ژن و ژینگه‌

12:49 - 2024-06-23
كامه‌ران حەمه‌ صالح *
126 خوێندراوەتەوە

له‌ دوای راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه ‌و سه‌قامگیری خه‌ڵكی كوردستان ورده ‌ورده‌ ده‌ستكرا به‌ ئاوه‌دانیی له‌ شار و شارۆچكه‌ و گونده‌كاندا، ژنی كورد بێ‌ به‌ش نه‌بوون لەو‌ كارانه‌ی‌ پێیان سپێردراوه،‌ زۆرێک له‌ ژنان رۆڵێكی گرنگیان بینی كه‌ به‌هۆی باری سیاسی و ئابووری هاتنه‌ مه‌یدان له‌گه‌ڵ پیاوان شان به‌ شان كاری رۆژانه‌یان ده‌كرد.
ژنان هه‌وڵیان ده‌دا له‌ گۆڕه‌پانی ململانێی پیاواندا ئه‌وانیش رۆڵێكی كاریگه‌رببینن، چ له‌ كاری حكومیی و به‌ڕێوه‌بردن، چ له‌ كاری سیاسی، بۆیه‌ ورده‌ ورده‌ ژنان زیاتر ده‌ركه‌وتن، رۆڵی وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ر و
سه‌ركردایه‌تی یان پێ‌ سپێردراوه‌ كه‌ پاڵپشتیی زۆریان ده‌كرا به‌ تایبه‌ت له‌ مێژووی كوردا، بۆ نموونە هەڤاڵ مام جه‌لال رۆ‌ڵێكی زۆر گرنگی ده‌بینی له‌ هێنانی ژنان بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیان و په‌ره‌پێدانی كه‌رتی ئابووری و پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و خێرخوازی و كاری گرنگ كه‌ سوودی هه‌بێت بۆ نه‌وه‌كان و گه‌نجانی وڵات، هاوکات ژنان رۆ‌ڵێكی گرنگیان بینی له‌ ژینگه‌ی كوردستاندا هه‌ر له‌ دروستكردنی باخچه ‌و پارك و‌ سه‌وزكردنی دارستان له‌ شارو شارۆچكه‌كان، كاتێك خاتوو كافیه سلێمان‌ وه‌زیری شاره‌وانی بوو له‌ كابینه‌ی یه‌كه‌می حكومه‌تی هه‌رێم، پێشنیاری بۆ به‌ڕێز مام جه‌لال كردبوو سه‌ربازخانه‌ هه‌یه‌ له‌ شاره‌كانی كورردستان بیکەنه‌ پارك و باخچه‌، هه‌روه‌ك یه‌كه‌م كه‌س بوو به‌ردی بناغه‌ی پاركی ئازادی له‌ سلێمانی دانا، ئه‌و پاركەی‌ بۆته‌ جوانترین پارك و سه‌وزایی له‌ شاری سلێمانی، زۆر له‌ پاركه‌كانی تری ناو كوردستان .

 

ژن و ژینگه‌ دوو پێكهاته‌ی دانه‌بڕاون لە یەک، بۆیە پێویستە ژنان لەو جۆرە‌ پۆست و پله‌ و كارانەدا دابنرێن تا ژینگه جوانتر بكه‌ن

 

 

هەروەها هێرۆخان رۆڵێكی زۆر گرنگی ده‌بینی له‌ سه‌وزایی شاردا و به‌رده‌وام پشت و په‌نای ئه‌و ستافانه‌بوو كه‌ هه‌وڵیان ده‌دا بۆ سەوزکردنی باخچه‌کانی گه‌ڕه‌كه‌كانی شار و شارۆچكه‌كان، به‌ تایبه‌تی له‌ شاری سلێمانی‌ رۆڵێكی گرنگی هه‌بوو له‌ پڕۆژه‌ی گه‌نجان بۆ ژینگه‌ و پاراستنی و زیادكردنی دارستان .
جگەلەوانە د. سه‌رباخ هه‌وڵێكی زۆری دا به‌ دروستكردنی گه‌وره‌ترین باخچه‌ی رووه‌كیی له‌ هه‌واری شار، كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ كوردستان ئه‌و پرۆژه‌یه ‌کە بە  « BOTANICAL GARDEN» ناودەبرێت دروست كرا، هەروەها ژنانی وه‌ك نه‌سرین عوسمان و ئاواز جەلال و نیشتمان مەجید سوڵتان، فایزه ‌خان، به‌ناز خانی چوارباخ، خۆشی خانی نه‌مامگە، خه‌رمان خانی هه‌واری شار، دڵخۆشی وه‌ستا ئه‌مین و هۆزان خان. ئەمانە ئه‌و ژنانه‌ بوون كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی سلێمانی به‌شێك له‌ دروست كردنی باخچه‌ و چاندنی دار و درەخت و سه‌وزاییان پێ سپێردرابوو، به‌رده‌وامیش له‌ خزمه‌تی ژینگەدا ‌بوون، بۆیه‌ ژنان هه‌ر له‌ مێژه‌وه‌ ر‌ۆڵیان بینیوه ‌و توانیویانه‌ له‌ دوای ئارامی
نیشتیمانه‌كه‌مان خزمه‌ت بكه‌ن و به‌ سه‌وزایی شار دیار بن. 
کەواتە دەکرێت بڵێین ژن و ژینگه‌ دوو پێكهاته‌ی دانه‌بڕاون لە یەک و رۆڵێكی گرنگ ده‌بینن، بۆیە پێویستە ژنان لەو جۆرە‌ پۆست و پله‌ و كارانەدا دابنرێن تا ژینگه جوانتر بكه‌ن.
*كامه‌رانی باخچه‌كان

وتارەکانی نوسەر