ڕاز، لەناو کەژاوەی چەپڵەڕێزانی سەرسامیدا

تێپەڕاندنی پێشبینییەکان

10:11 - 2024-06-23
پ. ی. د. کامەران محەمەد
509 خوێندراوەتەوە

لەسەر سەکۆ بێدەنگەکانی ئەکادیمیا، زۆرجار ساتەکانی درەوشاوەیی راستەقینە بەبێ دروستکردنی نمایشێکی گەورەی رووکەشییانە خۆی ئاشکرا دەکات و شوێنەوارێکی هەڵکۆڵراو لەسەر دڵی ئەو کەسانە بەجێدەهێڵن، کە شایەتحاڵی دەبن. یەکێک لەو ساتانەی کە چرایەکی لێهاتوویی و بوێریی هزریی بوو، پێشکەشکردنی توێژینەوەیەک بوو، کە دڵنیام وەک یەکێک لە گرنگترین مەشخەڵەکانی کاروانی ژیانی ئەکادیمیم دەمێنێتەوە.
لەنێو ئەو خوێندکارە بێشومارانەی کە بەردەوام لە راژەکردنیاندا بەپێوە راوەستاوم، فێرخوازێک هەبوو کە تواناکانی بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا پرشنگداربوو. ئەو ناوی (راز ئەسعەد)ە، فێرخوازێک کە گورجوگۆڵییەکەی هیچ سنوورێکی نەدەزانی و خۆبەخشییەکەی بۆ فێربوون ئیلهامبەخش و خاکییانە بوو. شانازی ئەوەی پێ بەخشیم کە پێکەوە دەست بە پڕۆژەیەکی توێژینەوە بکەین، کە نەک تەنها سنووری زانینمان تاقیبکاتەوە، بەڵکو کرۆکی هەوڵە زانستییەکەمان بخاتەڕوو.
هەڵکۆڵینی مێژوو لە گۆڕستانی چراکاندا
پڕۆژەکەمان، کە هەڵکۆڵینی مێژوو لە گۆڕستانی چراکاندا ( پشکدارییە شیعرییەکانی شێرکۆ بێکەس لە بە دۆکۆمێنتکردنی جینۆسایدی کورددا) بوو، ئەم توێژینەوەیە توێشوو و قوڵبوونەوەی هەردوو کایەی ئەدەب و مێژووی دەویست، راز بە تامەزرۆییەوە لەگەڵ ئەم ئاڵنگارییەدا مامەڵەی کرد. کاتژمێرەکان بوون بە رۆژ و رۆژەکان بوون بە مانگ، ئێمە لە ئەدەب رادەماین و گفتوگۆمان لەسەر هەناسەکانی ژیان و مێژوو دەکرد، ئارگومێنتەکانمان وردتر دەکردەوە. لێهاتوویی شیکاریی راز تەنیا لەنێو وشە و رستە و دەقەکاندا کورت نە دەبووەوە، بەڵکو ئەو ژیانی بە هەموو رەنگ و رەهەندەکانییەوە کردبووە پێوەر بۆ ئەوەی لە تەواوکارییەکانی نێوان ئەدەب و مێژوو تێبگات و ئەو رێژانە دیاری بکات کە ئەو دوو کایەیە تێیدا ئاوێزان و جودا دەبنەوە.
ترۆپکی هەوڵەکانمان ئەوە بوو لە (سێیەمین کۆنفرانسی جینۆساید و بونیادی ئاشتی) زانکۆی سلێمانیدا پێشکەش بکرێت، کە کۆبوونەوەی ژیرییەکان بوو، نەک هەر بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکەکان، بەڵکو بۆ ئاهەنگ گێڕانیش بەو کارە جوانانەوە کە تێیدا پێشکەشکران. لەگەڵ نزیکبوونەوەی رۆژی کۆنفراس، تێکەڵەیەک لە (دڵەڕاوکێ و ترس)م لە دەموچاوی رازدا بینی، ئەوەش سروشتییە بۆ هەر کەسێک کە  بە شەونخوونی و عارەقی نێوچاوانی پەرە بەهزرەکانی بدات، دواتر بێت و ئەو بیرۆکانەی لەنێو جەماوەرێکی جیاوازدا بخاتەڕوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ گومانێکم لە توانای درەوشاوەیی ئەو نەبوو.

