سەمای مێژوو و جوانی

چۆن جوانی، مێژوو دروست ده‌کات؟

10:09 - 2024-09-15
پ. ی. د. کامەران محەمەد
322 خوێندراوەتەوە

 (مێژوو) و (جوانی) لە دوو دڵدار دەچن، کە بە هاوئاهەنگییەکی تەواوەوە له‌ناو کاتدا سه‌ما ده‌که‌ن، شوێنەواری هەنگاوە ئاڵۆزەکانیان هەموو گۆشەیەکی جیهان جێدەهێڵن. ئاماژەکردن بەوەی کە مێژوو خاڵییە لە جوانی، ئەوە چاوداخستنە لە ئاست ئەو شێوازەی کە ژیارەکان چۆن رۆحی خۆیان رژاندووەتە نیو ئافراندنەکانەوە، واته‌ بۆ نێو هونەر، تەلارسازیی، هۆنراوە، موزیک و فەلسەفە و ...تاد. (رەنگینیی شارە کۆنەکان) و (دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی) و (سەرنجڕاکێشیی کەسایەتییە قارەمانەکان) پەیوەندییە قووڵەکانی نێوان مێژوو و جوانی ئاشکرا دەکەن و ساتەکانی رابردوو بۆ شاکارگەلێکی نەمر دەگۆڕن. 
بۆ دۆزینەوەی ئەم پەیوەندییانه‌ نابێت ته‌نها لە ژیار یان کەلتورێکی دیارکراوه‌وه‌ بڕوانین، بەڵکو پەیوەندییەکە، کەلتورەکان تێدەپەڕێنێت، لە ئیمپراتۆرێتییە مەزنەکانی خۆرهەڵاتەوە تا دەگاتە کانگای فه‌لسه‌فه‌ و ته‌لاره‌ دێرینه‌کانی یۆنان و نەریتە دەوڵەمەندەکانی ئەفریقا و جوانییە لەبیرکراوەکانی هۆزە رەسەنەکانی ئەمریکا (هیندییە سوورەکان) و ... تاد. هەریەک لەو ژیارانە، بە شێوازی تایبه‌ت، جوانییان وەک بەشێکی بنەڕەتی لە (شوناس)ی خۆیان پاراستووە و لە تۆماری مێژوودا هۆنیوییانەتەوە.

جوانی بنەمایەکی هه‌تاهه‌تاییه‌
 لە خۆرهەڵاتدا جوانی لە مێژە بە (گونجان) و (هاوسەنگیی)ەوە پەیوەست بووە. بۆ نموونە (باخچە شکۆمەندەکانی فارسی کۆن) بە گونجانە سەرسوڕهێنەر و دیزاینە پڕ وردەکارییه‌کانیانەوە ناسراون، نەک هەر رووبەرێکی جوانن، بەڵکو سیمبولییشن، ئەوان نموونه‌ی بەهەشتی سەر زەوی بوون. ئەم باخچانە وەک (باغی فین)ی ئەفسانەیی له‌ کاشان، بۆ چێژی جوانی و ئارامیی رۆحی دروستکرابوون، ئەمەش ئەوە رووندەکاتەوە، کە چۆن جوانی سروشت بووەتە بەشێکی بنەڕەتی مێژووی فارس. شاعیری بەناوبانگی فارس، حافز، دەڵێت: (جوانی دەوری داوین، بەڵام دەبێت پیاسەیەک بە باخچەیەکدا بکەین، بۆ ئەوەی پەی پێبەرین). مێژووی فارس ئەوەمان بیردەخاتەوە، کە جوانی تەنیا چێژێکی کاتی نییە، بەڵکو بنەمایەکی هه‌تاهه‌تاییه‌، کە بە تێپەڕبوونی کات سەدای بەرزتر و ئاوازەکەی خۆشتر دەبێت. 
زۆرجار لە (چین)دا ئاهەنگ بە یادی (شانشینی تانگ)، وەک یەکێک لە سەردەمە زێڕینەکانی مێژووی چین دەگێڕدرێت، کە لەو ماوەیەدا جوانی لە ئەدەب و هونەر و فەلسەفەدا گەشەی کردووە. شاعیری تانگ (لی بای) ئەم پەیوەندییەی نێوان (جوانی) و (مێژوو)ی لە هۆنراوە سەرنجڕاکێشەکانیدا خستووەتەڕوو، کە تێیدا ئاهەنگی بۆ (سروشت) و (خۆشەویستی) و (گەشتی کورت خایەنی مرۆڤ لە ژیاندا) گێڕاوه‌. هەر لەم قۆناغەدا هونەری خۆشنووسی بۆ باڵاترین ئاستی خۆی بەرزکرایەوە، کە جلیوەی جوانی تەنها لە وشەکاندا نەبوو، بەڵکو لە چۆنێتی نووسین و وێناکردنیشیاندا بوو. هاوکات رژانی رەنگەکان بەسەر رووپه‌ڕی کاغەزەکاندا، بووە (تۆمارێکی مێژوویی) ژیارێک، کە جوانی وەک رێگەیەک بۆ گوزارشتکردن لە قووڵایی ئەزموونی مرۆڤ دەبینی. تەنانەت وێنەکێشانی دیمەنە سروشتییەکانی چینیش رەنگدانەوەی ئەم هاوسەنگییە بوون، کە تێیدا چیا و رووبار و هەورەکان بوونە خوازەیەک بۆ گەشتی مرۆڤایەتی بەنێو کاتدا.

