سازدانی: ئالان محەمەد جەزا
ماوەی چەند ساڵێکە هەڵمەتێكی چڕوپر هەیە بۆ سەوزكردنی چیای گۆیژە، ئێستا زۆربەی قۆناغەكانی سەوزكردنی تێپەڕاندووە بۆ ئەو مەبەستە فریاد تاهیر سەعید چاودێری پرۆژەی سەوزكردنی 200 دۆنم لەشاخی گۆیژە بەكوردستانی نوێی راگەیاند: لەسەر بودجەی كۆمپانیای ئاسیاسێڵ پرۆژەی سەوزكردنەكە جێبەجێ دەكرێت، كارەكانی لەلایەن رێكخراوی CDO وە جێبەجێ دەكرێت كە خۆی دەبینێتەوە لە 200 دۆنم زەویدا، پرۆسەی سەوزكردنەكە لە مانگی پێنجی 2020- وە دەستیپێكردووە و تا ئێستا بەردەوامە، سەرەتای كارەكە (64) كرێكارمان هەبوو، دەستمانكرد بە پاككردنەوە و دروستكردنی خەتی گرادۆنی و هەڵكەندنی چاڵ و ئامادەكردنی پەینی سروشتی و دانانی دووخەزانی ئاو كە 300.000 هەزار لیتر ئاودەگرێت لەگەڵ دانانی سیستمی ئاودێری بەشێوازی قەترە.
لەمانگی 11 هەمان ساڵدا دەستمانكرد بە چاندنی (22) هەزار نەمام كە پێكهاتبوو لە 14 جۆر وەك (سنەوبەر، سەروو، سنەوبەری ئەریزۆنیكا، سنەوبەری زاویتە، داری گلادیشا، بەڕوو، دارمازوو، چوالەی شیرین، چوالەی تاڵ، ئەرخەوان، ژاڵە، زەیتون، بەڵاڵوك، قەرەقاچ) پاشان دانانی جێڵ بۆ بنی نەمامەكان ئەم جێڵە ئاو خەزن دەكات لای خۆی لەكاتێكدا نەمامەكە وشك بووەوە ئەو ناهێڵێت و بەردەوام شێ بە ژێر نەمامەكە دەدات.
پاراستنی نەمامەكان
تەلبەندكردنی پرۆژەكە تەنها بۆ پارێزگارییە لە نەمامە تازەكان و سیستەمی ئاودێرییەكە و دانانی 38 خاڵی ئاگركوژێنەوە و ساڵانە 35 دۆنم سەوز بڕ دەكەین بە چواردەوری پرۆژەكان بۆئەوەی دووربێـت لە سوتان .
ئەو چاودێرە دەڵێت: ساڵانە بەردەوامین لە چاندنی نەمام لە جێگەی ئەو نەمامانەی وشك دەبن، پاچەكۆڵە و دەرمانكردنی بنی نەمامەكان بە سەمادی 50+50+50 NPK
هەروەها وتی: ئەگەر چی گرێبەستەكە بۆ پرۆژەكە لە لایەن ئاسیاسێڵ-ەوە تائێستا تازە نەكراوەتەوە، بەڵام كاركردن لە پرۆژەی سەوزكردنەكە بەردەوامە لە تێچووی پرۆژەكە لەسەر رێكخراوی سی دی ئۆ، بەڕاستی ئەمە بووە بە بەبارگرانیەك بۆمان، هەموو هەفتەیەك بۆ ئاودان پێویستمان بە (1750000) هەزار دینارە كە داواكارین كاك ئاوات قائیمقامی سلێمانی وەک چۆن خۆی لە نزیكەوە سەرپەرشتی پرۆژەكە دەكات، هەوڵی جدیتر بدات بۆ نوێکردنەوەی پرۆژەكە لەلایەن كۆمپانیای ئاسیاسێڵەوە بۆئەوەی ئەو خزمەتەی كردوومانە بە چیای گۆیژە بەردەوام بێت.
چەندین كۆمپانیا بەشدارن
بەپێی بەدواداچوونەکانمان چەندین كۆمپانیا ئەركی سەوزكردنی چیای گۆیژەیان گرتۆتە ئەستۆ، لەوانە گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان دەستیانکردووە بەسەوزکردنی (240) دۆنم زەوی لە شاخی گۆیژە و زیاتر خزمەتكردنی ژینگەی شاری سلێمانی، هاوکات چەندین دۆنم زەوی لە شاخی گۆیژە لە ئەستۆی كۆمپانیاكانی ماس و تان و پۆ-ش بەهەمان شێوە كارەكانیان بەردەوامە بۆ سەوزكردنی چیای گۆیژە.