پێكەوە كاربكەن و بەرنامە و داواكاریەكانیان پێشكەش بكەن و گوشاری گەورەش دابنێن لەسەر حكومەتەكان لە چوارچێوەی كاری فیدراسیۆنی رێکخراوەكانیاندا.
 ئەم شێوازی كاركردنە نەك هەر زیانی نییە، بەڵكو زۆر سوودی گەورەشی هەیە، بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا كە فرە چین و توێژی جیاواز و فرە ئایین و نەتەوە و مەزهەب و فرە كەلتوری جیاوازن.
لەو وڵاتانەی سیستمی فیدڕاڵین، وەك ئەڵمانیا و سویسرا، ئەم شێوازی كاركردنە باوە. خۆیان نەبەستۆتەوە بە تاكە رێکخراوێكی كۆنكرێتی ستالینی و سەنتراڵی، چونكە ئەو مۆدێلە لەكاركردن پاشماوە و میراتی حوكمڕانییە شكستخواردوە دواكەوتووەكانی خۆرهەڵات بوون كە لەلایەن تاكە حزب و تاكە سەركردە و بنەمای ناوەندێتی حوكمڕانی داخراو و ئاڕاستەكراوەوە بەڕێوەدەبران، هەربۆیە لە دونیای سەردەم و دیموكراسی و لامەركەزی و فیدڕاڵی و فرە جەمسەری و ئابووری و بازرگانیی ئازاد و جیهانگیری و تەكنۆلۆژیا پێشكەوتووەكانی سەردەمدا، جێگەی ئەو بیروبۆچوونە كلاسیكییە داخرا و داخوراو و قەتیسبوانە نابێتەوە.
   بۆیە گرنگە لە كوردستانیش، چیدی پابەند نەبین بە كۆكردنەوەی هەمووان لە تاكە رێکخراوێكدا و دووربكەوینەوە لە ناوەندێتی بڕیاردان و دەست بگرین بەكاری رێکخراوەیی و پیشەییەوە لەسەر بنەمای فیدڕاسیۆنی و دیموكراسی و لامەركەزیەتی و ئازادانەوە كە هەمووان بتوانن توانا و وزەكانیان بەكاربخەن بۆ خزمەتی زیاتری چین و توێژەكانیان.

وتارەکانی نوسەر