تۆماری مێژوویی
 لە ژیارەکانی ئەفریقادا، (جوانی) و (مێژوو) لە میانەی نەریتی زارەکی و هونەر و سرووتەکانەوە تێکەڵ دەبوون. بۆ نموونە (شانشینی بێنین) لە خۆرئاوای ئەفریقا، بە پەیکەرە برۆنزییەکانی ناوبانگی دەرکردووە، کە (رووداوە مێژووییەکان) و (کەسایەتییە شاهانەیی) و (خوداوەندەکان) نیشان دەدەن. ئەم پارچە هونەرییە ئاڵۆزانە، تەنها هێمای سامان و دەسەڵات نەبوون، بەڵکو تۆماری مێژوویی بوون، کە دەستکەوتی پاشاکان و کۆمەڵگه‌کانی دەپاراست. جوانی ئەم شوێنەوار و پاشماوانە جیهانی بەتەواوی کەمەندکێش کردووە، ئەوە بەڵگەیەکی گرنگە لەسەر بلیمەتیی هونەری و گرنگیی مێژوویی کەلتورەکانی ئەفریقا. وەک نووسەری نەیجیری (چینوا ئاچێبێ) ده‌ڵێت: (هونەر هەوڵی بەردەوامی مرۆڤە، بۆ بەدیهێنانی سیستەمێکی جیاواز - لەوەی کە پێی دەدرێت - لە واقیع بۆ خۆی). لە رێگەی جوانییەوە ژیارەکانی ئەفریقا میراتێکی بەردەوامیان پێکهێنا، کە ئاڵنگاریی تێڕوانینە یۆرۆسەنتەرییه‌کانی مێژوو ده‌که‌ن.
 بە هەمان شێوە تەلارسازیی میسری کۆن - بە تایبەتی هەرەمەکان – ژیارێک ئاشکرا دەکات، کە بە قووڵی (وەبەرهێنان)ی لە جوانی وەک شێوەیەک لە شێوەکانی نەمریی کردووە. (گونجاویی) و (وردیی) و (گەورەیی) ئەم شوێنەوار و پەیکه‌رانە بە شێوەیەک داڕێژراون، کە تا دادانه‌وه‌ی په‌رده‌ی ژیان بەردەوام بن، ئەمەش رەنگدانەوەی باوەڕی میسرییەکان بە ژیانی دوای مردن و خواستی پاراستنی میراتی فەرمانڕەواکانیان لە میانەی جوانییەوە بوو. لە کاتێکدا ئەم شوێنەوارانە دوای هەزاران ساڵ بەرز و شکۆمەند وەستاون، ئەوەمان بیردەخەنەوە، کە چۆن جوانیی دەتوانێت ئاڵنگاریی تێپەڕینی کات بکات و وەک نیشانەیەکی هەمیشەیی دەستکەوتی مرۆڤایەتی بمێنێتەوە. 
هه‌روه‌ها لە یۆنانی کۆندا، مێژوو لە هەموو (شێوە)کانی جوانی دروست ببوو. ئه‌وان نەک هەر ستایشی جوانیی جەستەییان دەکرد، بەڵکو لەنێو فەلسەفە و سیاسەتیشدا ئاشکرایان دەکرد. ئەوان پارتینۆنیان دروستکرد، شوێنەوارێک کە وەک هێمای کامڵبوونی تەلارسازیی دەردەکەوێت، ئه‌وه‌ش رەنگدانەوەی دید و باوەڕیان بوو بە گەردوونێکی رێکخراو. ئەم سەرسوڕهێنەرەی مێژوو تەنها گوزارشت لە بەرد و مەڕمەڕ ناکات، بەڵکو ئەوە خەمڵینی جوانییە وەک (بنەمایەکی رێنمایکەر) بۆ شێوازی ژیانیان.