 

چیرۆکی راز ئەوەمان بیردەخاتەوە بۆچی وانە دەڵێینەوە و کات و وزەمان لە ئاڕاستەکردنی نەوەی داهاتوودا وەبەردەهێنین؟ 

 

سەرسامی و رێزگرتنی راستەقینە
هۆڵەکە کۆمەڵێک لە پڕۆفیسۆر و مامۆستا و فێرخوازی زانکۆی تێدا بوو. لەکاتێکدا راز هاتە سەر ستەیجەکە، بێدەنگییەک باڵی بەسەر شوێنەکەدا کێشا، وەک ئەوەی هەمووان چاوەڕوانی بابەتێکی جیاوازبن، چونکە لە تەمەندا وەک بچووکترین کەسی نێو هۆڵەکە دەردەکەوت، بەڵام بەوپەڕی متمانەوە دەستی بە قسەکردن کرد، دەنگی جێگیر بوو، وشەکانی بە وردی هەڵبژێردرابوون. پێشکەشکردنەکەی ورد و روون و قووڵ بوو، چەمکە ئاڵۆزەکانی بە ئاسانی پێکەوە دەبەستەوە و بابەتەکانی بە وردی وێنا دەکرد. ئامادەبووان تەنیا گوێیان رانەدێرابوو، بەڵکو ئەوان بە سەرنجی وردەوە لێیان دەڕوانی.
کاتێک راز کۆتایی بە قسەکانی هێنا، ساتێک بێدەنگی قووڵ دروست بوو! پێش ئەوەی ژوورەکە بە چەپڵەلێدان دەنگ بداتەوە. ئەوە تەنها چەپڵە لێدانێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو ئاماژەبوو بۆ سەرسامی و رێزگرتنێکی راستەقینە. ئەو نەک هەر توێژینەوەیەکی پێشکەش کرد، بەڵکو گفتوگۆیەکی گەرمیشی هێنایە ناو هۆڵەکەوە، واتا ئاڵنگاری چەمکە پێشوەختەکانی کردبوو و هێزی 
توێژینەوەی پیشاندابوو.
گەورەبوونی شانازی
لەو چرکەساتەدا، شانازی لە ناخمدا گەورە دەبوو، نەک تەنها بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکەمان، بەڵکو بۆ ئەو گەشتەی پێکەوە ئامادەمان کردبوو. دەستکەوتی راز بەڵگە بوو لەسەر کارە جدییەکەی و ماندوبوونە هزرییەکەی و ئەو توانا بێ سنوورەی کە فێرکردن دەتوانێت بیبەخشێت و تاریکییەکانی پێ رۆشن بکاتەوە. لە کاتێکدا لە دەموچاوی ئامادەبووانی ناو هۆڵەکە رادەمام، هەمان سەرسامیم لە دەموچاوەکانیاندا دەخوێندەوە. تەنانەت مامۆستای پێشکەشکار راستەوخۆ سەرسامی خۆی بەبوون و بوێریی و دڵسۆزیی راز دەربڕی.
چیرۆکی راز بۆ ئێمەی مامۆستا لەلایەک و فێرخوازان لەلایەکی ترەوە، ئەوەمان بیردەخاتەوە، کە بۆچی وانە دەڵێینەوە؟ دواتر بۆچی کات و وزەمان لە ئاڕاستەکردنی نەوەی داهاتوو وەبەردەهێنین؟ پێشکەشکردنی (راز ئەسعەد) نیشانەیەکی جیاکەرەوە بوو، نەک تەنها لە کاروانی ئەکادیمی ئەودا، بەڵکو لە ژیانی منیشدا، ئەوە ساتێکە هەمیشە بە بەهاداری دەزانم و فێرخوازێکە بۆ هەمیشە شانازی پێوە دەکەم.

پێشکەشکردنی خەڵاتی رێزلێنان بە راز ئەسعەد لە سێیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی جینۆساید و بونیادی ئاشتی 

وتارەکانی نوسەر