کۆچ و شۆکی کەلتوریی لە روانگەی‌ کۆمەڵناسییەوە

11:01 - 2024-06-23
د. ئارام تۆفیق حەمەسەعید
137 خوێندراوەتەوە

لە دیارترین دۆخە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانی پەیوەست بە دیاردەی کۆچکردن بریتیە لە دیاردەی شۆکی کەلتوریی. ئەم چەمکە لە ساڵی‌ (1960)  لەلایەن کۆمەڵناس کالێرڤۆ ئۆبێرگ   (Kalervo Oberg) یەکەمینجار وەک چەمکێکی زانستی بەکارهێنراوە. شۆکی کەلتورییی، ئاماژەیە بە «نەخۆشیەک، دەردێکی پیشەیی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی کتوپڕ گوێزراونەتەوە بۆ دەرەوەی وڵاتەکانیان“. بەڵام ، پیدەرسۆن  (Pederson, 1995) پێی وایە کە شۆکی  کەلتوریی ئاماژەیە بە پڕۆسەی خۆڕێکخستنی بنەڕەتی، کاتێک کە تاکێک یاخود گروپێک خۆیان دەبیننەوە لە ناو ژینگەیەکی نائاشنادا. 
لە هەردوو دۆخەکەدا، شۆکی کەلتورییی بە وەڵامدانەوەیەکی ئاسایی مرۆیی بۆ ژینگەیەکی کلتوری نائاشنا دانراوە، کە دەتوانرێت چارەسەر بکرێت. لە دۆخی کۆچکردندا، کاتێک تاکێک لەناو کۆمەڵگایەکی تر، کولتوورێکی تر و بونیادێکی کۆمەڵایەتیی جیاواز لەوەی خۆی، خۆی دەبینێتەوە، رووبەڕووی ئەم شۆکە دەبێتەوە. هەرچەندە ئەم دۆخە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت بە رەچاوکردنی ئەزموونەکانیان. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، کاریگەرییەکانی شۆکی کەلتوریی لە چەند دۆخێکی دەروونی و کۆمەڵایەتیدا بەرجەستە دەبێت؛ وەک:  دڵەڕاوکێ، هەستی لە دەستدان و بێبەشبوون، رەدکردنەوە، رەدکردنەوە لەلایەن کەلتووری تازەوە، سەرلێشێوان لە پێناسەکردنی ئەرکدا، نیگەرانیی چاوەڕنەکراو و هەستکردن بە بێ دەستەڵاتی. 
دیاردەی شۆکی کەلتوریی، لە چوار قۆنا‌غی بەدوایەکداهاتوو پێکدێت. بۆ هەر کۆچبەرێک بەپێی ئاستی هۆشیاری، شارەزایی زمان و کەلتووری، ئاستی کاریگەرییەکەی دەگۆڕێت، هەنگاوەکان بریتین لە: 
قۆناغی یەکەم/  مانگی هەنگوینی‌  (Honeymoon)
ئەم قۆناغە لە هەفتەی یەکەمەوە تا شەش مانگ دەخایەنێت. کۆچبەرەکان کەلتووری تازە وەک ژینگەکی میواندۆست سەیردەکەن، هەندێکجار ئەزموونی کەلتووری تازە وەک پشوو سەیردەکرێت. لەدیدی کۆچبەرەوە، کولتوور و نەریتی وڵاتی میوان بەرز دەنرخێنرێت. لەبەرئەوە پێی دەووترێت مانگی هەنگوینی. 
قۆناغی دووەم/ بەشداربوون  (Involvement stage)
ئەم قۆناغە پێی دەوترێت قۆناغی شۆکی کەلتوریی، کۆچبەران لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا هەست بە قورسی دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتیەکانی ژیانیان دەکەن وەک (زمان، كڕین، بەکارهێنانی گواستنەوە و تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی). لەم دۆخەدا، خەڵک هەستێکی بەهێزی نەرێنیان  بۆ دروست دەبێت. هەستی گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان زیاد دەکات، هەروەها کاریگەری کەلتووری تازە کەم دەبێتەوە لە سەر بێگانەکان و پەیوەست بوون بە کەلتووری کۆچبەران زیاد دەکات.  
قۆناغی سێیەم/ دووبارە یەکخستنەوە(Reintegration) 
لەم قۆنا‌‌غەدا، ئیتر کۆچبەران دەست دەکەن بە قبوڵکردنی تەنگانەکانی کولتورە نوێیەکە، هەروەها بە چارەسەرکردنی کێشەکانیان، لەڕێگای فێربوونی زمان، قبوڵکردنی کەلتووری نوێ و دانوستانی گۆڕانکاری لە بەها و پێوانەکاندا، بە تایبەت پەیوەست بە پەروەردەکردنی منداڵ و پرۆسەی بەکۆمەڵایەتیبوون.  
قۆناغی چوارەم/ خۆڕێکخستنەوە  (Adjustment)
قۆناغی کۆتایی پرۆسەکە، کۆچبەران چێژ لە ئەزموونی ناو ژینگە نوێیەکە وەردەگرن. پێگەی کۆمەڵایەتی و پیشەیی خۆیان بەهێزدەکەن، بڕوابوون بە خۆیان زیاددەکات. بەتایبەتی لە پەیوەست بە کارلێکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ خاوەن ماڵەکاندا، ئەم پرۆسەیە یارمەتی کۆچبەران دەدات کە جێگری دەروونی و کۆمەڵایەتیان بۆ دروست ببێت، بەڵام هێشتا کۆچبەران، بێگانەن و نیگەرانی و ئاڵنگارییەکانی خۆڕێکخستنەوەیان ئامادەیی هەیە و لە چالاکیەکانی ڕۆژانەیاندا دەردەکەوێت. 
بە شێوەیەکی گشتی، سەڕەڕای ئەو کاریگەرییە نەرێیانەی کە شۆکی کەلتوریی بۆ کۆچبەرانی دروست دەکات، بەتایبەت بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە کەلتووری وڵاتی میوان جیاوازی بونیادی هەیە لە کەلتووری وڵاتەکانی خۆیان،  ئۆبێرگ پێیوایە کە دەکرێت ببێت بەقۆناغێکی گرنگ لە فێربوونی کەلتووری و گەشەسەندنی کەسێتی.
 بۆ کۆچبەرانی کورد.بەپێی دۆخی جیاواز، کاتی کۆچکردن، شێوازی کۆچکردن، وڵاتی بێگانە و بوونی گرووپی کۆمەڵایەتی کوردی ئاست و کاریگەریی و تەنانەت ریزبەندی قۆناغەکانی شۆکی کەلتوریی دەگۆڕێت. ئەم دیاردەیە بۆ کۆچبەرانی گەڕاوە بۆ وڵاتەکانی خۆشیان ڕاستە، پێی دەوترێت شۆکی کەلتوریی پێچەوانە. 

*مامۆستا لە بەشی کۆمەڵناسی 

 

تابلۆی (قیژە –هاوار)The Scream، ساڵی 1893 لە لایەن (ئێدڤارد مونچ) ەوە کێشراوە

وتارەکانی نوسەر