جوانی دەبێتە ئاوێنەیەک
 بە هەمان شێوە رێنێسانس، سەردەمی زیندووکردنەوەی هزر و فەلسەفەی کلاسیک بوو، سەرلەنوێ پێناسەی جوانی وەک کرۆکی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی کردەوە. کارەکانی (مایکل ئەنجێلۆ) بە تایبەت (پەیکەری داود)، هەم نموونەی ماددی جوانی و هەم تێکۆشانی مێژوویی مرۆڤایەتی بوو. ئەوەش تەنها سەرکەوتنی هونەرمەند نەبوو، بەڵکو جاڕنامەیەک بوو، سەبارەت بە شێوەی مرۆڤ وەک ڕەنگدانەوەی بەدیهێنانی خودایی. خودی (مایکل ئەنجێلۆ) پێیوابوو، کە: (هەموو گڵۆتە بەردێک پەیکەرێک لە ناخیدا هەیە و دۆزینەوەی ئەرکی پەیکەرتاشەکانە). بەمشێوەیە لە مێژوودا جوانی هەم دەبێتە ئاوێنەیەک کە دۆخی مرۆڤ پیشان دەدات و هەم مەشخەڵێک کە رێگەی بەرەو پێشەوەچوون رووناک دەکاتەوە.
هاوکات ئەگەر ڕوو لە ئەمریکا بکەین، بە تایبەت هۆزەکانی دەشتە پان و بەرینەکان و باشووری خۆرئاوا، تەنها وەک هۆکارێکی سەرسامیکردن لە جوانییان نه‌ده‌ڕوانی، بەڵکو وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ (خاک) و (گەردوون)دا تێگەیشتبوون. بۆ نموونە کارە ئاڵۆز و گڵکارییەکانی دانیشتوانی پویبلۆ، تەنها رازاندنەوە نەبوون، بەڵکو گرنگییەکی رۆحیشیان هەبوو، کە جیهانی سروشت و باوباپیران و خوداوەندەکانیشیان دەنواند. جوانی لە شوناسی کەلتوری و پەیوەستبوونیان بە مێژووەوە جیا نەدەکرایەوە. وەک سەرۆک (سیاتڵ) لە هۆزی دوامیش ده‌ڵێت: (تەنها یادەوەرییەکان وەربگرن، شوێنپێکان جێبهێڵن)، ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو رێزه‌ قوڵەیە کە دانیشتووانە رەسەنەکانی ئەمریکا بۆ خاکەکەیان هەیانبوو، هاوکات گرنگی بەجێهێشتنی میراتێکە، کە رێزی (جوانی) و (سروشت) پێکەوە بگرێت.

