هەڵسەنگاندنی بابەتییانەی هەفتەیادی یەكێتی و پێشنیاز بۆ داهاتوو

11:34 - 2024-06-13
له‌تیف نێروه‌یی
330 خوێندراوەتەوە

لەتیف نێروەیی*



ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو، یادی (49) ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە شێوەیەكی فراوان و سەرتاسەریی لە ماوەی (10) رۆژدا بەرز راگیرا، مەراسیم و هەفتە یادەكە بە ئاستێكی باش بەڕێوەچوون، بۆ هەڵسەنگاندنێكی بابەتیانەی یادەكە و دیاریكردنی لایەنە ئەرێنی و سەرنجەكان، لەڕێگەی ئەم راپۆرتەوە باری سەرنجی خۆمان پێشكەش دەكەین.

 

 

بەشێكی چالاكییە میدیاییەكانی بۆردی راگەیاندن تەرخانكرابوون بۆ مێژووی یەكێتی، بەتایبەتی رۆڵی سەرۆك مام جەلال


تایبەتمەندی و جیاوازییە ئەرێنییەكانی چالاكییەكانی ئەمساڵ خۆیان لەم خاڵانەدا دەبیننەوە: 

یەكەم ـ لە مەراسیمە رەسمییەكەی یەكێتیدا كە لە هاوینەهەواری دوكان بەرێوەچوو، بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو، زۆرترین حزبی سیاسی كوردستانی، توركمانی، مەسیحی، بەرپرسی حكومی، كەسایەتی جڤاكی و دیپلۆماتكاران و نوێنەرانی دیپلۆماسی تیایدا بەشداربوون.
دووەم ـ ئەمساڵ زۆرترین بروسكەی پیرۆزبایی لەلایەن حزب و لایەنە سیاسییەكانی عیراق، كوردستان، حزب و لایەنە سیاسییە مەسیحی و توركمانییەكان ئاراستەی سەرۆك و سەركردایەتی یەكێتی كران و رەنگدانەوەی كاریگەرییە ناوخۆیی و عیراقی و هەرێمییەكەی یەكێتی بوون.
سێهەم ـ زۆرترین چالاكی جۆراوجۆر لە ماوەی (10) رۆژدا لەلایەن ئۆرگانەكانی یەكێتییەوە ئەنجامدران، بەتایبەتی لەلایەن مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری، مەكتەبی رێكخستن و مەكتەبی شەهیدان و تێكۆشەران و مەڵبەندەكانەوە بوو.
چوارەم ـ ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی رابردوو، زۆرترین پانێل و دیبەیت و كۆڕی جەماوەری ئەنجامدران و تیایدا دیدگای یەكێتی لەسەر سێكتەر و بواری جیاواز خراونەتەڕوو وەكو (گەشەپێدانی ئابووری، جڤاكی مەدەنی، سۆشیال دیموكرات، حكومڕانی دروست، گرنگیی هەڵبژاردن، یەكێتی و خەباتی دیپلۆماسی، پێگەی یەكێتی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لایەنی كەلتوری و هونەری، خەباتی رێكخراوەیی، كەرتی پەروەردە، یەكێتی و خەباتی یاسایی، یەكێتی و شوناسی نەتەوەیی و نیشتمانی، یەكێتی و مژاری ژینگە، یەكێتی و پێكەوەژیان، رۆڵی ژنان لە ریزەكانی یەكێتیدا، یەكێتی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، هۆشیاریی تاك و چەند بابەتێكی دیكەی تایبەت بە خەباتی شاخ).
پێنجەم ـ رێزلێنان لە مەفرەزە سەرەتاییەكان، تێكۆشەرانی دێرینی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و نووسەرانی شاخ، بەشێك لە ژنانی شاخ، كرانەوەی پیشانگەی كتێب و خولی هۆشیاری و پیشانگەی فۆتۆگرافی تایبەت بە خەباتی شاخ و كۆمەڵێك فیلمی دیكۆمێنتەری و چەندین چالاكیی دیكە. 
شەشەم ـ ئەنجامدانی دیدار و وەرگرتنی پەیام لەگەڵ زیاتر لە (150) كەس لە كەسایەتیە سیاسییەكان و رۆشنبیرانی كوردستانی و عیراقی و نەتەوە جیاوازەكان سەبارەت بە رۆڵ و پێگەی مێژووییانەی سەرۆك مام جەلال و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.
حەوتەم ـ بەشێكی چالاكییە میدیاییەكانی بۆردی راگەیاندن تەرخانكرابوون بۆ مێژووی یەكێتی، بەتایبەتی رۆڵی سەرۆك مام جەلال و بڵاوكردنەوەی (20) فاسیلەی ڤیدیۆی تایبەت بە پەیامەكانی سەرۆك مام جەلال كە كۆی بوارەكانی ژیان و دیدگای مام جەلال ـ یان دەگێڕایەوە. 
هەشتەم ـ تەرخانكردنی بەشێك لە پەیامە میدیاییەكانی یەكێتی لەسەر ئێستا و ئایندەی یەكێتی و پێگە و رۆڵی یەكێتی لە گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان و عیراق، بەتایبەتی رۆڵی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی لە خەباتی دیپلۆماسی و چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسە نیشتمانییەكان بەگشتی، هەروەها دیدگای سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی و ئاراستەكردنی بۆ حكومڕانییەكی خزمەتگوزار و دادپەروەر.