تێڕوانینەکانمان بەرامبەر بە مێژوو بگۆڕین
هەروەها دانیشتوانی نێو ژیاره‌کانی (ئازتیک) و (مایا)، کە دوو لە پێشکەوتووترین ژیارەکانی ئەمریکا بوون، جوانییان لەگەڵ تێگەیشتنیان سەبارەت بە گەردوون تێکەڵ کردبوو. پەرستگای (کوکولکان) کە بە (ئێل کاستیلۆ) ناسراوە، لە شاری چیچن ئیتزا لە مەکسیک، نموونەیەکی تەواو و بێ کەموکوڕییە بۆ ئەوەی کە چۆن (جوانی) و (مێژوو) لە ژیارەکانی ئەمریکای ناوەڕاستدا پێکەوە گرێدراون. ئەم هەرەمە تەنها کارێکی تەلارسازیی سەرسوڕهێنەر نەبوو، بەڵکو ساڵنامەیەک بوو، کە لەگەڵ ئەستێرەکان و وەرزەکاندا هاوتەریب بوو، تێگەیشتنێکی پێشکەوتووی مایاییەکانی دەربارەی کات و جوانناسیی پێشان دەدا. ئەم ژیارانە لە رێگەی پەرستگاکان و هونەر و مەڵبەندی بۆنەکانیانەوە مێژووی خۆیان لە دیمەنەکەدا هەڵکۆڵی، ئەوەیان بۆ سەلماندین، کە جوانی و مێژوو شانبەشانی یەکتر بەردوام دەبن.
دواتر ئەگەر تێڕوانینەکانمان بەرامبەر بە مێژوو بگۆڕین و باوەڕ بەوە بکەین، کە مێژوو بریتییە لە کارلێککردنی هەرسێ رەگەزی مرۆڤ و شوێن و کات، واتە ئەوەی لە ئەنجامی ئەو کارلێکردنەدا بەرهەم دێت، رەنگە زیادەڕەویی نەبێت، ئەگەر بڵێین کوردستان و ژیانی کوردەواری لێوان لێوە لە توخمەکانی جوانی، هەر لە سروشت و ژیانی سادە و ساکاریی مرۆڤەکان و هونەری دەوڵەمەند و تەنانەت خۆڕاگریی و دڵسۆزیی و ...تاد، کە رژاونەتە نێو دەفری مێژووەوە و شوناسی کوردییان پێکهێناوە. بۆ نموونە ئەگەر لە هونەری دروستکردنی فەرشی کوردی رابمێنین، کە پیشەیەکە بە حەزێکی جوانناسییانە دەچنرێت و بە قوڵایی مێژوودا رۆچووە و یەکێک بووە لە باشترین فەرشەکانی سەدەی نۆزدەهەم، کە هەناردەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کراوە. ئەو مێژووە چیرۆکی (خۆشەویستیی) و (لەدەستدان) و (مانەوە) دەگێڕێتەوە. ئەم شێوانە تەنها رازاندنەوە گەلێک نین لە جوانی، بەڵکو تۆمارێکی مێژوویین، جوانییەکی چنراون، کە یادەوەریی نەوەکانی له‌گه‌ڵ خۆیدا هەڵگرتووە.
 لە بەراوردکردنی ئەم ژیارە رەنگاوڕەنگانەدا ئەوە روون دەبێتەوە، کە جوانی زمانێکی جیهانییە و مێژوو لە رێگەیەوە گوزارشت لەخۆی دەکات. جا چ لە رێگەی هۆنراوەکانی شانشینی تانگەوە بێت، یان لە رێگەی پەیکەرە برۆنزییەکانی بێنینەوە، یان لە رێگەی هەرەمە سەرسوڕهێنەرەکانی هۆزە رەسەنەکانی ئەمریکا و میسرییەکانەوە بێت، جوانی تێگەیشتنمان بۆ مێژوو دروست دەکات. ئەوانە تەنها رەنگدانەوەی بەها کەلتورییەکان نین، بەڵکو ئامرازێکی بەهێزن، بۆ پاراستنی یادەوەریی و فێرکردنی نەوەکانی داهاتوو و بەستنەوەی رابردوو بە ئێستاوە.

هەرگیز جوانی ئاوا نابێت
لە کۆتاییدا (مێژوو) و (جوانی) بە قووڵی ئاوێزان بوون و پەیوەندییەکانیان لە تەواوی کەلتور و سەردەمەکاندا درکی پێ دەکرێت. لە شوێنەوارە گەورەکانی ژیارە کۆنەکانەوە تا دەگاتە شێوە وردەکانی پیشەسازییە دەستییەکان، جوانی هەم وەک تۆمارێکی دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی و هەم وەک رەنگدانەوەی قووڵترین بەهاکانمان بووە. لەگەڵ بەردەوامبوونمان لە گەڕان بەدوای ئاشکراکردنی رابردوودا، بەو راستییە ئاشنا دەبین، کە جوانی تەنها رازاندنەوەی مێژوو نییە، بەڵکو بەشێکی بنەڕەتییە لە چۆنێتی تێگەیشتنمان و پێکهاتنی جیهان.
بۆیه‌ لە هەر شوێنێک مێژوو هەبێت، ئەوا هەرگیز جوانی ئاوا نابێت. جا ئەو جوانییە، جوانی رۆحی مرۆڤ بێت، کە لە رێگەی هەوڵدان و خەباتەوە بەردەوام دەبێت، یان رەنگینیی دەستکەوتە هونەری و تەلارسازییەکان. بۆیە جوانی هێندەی ئەو رووداوانەی کە لاپەڕەکانی مێژوویان پڕ کردووەتەوە، مێژوویان دروستکردووە. ئەم پەیوەندییانەش تەنها پەیوەندییەکی جوانناسیی نین، بەڵکو واتای قووڵییان هەیە، وابەستەبوونێکی هەتاهەتاییە و ئەوەمان بیردەخاتەوە کە جوانییش وەک مێژوو، ئەو میراتەیە کە لە دوای خۆمانەوە بەجێی دەهێڵین. 

پەیکەری بەزەیی - مایکڵ ئەنجیلۆ

وتارەکانی نوسەر