كەموكووڕییەكانی هەفتە یاد 
بەدڵنیاییەوە ئەنجامدانی چالاكییە جەماوەرییە جۆراوجۆرەكان هەر لە شنگالەوە تا خانەقین بەبێ كەموكووڕی نابێت، بۆیە لێرەدا ئەو خەوش و كەموكووڕیانە دەخەینەڕوو، بۆ ئەوەی لە ئایندەدا سودی لێ ببینین و دووبارەیان نەكەینەوە.
یەكەم ـ نەبوونی هاوئاهەنگییەكی پێویست لەنێوان ئۆرگانە پەیوەندیدارەكانی یەكێتی. هەرچەندە بەر لە یادی دامەزراندنی یەكێتی ئێمە وەكو بۆردی راگەیاندن لەژێر رۆشنایی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری لەگەڵ ئامادەكردنی نەخشەرێگەی هەفتەیادی دامەزراندنی یەكێتی، كۆمەڵێك پێشنیازمان خستەڕوو، لەوانە هاوئاهەنگی لەنێوان لیژنەی باڵای ئامادەكارییەكانی یادەكە و مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری بۆئەوەی بتوانین لەرووی كات و تیم و لایەنی تەكنیكییەوە خۆمان ئامادە بكەین، بەتایبەتی لەرووی (تیمی میدیایی، پێداویستییە تەكنیكییەكان، هاوئاهەنگی نێوان سەرچاوە میدیاییەكان، دیاریكردنی كات) تا بەشێوەیەكی سەركەوتووانە بتوانین رووماڵی سەرجەم چالاكییەكانی سنووری هەموو پارێزگا و ئۆرگانەكانی یەكێتی بكەین، بەڵام بەهۆی نەبوونی هاوئاهەنگیی پێویستەوە زۆربەی ئۆرگانەكان بەجیا چالاكییەكانیان ئەنجامدا و لە رۆژی 1/6 دا كۆمەڵێك چالاكی گرنگ لە قەڵاچوالان، سەرگەڵو، سلێمانی، هەولێر، كەركوك، دهۆك، نەینەوا و سنووری هەموو مەڵبەندەكان و ئۆرگانەكانی دیكە لە یەك كاتدا ئەنجامدران. بەمەش بەشێك لەو چالاكییانە راستەوخۆ رووماڵ نەكران و سەرچاوە میدیاییەكانی سەربە بۆردی راگەیاندن نەیانتوانی لە یەككاتدا رووماڵی ئەو هەموو چالاكییە بكەن.
دووەم ـ هەروەك پێشنیازمان كردبوو كە ئەگەر چەند چالاكییەك لە رۆژی 1/6 دا ئەنجامبدرێن، ئەوا پێویستە كاتی ئەنجامدانیان جیاواز بێت و بۆ ئەو مەبەستە نوێنەری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری بەشداربێت لە لیژنەی ئامادەكارییەكانی یاد و مەراسیمەكانی تایبەت بە یەكێتی و دانانی خشتەی چالاكی و كاتی مەراسیمەكان بە هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ بۆردی راگەیاندن تا هیچ ئۆرگانێكیش فەرامۆش نەكرێت.
سێهەم ـ لەلایەكی دیكەوە لە یەك كاتدا لەناو شاری سلێمانی (4) چالاكی فراوانی جەماوەری لەلایەن (4) ئۆرگانەوە ئەنجامدران وەكو پانێڵ، كۆڕی جەماوەری، كردنەوەی پیشانگەی كتێب، دابەشكردنی كتێب، جگەلەوەی بەشێكی زۆری یەكێتییەكان لە بینینی ئەو چالاكییانە بێبەش بوون، لەهەمان كاتدا گرفتێكیشی بۆ رووماڵی سەرچاوە میدیاییەكانی دروستكرد. بۆیە گرنگە لە داهاتوودا بابەتی هاوئاهەنگی بە هەند وەربگیرێت و مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری راستەوخۆ رۆڵی هەبێت و لە لیژنە تایبەتییەكاندا و ئەندام بن لە دیاریكردنی كاتی ئەنجامدانی مەراسیم و چالاكییەكان بۆئەوەی ئەم جۆرە كەموكوڕییانە دووبارە نەبنەوە.
لەم پێناوەدا گرنگە لە ساڵانی داهاتوودا، ئەوە ببێتە نەریت کە رۆژی (1/6)  لە سەرلەبەیانییەوە تا نیوەڕۆ  تەرخانبکرێت بۆ سەردانی هەڤاڵانی یەکێتی و هاووڵاتیان بۆ سەر مەزاری هەڤاڵ مام جەلال و دووپاتکردنەوەی پابەندی و لە ئۆرگانەکانیش پێشوازی لە میوانان بکرێت.
*ئەندامی سەرکردایەتیی ی.ن.ک

وتارەکانی نوسەر